ڕابردوو، ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندن

ڕابردوو، ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندن
پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ بەشێک لە کۆمێنتەکانی فێیسبووکی توێژەکانی کوردستان، و بە تایبەت ھەرزەکار و گەنجان، لە ڕۆژانی ڕیفراندۆمدا، ڕەھەندێکی نەرێنی پەروەردەیەکی گەجێنەرانەی ھەندێ کەس و لایەن و وڵات ئاشکرا دەکاتن، کە بە داخەوە، ئاسەوارەکانی نەک لە سەر ئاستی نیشتمانی و نەتەوەیی، بەڵکۆ لەسەر ئاستی تاکەکەسی و بە تایبەت ئەوانەی کە لەو پیلانە شووم و نگریسە دا دەبنە ئامانج و قۆربانی زۆر درێژخایەن و کۆشندە دەبن و زیانێکی گەورە لە کەسایەتیان دەدرێتن.
ڕابردوو، وەک ڕەھەندێکی دەم، پێداچوون و گێڕانەوەی بەردی بناغەی بنیاتنانەوەیە، بە مەرجێک بە چاوێکی وا سەیر بکرێتن کە بخرێتە بەرژەوەندی مرۆڤایەتییەوە. بەڵام بەداخەوە ئەوانەی ئەمِرۆ لە کوردستان زۆڕنا بۆ دژایەتیکردنی سەربخۆیی لێدەدەن، و ھێشتان مەبەست و ئامانج و ھۆکارەکانی جێگەی گۆمانن، داھێنانێکی مەترسیداریان دۆزیوەتەوە و دەیانەوێ بەپێچەوانەی مەبەست و ئامانجەکانی زانست، و سوودوەرگرتن لە ڕابردوو بۆ بنیاتنانەوەی ئاییندە، دژی یاساکانی زانست و سروشت بوەستن، و ڕابردوو بکەن بە کەرەستەیەک بۆ ڕووخاندنی ناخ و دەروونی تاکی کوردستانی، و بە تایبەت لەو ئان و ساتە ناسکە ھەستیارە دا. کۆشندەیی ئەو داھێنانە لە کۆشندەیی بۆمبی ئەتۆمی، کە ئەنیشتاین داھێنەریەتی کەمتر نیە.
ئەوانەی بە نووسینی ئەو کۆمێنتانەی کە دەبۆایە ڕابردوو لە خزمەت ئاییندە دا بێ و ببێتە دەروازەی دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ خەڵکێکی ماندوو و داغدیدەی کوردستان، و بەرزکردنی مۆرالیان، ئەویان خستووتە خزمەت پیلانە ئەھریمەنیەکەی ھەندێ کەس و لایەن و وڵات، و بە بیرھێنانەوەی ڕابردوو و ڕووداوەکان و کارەساتەکانی پەیوەست بە ململانێی نێوخۆیی لە لایەک ھەم خۆیان ئازار و ئەشکەنجە دەدەن ( کە لە زانستی دەروونناسیدا بە مازۆخیزم ناسراوە )، و ھەم بەرامبەریش ئازار دەدەن و تام و چێژی لێ وەردەگرن ( کە ھەمان حەزی سادیسمی یە )، و ئاگری فیتنەگەری خۆشتر دەکەن، تابەھۆیەوە و بە خەیاڵی خاوی خۆیان، تامەزرۆیی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بکۆژێننەوە.
ئێمە لەگەڵ ئەوەی کە کە نکۆڵی لەو ڕۆژە سەخت و ناخۆش و نگریسانە ناکەین، و لە یەزدانی مەزن داواکارین ھەرگیز جارێکی تر نەگەڕێنەوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا بڕوامان وایە بۆ بەختەوەری تاکی کوردستان باشترین دەرمان و چارەسەری ئەوەیە کە ئەو ڕۆژانە بۆ بنیاتنانەوەی سایکۆلۆژیای تاکی کوردستان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بەکار بھێنرێن، نەک ڕووخاندنی ئەو ستراکتوورە دەروونیەی، چونکە بەشی یەکەمی ئاماژەیەکی زانستیانەیە بۆ کەسێکی دەرووندروست، وەلێ مرۆڤی جۆری دووھەم و ڕووخێنەر، ھیچ نەبێ با بۆ خاتری کەس و لایەن و پارتێکیش نەبێ، تەنھا بۆ خاتری خۆی، ئەو چەندە نەکەن و ئەو دەرگایە لێنەدەن، چونکە لە ئاکامدا دەسەڵمێنێ و ڕیسوای دەکاتن کە ئەوان کەس و تاکێکی نەخۆشدەروونن و نەخۆشییە کۆشندەکەی ئێستایان و لە بن سێبەر و کاریگەری ورووژاندنی بێ بنەمای ڕابردوویەک کە ئەو ھیچ کاریگەری بەسەر نەبووە و نیە، لە ئاییندەدا ژیانیان دەکات بە دۆزەخ.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top