بە دەنگدان بە بەڵێ شانازیتان تۆمارکرد( سایکۆلۆژیای ئازادی لە ناخی مرۆڤدا)

بە دەنگدان بە بەڵێ شانازیتان تۆمارکرد( سایکۆلۆژیای ئازادی لە ناخی مرۆڤدا)
ئەگەر چی بەھای بێسنووری دەنگتان لە لابەلای وشە و چەمکە تڕۆھاتەکانی یەکپارچەیی، جەنگی داعش، دیمۆکراسیەتە درۆینەکەی ڕۆژئاوا و و... ھتد، ئابڵۆقەدراوە و تاڕادەیەک وۆنبووە، بەڵام ڕۆژێکی زۆر نزیک لە پیشمانە، کە نرخە لەڕادەبەدەرەکەی دەردەکەوێ، و مرۆڤایەت و ناوچە قەرداری ئەو دەنگە و بوێرییەتان دەبن.
چەند سەد ساڵانێکە لەم ناوچەیە دەنگ و ڕەنگ و وشەی ئازادی وەھا سەرکووتکراوە، کە دوور نیە ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئەو بەھایە پەیتاپەیتا لە ستراکتووری پێکھاتەی کەسایەتی مرۆڤی ناوچەکە دەسڕایەوە، و چیتر ئازادی بە ئەلەمێنت و پێکھاتەیەکی سایکۆلۆژیکی تاکی ناوچەکە ھەژمار نەدەکرا. بەڵام ئێوە مرۆڤی ناوچە، و تێکڕای مرۆڤایەتیتان کڕیەوە و دووبارە ئازاد کرد.
ھەموو ھەوڵە نەزۆکەکان، بۆ ھەڵوەشاندن و دواخستن و سەرنەخستنی، لە چاو دەست و بازوویە بەھێزەکانتان، کە تەواکەری ھێزی پۆڵاینی پَشمەرگە، و بوێری سەرکردایەتی سیاسی، و خۆڕاگری ھەموو تاک و چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵگایە، بوو، وەک پووش و تەپ و تۆزێک ھاتەبەرچاو. ئێوە شایستەی زۆر شتی زیاترن، و سەرکەوتنتان بچووکترین پاداشتە. ئەوە یاسای سروشتە کە ھەمیشە ھێزی ئەھوەرامەزدایی و مێھر بەسەر ئەھریمەن دا، زاڵ بێ. ئێوە لەم جیھانە جیھانەکەی تر دا شانازیتان تۆمارکرد و لە پاداشتەکانی ھەر دوو جیھان بێ بەش نابن، و سەلماندتان کە لە خۆڕا نیە زەردەشتی پەیامبەری ئاریاییەکان ئەوەندە گرنگی بە ئازادی و ئازادبوون و بەکارھێنانی ھێزی پۆڵاینی ویست و ئیرادەی مرۆڤی داوە: لە (یەسنا/ ھاتی ٣١/ بەندی ١١) ی ئاڤێستا بەو شێوەیە باس لە بەخشینی ئازادی لە لایەن یەزادن بە مرۆڤ دەکاتن: " ئەو کاتەی کە بە دروستکرنی مرۆڤەوە خەریکبووی، و ھەیکەلەکی ئەوت دروستکرد، و ڕۆحت پێیدا و گیانت تیایدا چاند، و لە سروشتی چاکی خۆتەوە، لە ھەیکەلەکان دا ڕووناکایت ناسی، و چاکە و خراپەت ئافراند، و ھێزی کار و زانیاریت بە دیاری پێدان تاوەکو ھەر کەسێک ئازادانە ئایینی خۆی ھەڵبژێرێ". واتا لە سەر ئاستی کوردستان و لە ناخی تاکی کورد دا، ئازادی مێژوویەکی دێرینی ھەیە، ئەمڕۆ جگە لە سەلماندن و دووبارەکردنەوەی ئەو مێژوویە، شانازییەکی ھەتاھەتاییتان گەرەنتی و مسۆگەر کرد. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top