زیزبوونی سیاسی دوای ڕیفراندۆم

زیزبوونی سیاسی دوای ڕیفراندۆم
ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستانیان، دیاردەیەکی دەگمەنی بێ وێنەی سیاسی، و لە ھەمان کاتدا وەرژەرخانێکی مێژوویی و گرنگی زۆر لایەن و بە تایبەت سایکۆلۆژیای تاکی کوردەواری، و بە تایبەت تڵسمی یەکێک لە گرێ کوێرە دەروونییە لە مێژینەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و سایکۆلۆژیای تاکەکانی ڕووخاند، کە ئەویش تێکدانی ھاوکێشەی بەقۆربانیبوونی دۆزی کوردی لە ژێر ھەڕەشەی دیاردەی کۆمەڵایەتی-سیاسی خیانەتە، کە سەدان ساڵی ڕابردوو ببوو بە بەشێک لە مێنتالیتەمان و ھەمیشە و ھەر جار خەونەکانمانی تێکدەدا. چونکە ئەو ڕیفراندۆمە ھەموو تاک و لایەن و بیروباوەر و ئاراستە ھزری و فەلسەفییەکانی جیاوازی کوردستانی کردە یەک بەرە و ئەوەش گەورەترین دەستکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی ھاوچەرخە لە دۆزی کوردستانیان، و جێگەی شانازییە بۆ ھەتاھەتایە، و دیتنی وێنە و دیمەن و دۆکیۆمێنتەکانی تایبەت بە ڕیفراندۆمی (٢٦/٩/٢٠١٧) دوای سەدان و ھزاران سالیتر، بۆ ھەر کوردێک و کوردستانیەک جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشی دەبێ.
ئەگەرچی ماوەیەکی پێش و دوای دەنگدانیش، چەندین گۆڕانکاری ڕوودەدەن، چ لەسەر ئاستی کۆمەَلایەتی و چ لەسەر ئاستی سیاسی. گرنگترینیان خاوبوونەوەیەکی کاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی نیۆ کوردستانیان، کە دەکرێ ناوی لێبنرێتن "قۆناغی کۆمۆن"، و تیایدا تاک و پارتەکان چاوەڕوانی کاردانەوەی تاکی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ناخۆیی و ناوچەیی و جیھانی دەکەن، و جۆرەھا ھەست و ھەڵچۆن لە خۆی دەگرێ، کە لە تاک و گرووپێک بۆ ئەوەی تر جیاوازە، و لە نێوان ترس و مەندەھۆشی و سەرسۆڕمان و ھەیەجان و شادی و دڵەڕاوکێ دایە، و ئەوەش شتێکی ئاسایی و سروشتییە، و سەرباری جیاوازییان بەڵام لە ڕەفتارەکانی تری بچووک و گەوەری دیکەش دا ئەو چەندە بەدیدەکرێ.
لە نزیکترین ساتەکانی پێش و دوای ڕیفراندۆم، دیارترین ھەڵچوونەکانی دژی ڕیفراندۆم جۆرێک دەربڕین و کاردانەوەی سیاسی بوون و دەبن، و لە ھەندێ تاک و پارت و لایەن و وڵاتانی جیھانی و ناوچەیی و بە تایبەت حکومەتی بەغداد دەبینرێتن، کە ھاوشێوەی ڕووداوە خێزانیەکانە، و جۆرێکە لە زیزبوونی سیاسی، کە بەشێکی ئاسایی کاردانەوەی سیاسی ئەو لایەنانەیە بەرامبەر بەم ھەنگاوە دیمۆکراسییە پیرۆزەی کوردستانیان، و بریتیە لە ساردی و سڕبوونەوەیەکی کاتی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمدا، کە ماوەیەکی کۆرت و یان درێژتر دەبێ و بە پێی کات و بیرکردنەوەیەکی لۆژیکانەتر و دووربینانەی زیاتر، پەیتا پەیتا ھێور دەبن.
کاردانەوە و گۆتار و ھەندێ لە ھەڕەشەکانی وەک ڕاگرتنی گەشتی فڕۆکەوانی یان پەخشی کەناڵێکی وەک ڕووداو(RUDAW) لە (Turk sat)، یان " داننەنان بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم لە لایەن بەغداوە"، یان " مانۆرە لەشکەرییەکان"، یان " بڕۆبیانۆی ئیسرائیلیبوونی ئەم ڕیفراندۆمە لە ھەندێ تاک و پارت و لایەن و وڵاتەوە"، و یان ھەر ڕەفتارێکی ھاوشێوەی گەورە و بچووک، ھەموویان ئەو شتانەن کە سەرۆک بارزانی زۆر ڕاشکاوانە و بەر لەو پرۆسێسە کەم و زیاد ئاماژەی پێدابوون و کوردستانیانی لێی ئاگادارکردبوون، بەشێکن لەو زیزبوونەی سیاسی ئەو لایەنانە، کە بێگۆمان دوای ماوەیەکیتری نادیار گۆڕانی بەسەردا دێتن، چونکە ئەو ھەڵچوونە کاتیە و کاردانەوەیە دواتر جێگەی خۆی دەداتە بیرکردنەوەیەک لە بەرژەوەندییەکانی درێژخایەنتری سیاسی و ئابووری و لەشکەری، و لەوانەش گرنگتر سایکۆلۆژی، کە ئەوانەی لە ئاییندەی خۆیان و وڵاتانیان دەترسن و تیرۆر بە ھەڕەشەیەکی مەزن و ھەمیشەیی دەبینن، ئەو کات بیر لەوە دەکەن کە تەنھا ھێزێک کە بتوانێ ئەوان بپارێزیتن کوردستانیان و ھێزی پێشمەرگە دەبن، بۆیەش نەچار دەبن دان بەو وڵاتە بنێن کە بە دەست و بازوو و خوێنی پێشمەرگەی قارەمان سنوورەکانی دەستنیشانکراوە و پارێزراوە. چونکە ئەوان لەوە تێدەگەن ئەگەر بە پێچەوانەوە ڕەفتار بکەن، و پێشمەرگەی کوردستان سنوورەکان ئاوەلا بکاتن ئەو ترسەی کە تورکیا وەک " گۆرگ و گیسکی ھەیاس" ئەورۆپای پێ دەتۆقاند، سەد ئەوەندە زیاتر دەکاتن. ئەو کات لێشاوی تیرۆر بە ھەموو جۆرەکانیەوە زۆر بە ئاسانی ڕوو لە باکوور و جیھان دەکاتن و کارەساتی زۆر گەورە دروست دەکاتن.
لە ئەنجامدا، ھەموو لایەنەکان نەچار دەبن دەست لە زیزبوونی سیاسی خۆیان ھەڵگرن، و بە شانازییەوە دان بە مافی ڕەوای کوردستانیان بنێن و نەبن بە کۆسپ بۆ ئەوەی ئەو کوردستانیانەی وڵاتێکی وەک کوردستانیان لە ژێر یەک سیبەر کۆیان دەکاتن تا بە ئازادییەوە و بێی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و نەژادی و ناوچەیی، ببن بە نموونەیکی پێکەوە ژیانێکی بەختەوەرانەی شیاوی مرۆڤێکی دەرووندروست و پاک و بێگەردی ئازادیپەرێست، کە سەرەتایەکەی خۆی لەو دیمەنە جوانانە دا وێنا کردی کە ئاپۆرەی کوردستانیان بە بێی جیاوازییەکانیان بە جۆش و خرۆشێکی برایانە ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان دەکرد و دەنگیان بە ئازادی خۆیان و داھاتوی خۆیان دا، و گۆتیان " بەڵێ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی "، و " نە بۆ بندەستی و مەوالیبوونی شۆڤینیەت و داگیرکەرانی دەمارگیر".
*ئەڤ بابەتە ل رۆژناما (خەبات) ژمارە(٥٣٦٦) ل بەرپەڕێ(٦) و ڕێکەفتی(٢/١٠/٢٠١٧) ھاتیە بەلاڤکرن.
*پرۆفیسۆری ە. / پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top