ھێز نییە بتوانێت کورد لە سەربەخۆیی پاشگەز بکاتەوە

ھێز نییە بتوانێت کورد لە سەربەخۆیی پاشگەز بکاتەوە
لکاندنی باشووری کوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە، دوای دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٢١دا، ھەڵەیەکی مێژویی بوو، ھاوکات ستەم و تاوانێکی گەورە بوو بەرانبەر نەتەوەی کورد، لەوساوە تا ھەنووکە، برینی کورد کراوەیە و خوێنی لێ دەتکێ.
کورد لە ھاوڵاتیبوونی بە عێراقی نەک ھەر سوودمەند نەبووە بەڵکو بە درێژایی مێژوو زیانی پێگەیشتووە، حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراق، بە حکوومەتەکانی دوای لەناوبردنی رژێمی سەددامیشەوە، تا بۆیان کرابێت ھەموو جۆرە ستەم و نادادپەروەری و تاوانێکیان دەرھەق بە کورد ئەنجام داوە ھەر لە جێبەجێنەکردنی بەڵین و رێکەوتنەکان، گرتن، کوشتن، داگیرکردن و دەرکردنی کورد لە خاکی خۆی، تاڵانکردنی سەروەت و سامانی، کیمیاباران، ئەنفالکردن و ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی، ھەر بۆیە گەلی کوردستان بەو واقیعە رازی نییە، کە خاک و نیشتمانەکەی بە بێ ویست و ئارەزووی خۆی بە وڵاتێکی دیکە بلکێندرێت.
ئازادی وەک ئامانج و ستراتیژێکی نیشتمانی ئەو پرسە گرنگ و چارەنووسسازەیە کە ئاواتی ھەموو کورد و کوردستانیەکە، کەس ھێندەی کورد باجی سەربەخۆی نەداوە و تا کوردیش نەبێتە خاوەنی دەوڵەت کوردستان سەقامگیری یەکجاری بەخۆوە نابینێت، بۆیە ناکۆکیە سیاسیەکان ھەرچی بێت ناکرێت تێکەڵی ئەم پرسە بکریت.
نەتەوەی کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی تا ئێستا دەوڵەتێکی سەربەخۆی یەکگرتووی نییە ھەرچەندە بەردەوام کورد لە بەرخودان و شۆڕش و راپەڕین دابووە بۆ ئەوەی بتوانێت لە خاکەکەی خۆیدا بەسەربەخۆیی و دوور لەدەستی داگیرکەر ھاوشانی نەتەوەکانی تری جیھان بژیت، لەم پێناوەشدا خەباتی درێژە پێ داوە بۆ ئەوەی بۆ جیھانی بسەلمێنێت، کە گەڵی کورد ئازادیخوازە و ئاشتی دەوێت، لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجەش کۆڵ نادات و دەست لە بیر و باوەڕی خۆی ھەڵناگرێت، سەربەخۆیی لە ناو مێشک و ناخی ھەموو تاکێکی کوردستاندا چەسپیوە، ھیچ ھێزێک نییە بتوانێت قەناعەتی کورد بەرانبەر سەربەخۆیی بگۆڕێت.
رژێمی عێراق لە دەیان ساڵی پێڕەوکردنی سیاسەتی تاکرەوانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد دا نەگەیشتە ھیچ دەرەنجامێک، تاکە رێگەش کە بەکار نەھاتووە وتوێژی راستگۆیانە و داننان بە ماف وجودی کورد بووە.

Top