جەنگی ریفراندۆم و جەنگی دەروونی

جەنگی ریفراندۆم و جەنگی دەروونی
ریفراندۆم جەنگێکی پیرۆزی دیمۆکراسیی سەردەمیانەیە، کە ئازادیخوازی پاڵی پێوەناوین بە دەنگدان دەربڕینی لێوە بکەین، بەڵام ناحەزانی ناوخۆیی و دەرەکی، بەیەکەوە سواری کەشتیەکی بێ وێژدانی بوونەتەوە و بە جەنگێکی دەروونی و ڕاگەیاندن و ... ھتد، دژایەتی دەکەن.
دیارە بارودۆخی ئەو جەنگە و ڕیفراندۆم و دۆخی ناسازگاری ئەو ماوەیە، وەک ھەر جەنگێکی تر، ناسک و ھەستیارە، و ھەر تاکێکی کۆمەڵگا، ھەر قسەیەک و ترپەیەکش، چەندە بچووکیش بێ، کاریگەریان لەسەر دەکاتن.
نەیارانی ئەو ڕیفراندۆمە، ھزاران جۆری قسە و قسەلۆک و وێنە و ھەواڵ و بابەت دەوروژێنن و دەخنە نێو بازاڕی ڕاگەیاندنەوە، کە ئەگەر مرۆڤێک سادە بێ و بڕوای بە خۆی و کەس و کار و خەڵک و نیشتمان و کۆمەڵگایەکەی و بیروباوەر و ئامانج و بەھا و پیرۆزییەکانی خۆی نەبێ، زۆر زوو دەکەوێتە داوی ئەو قسەلۆکە بێ بنەما و درۆیانەی ھەڵبەستراو، و بڕوایان پێدەکاتن، و ورەی دەڕووخێتن. پێچەوانەکەشی ڕاستە.
کوردستانیانی نیشتمانپەروەر، ئەو بەرەیەی دروست و پاک و بێگەردن، و دژەکەیان بەرەیەکی نیشتمانفرۆش و ھەلپەرستن. گرووپی یەکەم خاوەن ھێز و ئیرادەیەکی پۆڵاینن و بە دەنگی " بەڵێ"، دەڵێن "نەخێر" بۆ بندەستی و داگیرکەران، و ئەوھا پیلانەکانی جەنگە سایکۆلۆژییەکەی نەیارانی ئازادی پووچەڵ دەکەنەوە. چونکە ئەوان ڕاستن و مافدار، و تاخمەکەی تر ناڕاست و چەواشەکار و خوازیاری بندەستین، و بە دەنگی " نەخێر" ھاوار دەکەن "بژی بندەستی" !، و ئەوانە لە یاساکانی مرۆڤایەتی بەدەرن، چونکە لە ھەموو جیھان بگەڕێی شتی وا نەدەبینی و نەدەبیستی.
*پرۆفیسۆری ھاریکار/ پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top