پەروەردەی چەواشە لە قۆناغی ڕیفراندۆم دا

پەروەردەی چەواشە لە قۆناغی ڕیفراندۆم دا
پەروەردە بەردی بناغەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، بریتیە لە گۆڕینی ڕەفتارەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی و بەرھەمھێنەرانەی بنیاتنەر، کەچی ھەن کەسان و لایەن و وڵات ڕێڕەوەی زانست و پەروەردەیان بە ئاقارێکی چەواشەکارانە بردووە و ھەوڵی بەڕێبردنی دەدەن.
نموونەیەکی دیاریشی ئەو ھەوڵانەیە کە لە ماوەی بزاڤی بۆێرانەی کوردستانیان بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ڕزگاربوون لە ژێر چەپۆکی داگیرکەران، ھاتووتە ئاراوە. ئەو سەرھاتەی خۆارەوە نموونەیەکە لە دیرۆکی چەواشەکاری سیستەمی پەروەردە. لێرەدا مەبەستمان نیە کە ڕاستی یان ناڕاستییەکە بسەڵمێنین، چونکە جگە لەوەی کە ئەو قۆناغەی مێژوو ھزاران ساڵە ئێکسپایێر بووە و کەس لەو مرۆڤانە ئێستا لە ژیان دا نین، سەلماندنی ڕاستیەکەی پێویستی بە توێژینەوەی زانستی قووڵتر ھەیە، بەڵام ئێمە تەنھا مەبەستمان فەلسەفەی ئەو بیرکردنەوەیە، کە ئەگەر بە ھەڵە دا نەچووبم چێڕۆکەکەی لەس اڵانی ھەشتایەکان کاتێک لە وڵاتی ئێران قوتابی و ئاوارە بووم خوێندوومە، و تیایدا باس لە ململانێی بنەماڵەی ئەبووسۆفیان و عەلی(س) دەکاتن، کە بنەماڵەکەی یەکەم سوودێکی نەرێنییان لە بنەماکانی زانست و پەروەردە وەردەگرت بۆ دژایەتیکردنی بنەماڵەکەی تر، و ئەو چێڕۆکە بەشێکە لە قۆناغەکانی شوشتنی مێشک و شێوازە کاریگەرەکانی جەنگی دەروونی.
ئەوان بۆ منداڵانیان فەرخەی پشیلەیان دەھێنا و لە نێو خێزاندا بەخێویان دەکرد تا ئەو کاتەی منداڵەکانیان خوویان پێوە دەگرت و پێوە پەیوەست دەبوون و شەیدایی پشیلەکە و تام و چیّیژی ھەبوونی دەگەیشتە لووتکە، ئەو کات لەناکاو ئەو پشیلەیەیان لێی دەشاردەوە یان ھەر شتێکی تریان دەکر تا لێی دوور بخەن، و کاتێک منداڵەکە پرسیاری پشیلەکەی لێدەکردن، بە پیلانێکی تۆکمە و پێشوەختە، پێیان دەگۆترا: عەلی بردوویەت ! ( واتا ئیمام عەلی (س)).
ئیتر تۆی ڕق و کینەی عەلی(س) لە دڵ و دەروونی ئەو منداڵانە دەچێندرا، و لەوانەشە بەشێکی زۆری ئەو منداڵانە ھەمان ئەو کەسانە بن کە دواتر ئەندامانی خێزانەکەیتریان لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی ئیسلامدا کۆشتن و تیرۆر کردن، و بە تایبەت حۆسێن(س).
ئەوەتا ھەمان ئەو فەلسەفەیە، ئەمڕۆکە لە کوردستان و لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و کەسان و لایەن و وڵات سوودی لێوەردەگیرێتن تا بە ھۆیەوە بیرکردنەوەی کوردستانیانی پێ ئیفلیج بکرێ و ھزری دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربخۆ، کە وەک جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرمووێ " دوور نیە لە مۆغامرە"، و ڕیسک و ناخۆشی و ئاڵۆزی و گرژی و دەردەسەری، لە ناخی کوردستانیان بگۆڕن بە ڕق و کینە و گرێ دەروونی و ڕەفتارییەکان، کە جگە لە حەسوودی خاوەنی بیرۆکەی، ھیچ ستوونێکی تری ھزری ئەرێنییانەی لە پشتەوە نیە.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top