ڕیفراندۆم: جیاوازی و ھاوبەشی

ڕیفراندۆم: جیاوازی و ھاوبەشی
ڕایمۆند کاتێل (Raymond Cattell, ١٩٠٥-١٩٩٨)، ئەمریکیەکی بە ڕەگەز بەریتانی، و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا، بە یەکێک لە گەورە دەروونناسانی جیھان دەزانرێتن، و لە تیۆرێکی زانستیانە دا، کەسایەتی مرۆڤ دەبەستێتەوە بە خەسڵەتەکان(traits)، و لە میانەی ئەو خەسڵەتانە ھەندێکیان بە تایبەت و ھەندێکیان بە گشتی و و ھەندێکیش بە تایبەتمەندی و خەسڵەتی ھاوبەشی نێوان مرۆڤەکان دەبینێتن، کە دەبن بە فاکتەری ناسینەوەی کەسایەتی ھەر یەکەیان. تایبەتەکان تەنھا لای کەسێک یان چەند کەسانێک دەبنرێتن، بەڵام ھاوبەشەکان گشتین و لای ھەموو کەس یان زۆرینەی خەڵک دەبینرێتن و بەشێکە لە کەسایەتیان و ھێمای ناسینەوەیان.
لە کوردستان تاکەکان، بە جیاوازی ئایین و نەژاد و نەتەوە و فەلسەفەی ژیان و زۆر فاکتەری تر ھەمان یاسایان بەسەردا جێبەجێ دەبێ. کەسانێک ھەن خەسڵەتی تایبەتیان ھەیە لای زۆر کەس نیە، بەڵام زۆر کەس ھەن زۆربەیان ھاوشێوەن و وەک یەکتر بیردەکەنەوە و ڕەفتار و کرداریان ھاوشێوەیە، و ئەوەش ھەم بەرھەمی سروشتی گشتی مرۆڤەکانە و ھەم بەرھەمی کاریگەری کەلتوور و فەرھەنگێکی ھاوشێوەن، کە ھەموویان بوونەتە خاوەنی ئەو خەسڵەتە.
لە بارەی ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان، ئەو بیردۆز و یاسایە دەردەخاتن کە زۆرینەی ھەرە زۆری نێشتمانیانی ئەو پارچەیەی جۆگرافیایی وەک یەکتر بیر دەکەنەوە و ھاوڕان لەوەی کە بە دەنگی " بەڵێ" دەنگ بە ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان بدەن، و بڕیارێکی ھاوبەشیان لە پێشە، و ئەوە نەک ھەر ئاسایی و سروشتییە، بەلکۆ پێچەوانەشی زۆر نائاساییە، و ئەوانەی کە ناوازەن ئەوانەن کە بیرکردنەوەی ناھاوبەشیان ناگۆنجێ لەگەڵ سروشتی پەروەردەیەکی فەرھەنگی ھاوبەش و یەکگرتووی کوردستانیان، و ئەوان، لەوانەیە بە ھۆکاری جیاواز، لە ڕووی ئاراستە و سەرپێبوونی فەرھەنگی و کەلتووری تووشی لادانێک ھاتوون، کە خۆی لە خۆی دا پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، کە تەنیا خاوەنەکانیان لێی تێدەگەن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top