ڕیفراندۆم و ھەستی بەرپرسیارەتی

ڕیفراندۆم و ھەستی بەرپرسیارەتی
ئەگەر ژیان یەکسان بێ بە پەروەردە، بێگۆمان پەروەردەش یەکسانە بە ھەبوون و فێربوونی ھەستی بەرپرسیارەتی لە ناخی تاکەکانی کۆمەڵگا دا.
نەبوونی ئەو ھەستە لە نێو دڵ و دەروونی ھەندێ تاک و لایەن فاکتەر و ھەوێنی زۆربەی گرفت و کێشەکانی خۆدی تاک و کۆمەڵگا و جیھان و مرۆڤایەتیین، تەنانەت نەخۆشییەکانی دەروونی و جەستەیش.
بەداخەوە سیستەمێ پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی یەکێک لە کۆسپەکانی پەیدا بوون و گەشەی ئەو ھەستەن، و ڕێگرن لەچاندنی تۆی ئەو ھەستەن لە ناخی تاک و کۆمەڵگا دا. مرۆڤێکی ئاسایی دەبێ خۆی بەرامبەر خۆدی خۆی و خێزان و کۆمەڵگا و سیستەمی پەروەردەیی و سیاسی و دەروبەر و دۆست و ھەڤاڵان، و تەنانەت دار و بەردی ئەم جیھانە بە بەرپرسیار بزانێ. ئەوە ئەرکێکی ڕوشتی و مرۆڤییەکەیەتی و ھیچ منەتێکی تێایدا نیە.
لە ماوەی ڕابردوو دا نەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی لای ھەندێ تاک و لایەن و وڵات بەرامبەر بە تاکی کوردستانی، و بە بیانۆی جیاوازی وەک ناداپەروەری و دیکتاتۆریەت و مووچە و گەندەڵی و ... ھتد، یەکێک لە گەورەترین و مەترسیدارترین خاڵە لاوازەکانی مرۆڤایەتی بە گشتی و ھەندێ لە تاکەکانی کوردستانی و ناوچە و جیھان بەدەرکەوت.
جەنابی سەرۆک بارزانی پێشتر و ئەو ماویەش بە بەردەوامی لە گۆتارەکانی دا زۆر بە ڕاشکاوانە، بەو پەڕی ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی، ئاماژەی بە زۆرێک لەو گرفتانەی کۆمەڵگای کوردستانی داوە و بۆ نموونە لێشاوی دامەزراندن، گەندەڵی و زۆر لەو گرفتانەی، کە وەک پەنجەشێری سیاسی کوردستان وان، دەستنیشانکردووە و باسی لێوە کردووە. دیارە کە چارەسەری ئەو گرفتانە بە سیحر و مۆعجیزە و جادوو ناکرێتن، بەڵکۆ ئەو کارە پرۆسەیەکی درێژخایەنە، و ئەگەر کۆسپی جیاوازی ئابووری و سیاسی نەبن، ئینجا ساڵانێکی پێدەچێ تا ڕیِشەکێش بکرێن، کەچی ھێشتان ھەن کەس و لایەن و وڵات نابەرپرسیارانە لە گۆتار و بیرکردنەوەیان دا، تەنھا و تەنھا بۆ گەوجاندنی تاکی کوردستانی و پەرتەوازەکردنی یەکدەنگی و کزکردنی ڕەنگی گەشی یەکگرتوویی ئێستاکەیی کوردستانیان ڕۆژانە باس لە نەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی بۆ چارەسەر ئەو گرفتانە دەدەنە پاڵ تاک و سەکردە و پارتێکی دیاریکراو.
دیارە ھەمیشە بەر لەوەی مرۆڤ بەرد لە خانوویەکی تر بگرێ، دەبێ باش بیر لەو ڕاستیە بکاتن کە خانوویەکەی خۆشی بێ کەم و کۆڕی نیە و لە شووشەیە، و نابێ بێباکانە بەرد لە خانووی کەسانیتر بگرێ . ھەمان ئەو کەسانەی مەھانەگیر بەو ڕەفتارەیان بەرزترین ئاستی نەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی و بەڵاوەکردنەوەی کەڵتووری نەمانی و نەبوونی لە لای ھەندێک لە تاکەکانی کوردستان و ناوچە و جیھان، ڕاستییەکی تاڵ و تەنانەت گەمژەییەکی سیاسی دەسەڵمێنن، کە بەتایبەت ئەو کەسانە لە تاکەکانی کۆمەڵگا و کوردستانیەکانیان لەو تەنگانە ساتە دا بیر لەو شتانە دەکەن، کە بێگۆمانیش دەرفەتی چارەسەرکردنی ھێشتان ماوە، بەڵام بەپێچەوانە ئەو دەرفەتە بۆ ڕیفراندۆم و سەربخۆیی و ئازادی و دەوڵەتبوون ھەموو کات و سات و قۆناغێکی دیرۆکی و سیاسی و لەشەکەری و جیھانی فەراھەم نابێ، ئەو پەڕی ساویلکەیی سیاسی و تەنانەت نەزانینە لە ئەلفبای سیاسەت و ژیان.
بەڵام ئەوە واتای ئەوە دەگەینێ کە نەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی لای ھەندێ مرۆڤ و لایەن چاوەکانی کوێر کردوون و پێشەوەی بیناییانی گرتووە و ناھێڵی باش ببینێ و جوان بیربکاتەوە و بڕیاری دروست بداتن، تەنانەت ڕێگەی لە ویژدان و دڵێشی گرتووە و نایێڵێ وەک مرۆڤێکی ئاسایی لە دۆخی کوردستان بڕوانێ و ژیرانە و ویژدانانە و بە ھەست و سۆزەوە لێکی بداتەوە.
بۆیە لە ژیانی ئاسایی و جیھان و لەوە گرنگتریش لە ژیانی سیاسی دا ھەبوونی ھەستی بەرپرسیارەتی بە خاڵێکی وەرچەرخانی تاک و پارت و لایەن و وڵات دەزاندرێتن، و نەبوونی کەمو کۆڕییەکی مەزن و بە بێ چارەسەرکردنی زۆر لە ھەوڵەکانی بە بنەبەست دەگاتن و زیانی گەورەشی لێدەکەوێتن.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top