کلیلە ونبووەکە دۆزرایەوە!

کلیلە ونبووەکە دۆزرایەوە!
پارتی و یەكێتی جارێکی دی لە قۆناغێكی هەستیاردا، پێكەوە شانیان دایەوە بەر مەسئولیەتە ئەخلاقی و مێژوویەکان، گەڕانەوە بۆ ئەو پرەنسیپە هاوبەش و ئەرک و کارە سیاسی و پێشمەرگایەتیانەی کە لە سیاقی مێژووی ڕۆژانی سەخت و وێستگە چارەنوسسازەکانی بزووتنەوەی رزگاری نیشتمانی کوردستاندا لە شاخ و شار پێکەوە تەواویان کرد، تا گەیاندیانە ئەمڕۆی سەردەمی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان..
ئەم دوو حزبە، دیسان توانیان تەعبیر لە یەكدەنگی و یەكگرتوویی و ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردستانیان بكەن و پەیامی ئەو یەكڕیزییەش بە گوێی دۆست و نەیارانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندا بدەن.
لە ڕاستیدا گەلی کوردستان دەبێ پشت بەخۆی ببەستێت و لە پشت حزب و سەرکردایەتیە ڕاستەقینەکەی خۆی ڕاوەستێت، چونکە بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینە و سەركردەی ئازا لە ئانی تەنگانەدا دەردەكەوێت، گەورەیی مرۆڤە مەزنەكان لە بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتیی كێشەکاندایە، حزبی ڕەسەن و پیاوە بە ئەزموونەکان، خزمەتكاری گەلن و تا دواساتەكانی بەرگەگرتنی سەختییەكان شان دەدەنە بەر هەورازەكان و لە سەنگەردا دەمێننەوە و هەوڵ بۆ چارەسەرو دەربازبوون لە قەیرانەكان دەدەن و پشت لە گەلی خۆیان ناکەن و قوربانی بۆ دەدەن، نەك هەڵاتن و ترسنۆكی و سیاسەتی خۆدزینەوە و کەوتنە ژێر کاردانەوە و کاریگەری فەیسبووک و هاتووهاواری سەر تیڤییەکان و بێ مۆڕالی و ئینتیهازیەت!
ئەو كێشە و ناكۆكیانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە کوردستان ڕوویاندا هەمووان لێی بەرپرسن، كەس بێ هەڵە نەژیاوە، كەواتە هەر كەسە و بە قەد پێگەی خۆی باری بەرپرسیاریەتێی لەسەر شانە، پێویستە پەند لە هەڵەی ڕابردوو وەربگیرێ و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە وزە و توانایەكی نوێوە جارێكی دی لە سەر بنەمای متمانەی سیاسی و پێكهاتەی تازە دابڕێژرێنەوە و کارا بکرێنەوە.
گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و چارەنووسی هەرێمی كوردستان، سەختی گوزەرانی خەڵك، پێویستی بە گیانی پێكەوەیی و یەكگوتاریی و هەستی بەرپرسیارێتی پارتی و یەكێتی و تەواوی حزبەكانە.
نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنی نوێی پارتی و یەکێتی، خاڵی ئیجابی و بەرژەوەندیی هاوبەشی هەموو حزبەكان و تەواوی گەلی كوردستان و گەرەنتی سەرخستنی پڕۆژەی دەوڵەتی کوردستانی تێدایە، لەو ڕوانگەیەوە پێویستە پەرلەمانی كوردستان بخرێتەوە كار و لایەنەكان رێكبكەون، بۆ ئەوەی ئامادەسازی جددی و یاسایی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بکەن.
بۆیە ئەم چركەساتە هەموو ئەم قەناعەتانە دروست بوون، چونکە باشترین هەستیارترین چركەساتە بۆ ئەوەی پارتی ویەكێتی پێكەوە ببنە فریادڕەسی ئەم قۆناغە مێژووییەو گەلی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی یەكجاری بەرن.
هاودەنگ فاروق
Top