خەمۆکیی سیاسی حکومەتی ناوەندی و ڕیفراندۆمی کوردستان

خەمۆکیی سیاسی حکومەتی ناوەندی و ڕیفراندۆمی کوردستان
بە پێداچوون بە ھەموو بیرکردنەوە و ڕەفتار و کردارەکانی بەغدا، و بە تایبەت لەوەتەی بە ھێز و گەرم و گۆڕبوونی بیرۆکەی ڕیفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی زانیویەتی و زانی کە ئەمە گەمەیەکی سیاسی نیە، گشت نیشانەکانی خەمۆکیی سیاسی بەغدا لە سەر ئاستی دەستھەڵات و تاکە سیاسییەکان بەدیدەکرێ.
بێ ئۆمێدی و ڕەشبینی سیاسی، کە خۆی لە سەدان ڕەفتاری ھاوشێوەی بەرزی ئاستی گەندەڵی لە دامەزراوەکانیدا، و کڕینی ھزاران یەکەی نیشتەجێبوون لە دەرەوەی وڵات و ئەورۆپا، کە خۆی ئاماژەیەکی ڕوونە بە نائۆمێدبوونیان لە سەرگرتنی دەستھەڵاتیان و لاوازی ئاستی سەرپێبوونی نێشتمانی لایان، و ھەروەھا تام و چێژوەرنەگرتن لە کار و سیاسەت و دەستھەڵات و خزمەتکردن، و بایەخ نەدان بەو کارە و چاڵاکییەکانیان، و بێزاری و ماندووبوون و وەرەزبوونیان لە بازرگانیکردن بە سیاسەت و ئایین و تایفەگەری، و لە ھەمان کاتدا گلەیی بەردەوام لە ئازار و ژانەکانی خۆیان بە بێ ئەوەی ئەو ژانانە ھیچ ھەوڵێکی جدی بۆ چارەسەرکردنیان بدرێتن یان خۆیان ئەو کارە بکەن، و تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانیان و بەتایبەت لەگەڵ یەکێک لە بەھێزترین پشتەوانەکان و ھاوبەشی سەرەکیی دەستھەڵات و دەستکەوتەکانی کە کوردەکان بن، و بە پێچەوانەوە پشتبەستن بە کەسان و لایەن و وڵاتانێک کە تەنھا ئەوان بۆ مەرەمی تایبەتی خۆیان بەکاردێنن، و تەنانەت بڕواشیان پێنەماوە، و لە ھەموو ئەوانە زیاتر مەترسیدارترین ھێما و نیشانەکانی ئەم خەمۆکییەش (depression) ھەوڵەکانی چەند کەسێکی دیار و لایەنی ئەو حکومەتەن بۆ تەسلیمکردنی چەکێکی قۆرس و بەجێھێشتنەوەیان بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعشیان و بەگژ کوردستان بەردانیان، و ئێستاش و بەرلە (٢٥/٩) بڕیارەکانی وەک دژایەتیکردنی ڕیفراندۆمی کوردستان لە لایەن دامەزاروەیەکی فەرمی وەک حکومەت، و زۆر بڕیاری نابەجێی ھاوشێوە، کە لە زانستی دەروونناسیدا ھاوشێوەی ھەوڵەکانی خۆکۆژیانە سەیر دەکرێن، چونکە یەکەم جووڵە ھیچ ئەنجامی نەبوو جگە لە ڕیسوایی چەند بەرپرسێکی دیاری ئەو حکومەتە بۆگەنە دیکتاتۆرە، و جووڵەی دووھەمیش ھەوڵێکیتری خۆکۆژییە کە دوور نیە ئەم جارەیان نەک تەنھا وڵاتەکەی خۆیان بەڵکۆ ئێران و تورکیا و سووریاش لەگەڵ خۆی دا ژێر ئاو بنێتن !
و باشترین چارەسەری بۆ ڕزگاربوونی لەو خەمۆکییە سیاسییە (political depression) چۆکدادانە لە بەرامبەر ئیرادە و ویستی کوردستانیان، و داننانە بە مافە ڕەوا و خۆاپێدراوەکانی وەک سەربەخۆیی ئەوان، و ڕازیبوونە بەوەی کە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرمووتن : " دوو دراوسێی باش "، بین، و ڕێز لە بوون و کەرامەت و شکۆ و پرستیژ و داب و نەریت و بەھا و کەلتوور و فەرھەنگ و پیرۆزییەکانی یەکتر بگرین، تا ھەڵەکان و کارەساتەکانی ڕابردوو دووباەر نەبنەوە. *پرۆفیسۆری ە. / پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top