رایانی دەستبڕ!

رایانی دەستبڕ!

‎هاودەنگ فاروق
‎لەم سی ساڵەی ڕابردوودا، خەڵکی کوردستان دووچاری سی ڕووداوی گەورەی مێژوویی هات؛ (شەڕی داعش، قەیرانی دارایی، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی) کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، وەک برای دەستبڕ لە ئانی شەڕی داعشدا، نەک هەر بچووکترین ڕۆڵی خێریان بۆ کوردستان نەبینی، بەڵکو تا بۆیان کرا سوکایەتییان بە پێشمەرگە دەکردو بە میلیشیای حزبی تاریفیان دەکردن، لە شەڕو سەنگەرەکانی بەرگریشدا دڵساردیان دەکردنەوە ودەوری تابوری پێنجەمیان وازی دەکرد.
‎ لە قەیرانی داراییشدا پشتگیری حکومەتی بەغدایان دەکردو لە گەڵ بزەی ژەهراوی مالیکیش سەمایان دەکرد، بڕیاری نانبڕینی خەڵکی کوردستانیان بۆ تۆڵەکردنەوە لە پارتی وبرسی و توڕەکردنی خەڵکی کوردستان زۆر بەدڵ بوو، بۆیە بە ناکۆکی شەخسیان ناوزەد دەکرد و فەرمانبەرو مامۆستاو قوتابیانیشیان بۆ تێکدان و بایکۆت هاندەدا کە دەوام نەکەن و خۆپیشاندان بکەن، ئینجا لە بەغداش یەکڕیزی کوردیان تێکدا..
‎ئیستا گۆڕان و کۆمەڵ دەیانەوێ ڕیفراندۆم دوابخرێ بۆ ئەوەی هەر نەکرێ، تاوەکو بەرژەوەندییە حزبییەکانیان بێتە دی، دەیانەویت ڕیفراندۆم نەکرێ بۆ ئەوەی کورد تا ماوە لە ژێردەستی داگیرکارییدا بمێنێتەوە، دەیانەویت کوردستان سەربەخۆ نەبێت تا گەلی کورد لە فکری نەتەوەخوازی و سەربەخۆیی داتەکێنن و لە ڕاستەڕیی ژیاندا لایبدەن .. مەبەستیانە کورد تا ئەبەد ڕێگەی خۆشی و شادی و ئاواتی دنیای لێ بەربەست بکرێ و هەر لە بن سێبەری عەگال و مێزەرو پرچ و ڕیشی درێژی بێگانەدا بمێنێتەوە تا دەتلێتەوە..
‎بۆیە ئیتر نابێ ڕێگە بدرێ ئه‌و ئه‌زموونه‌ تاڵەی مێژوو‌ خۆی دووپات بكاتەوە كه‌ له‌ كاتی ڕاگه‌یاندنی كۆماری كوردستان و كۆماری ئارارات و شۆڕشه‌كانی دیكەی کورد،‌ هه‌میشه‌ كۆمه‌ڵێك نانخۆری بێگانە ده‌بوونه‌ نۆكه‌رو گوێلەمستی داگیركه‌ران، دەبوونە ڕێگری ئاواتەکانی کورد .. نابێ ڕێگە بدرێ نەیارانی نێوخۆیی لە ژێر دەستەواژەی (دیموکراسی) دا ئازاد بکرێن تا هاوئاهەنگ لە گەڵ دوژمنان چارەنوسی میللەتێک بخەنە مەترسی لە ناوچوون.
‎هەر کەسێک خۆی بە کورد بزانێ پێویستە ئەو مێژووە تاڵە وەبیر خۆی بێنێتەوە کە نەتەوەیەک هەیە نیشتمانەکەی لە چوار لاوە داگیرو دابەش کراوە، ئەمڕۆ دەرفەتی هەیە چارەنوسی خۆی دیاری بکات و سەربەخۆ بێت و ئابڕووی ڕژاوی سەدان ساڵەی میللەتەکەی بکڕێتەوە..
Top