چارەنووسی کوردستانیان

چارەنووسی کوردستانیان
لە ڕۆژی شکۆمەند و دیرۆکیی (٢٥/٩) کوردستانیان چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان نەخشاندیان.
دیارە ئەمە یاسای سروشتە، و زەردەشت نزیکەی (٤٢٠٠) ساڵ لەمەو پێش ئەو بیرۆکەیەی ھێنایە نێو ئەدەبیات و فەلسەفەی ژیان و سیاسەت و کۆمەڵایەتی و تایبەتی تاک و نەتەوەکان، و دواتر ئەو بیرۆکەیە ئەمرۆکە خۆی لە یەکێک لەو بنەمایانەی ژیانی سیاسی ھاوچەرخ دا دەبینێ کە ڕۆژئاوا خۆی بە خاوەنی دەزانێ و بریتیە لە دیمۆکراسی، و لە بنەڕەتدا لە داھێ،انەکانی ئەو پەیامبەرەی کوردی مێدی یە.
ئەو یاسایە ئەگەرچی نەگۆڕە، بەڵام فاکتەری خراپ، یان ئەوەی وەک زەردەشت بە ناوی ئەھریمەن ناوزەدی دەکات، جار نا جار دەبێتە کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم سەرگرتنی. ھەڵبەت ئەو کاریگەرییە ھەمیشەیی نیە، بەڵکۆ کاتیە، تاو ئەو کاتەی تاک یان نەتەوە خۆی بیەوێ خۆی لەسەری بڕوات و خۆی بیەوێ لە بندەستی بمێنێ یان خۆی لەو بندەستیە ڕزگار بکاتن.
بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە کەس و نەتەوەیەک ھەبێ بە تێنەگەیشتن لەو یاسایانە و نھێنی کات و دەم، تووشی ھەڵە ببێ، و ڕەفتاری ناوازە و یان ناڕاست و لادراو بگرێتە بەر و بەھۆیەوە ببێتە ھۆکاری تێکچوونی شێرازەی ئەو پرۆسێسە و لەڕێ بەدەرکردنی و تێکدانی بە یەکجاری.
نموونەی خەنجەر لە پشتەوە وەشاندنی ئەم دواییەی نەیاران و حەسوودانی ناوخۆیی و دەرەکی، و ھەڵکردنی چرای سەوز لە لایەن ئەو کەس و وڵاتانەی خۆیان بە پشتەوانی دیمۆکراسی پیشان بدەن، ھەموویان جۆرێکن لەو کۆسپانە، کە تاوەکو ئەو شەمندەفڕە جارێکیتر دەخرێتەوە سەر سکەی خۆی، زۆر ماندوومان دەکات و لەوانەیە زۆر کەس بە ھۆیەوە ڕەشبین یان قۆربانی ببن، بەڵام نھێنی زووتر سەرگرتنی تەنھا لە یەکگرتن و بەکڕیزییی نیشتمانی، و پەند و وانەوەرگرتنە لەو خەنجەروەشاندن و خەنجەروەشێنەرانەی نابەرپرس بەرامبەر بە خۆێنی شەھیدان و فرمێسکی منداڵان و دایکان و ھەموو قۆربانیەکانمان، ڕوویی خۆیان تەنھا و تەنھا بە ھۆی ھەڵگرتنی ڕق و کینەیەکی چەندین ساڵەی نەخۆشدەروونیانەیان و حەسوودی لە بەختەوەری و خۆشبەختی و تەبایی و یەکگرتنی ڕێزەکانی ئەم نیشتمانە، لە بەردەم لاپەڕە ھەمیشەییەکانی مێژوو ڕەش و ڕیسوا و شەرمەزار کرد. ئەوان دەبێ وەک ئەوانەی پێش خۆیان ھەمان ھەڵەیان کرد تا کۆتایی ژیان بیر لەوە بکەن بۆچی وایان کرد و دواتر دان بەوە بنێن کە " گەورەترین ھەڵەم ئەو ڕۆژە بوو کە .... "!!
بەڵام بە لێبۆردنی کەسێک و دووان و سێیان گۆناھی ئەو تاوانانەی ناسڕێتەوە چونکە بەھۆی ئەو ھەڵەیە ھزاران تاوان دژی ئێمەمانا کرا و دەکرێ، بۆیە ئەگەر کەسانێک لەو تاوانبارانە خۆشیش ببن ئێمە ھەرگیز و تا ڕۆژی چوونە ژێر گڵ لێیان خۆش نابین. با پشتڕاستبن، خیانەتیان یەک پاداشتی ھەیە و ئەویش دۆزەخە نەک ھیچ شتێک و شوێنێکی دیکە. پیرۆزتان بێ! ڕق و قینی کەسان بەختەوەری ناھێنێ، بەختەوەری خۆت و نەتەوەکەت لە خۆبۆردەییە کە ئەمڕۆ پێشمەرگەی قارەمان سیمبۆلییەتی.





Top