ڕیفراندۆم: بازاڕی بازرگانی نیشتمانفرۆشان

ڕیفراندۆم: بازاڕی بازرگانی نیشتمانفرۆشان
لە سایکۆلۆژیای بازرگانی دا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی سەرکەوتنی بازرگانان بە ڕاکێشانی سەرنجی بکڕان دەزاندرێتن، کە بازرگانان بۆ ئەم مەبەستە سوود لە نوێترین شێوازەکانی ئەو ھۆنەرە وەردەگرن و تۆێژینەوەی زانستی زۆری تیایدا کراوە. کەچی لە کوردستان، گەنجینەی بازرگانان، بازرگانی وا ھەیە نەک ھەر وا ناکاتن بەڵکۆ لە قۆناغێکی ناسکی وەک ئەمڕۆکەدا، بکڕان و خەڵک لە خۆیان دەزوورێنن.
لە میانەی ڕیفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان نھێنی ھەندێ لەو کەسانە ئاشکرا بووە کە بۆچی ئەوان دژایەتی ئازادی نەتەوەکانی ئەو کوردستانە دەکەن، و زیاتر بەرژەوەندی بازرگانی و تایبەتی لە پشتە. ملیاردری خاوەنی (٤)ملیار دۆلار ھەیە گەورەترین سپۆنسەری ئەو بیرۆکەیەیە. مخابن لە میللەتی کورد ھەبێ تا دوێنێ نانی شەوی دەست نەدەکەوت، بەڵام لە پڕێک، ھەر چۆنێک و بە چ ڕێگایەکی دروست یان نادروست بێ، ئەمڕۆ بۆوەتە خاوەن سامانێکی زەبەڵاح یان ئەو بازرگاناناەی کە بە خوێنی خەڵکانێک و لەسەر پشتی گیرفانی ئەوان بوونەتە شتێک ئەمڕۆ بۆ شتێکی ( دونیایی ) پشت لەو خەڵکە بکەن و بەرژەوەندییەکانی ئەوان بە قۆربانی بەرژەوەندی خۆیان بکەن. خانەدانی وا ھەبوو ھەموو ژیان و سامانی خۆی بۆ ئەم کوردستان کردووتە قۆربانی.
ھاوڕێیەک بۆ گێڕامەوە لە سووچی کۆڵانەکەی سەری کۆڵانیان، خانووی خاوەن مارکێتێکی زەبەڵاحی شارەکەی نیشتەجێیە، ڕۆژێکیان لەناو زبڵدانەکەی قۆندرەیەک فڕێ درابوو زۆر لەو پێڵاوەکەی کە ئەو چەند ڕۆژ لەمەو پێش لە بازاڕ کڕیبووی نوێتر و جوانتر بوو، لە ھەمان کاتدا کە دەچوو بۆ مارکێتەکەی، زۆرێک لە شتەکانی زۆر گرانترن لەوەی کە مرۆڤ بیری لێبکاتن، و من پشتڕاستم ئەو شوێنەی کە ئەو کاڵا و کەرەستەیەی لێ ھاوردە دەکات بەو نرخە نیە و گۆمانم لەوە نیە کە چەند قات گرانتر دەیفرۆشێ. بێگۆمان دەبێ ئەو بازرگانە پارەی ئەو قۆندرە نوێ فڕێدراوە و زۆر شتی تر لە گیرفانی مئێمەمانان و من و منەکانیتر پەیدا بکاتن و لەوانەشە ژێر بە ژێر دەنگ بۆ کەمپینە بۆگەنەکەی " نەخێر " یش کۆبکاتەوە، کێ دەزانێ؟ کێ بەدواداچونی دەکاتن؟ باشە چەند شتی وا دەکرێ و ھەموو کەس ھەستی پێناکاتن؟
ئەو ھەندێ کەسی لەو جۆرە بازرگانانەی کە بە پارەی ھاونێشتمانیانی کوردستان دژی بەرژەوەندی و ئاییندەی ئەوان و تەنھا بۆ بەرژەوەندییەکی پارەکی و پۆڵ، دەیانەوێ ئێمەی کوردستانی لە ژێر قۆندرە و چەپۆکی شۆڤینییەکان بمینین تا گیرفانیان نەکەوێتە ژێر مەترسییەوە و بانگەشەی دواخستنی ئەو ڕیفراندۆمە دەکەن و لەو گیرفانە حەرامەیان بە مەلیارھا دۆلار بە بەرپرسانی پلە بالای وڵاتانی زلھێز دەدەن تا پشتگیریان بکاتن بۆ ھەمان مەبەست، تەنھا یەک چەک ھەیە لەگەڵیاندا بەکار بێتن. دەبێ ڕاپەڕینێکیان لە دژی بکرێ بەناوی " حەرامکردنی کاڵا" یان، واتە نەکڕینی یان ھەڵوەشاندنەوەی پشکداریەتی خۆی لەگەڵیان و تۆخنی کۆمپانیاکانیان نەکەوتن.
ئەو شێوازە لە مێژوو دا چەند جاران لە لایەن کەسانی وەک مھاتما گاندی لە ساڵانی ڕاپەرینەکەی خۆی لە دژی داگیرکەرانی بەریتانی، و ھەروەھا لەسەردەمی ( مەشروتیەت ) لە ئێران و بە پشتەوانی میرزای شیرازی لە دژی کۆمپاپنیایەکی بەریتانی تایبەت بە جگەرە بەکار ھاتووە و زۆری کاریگەری ھەبووە و وڵاتێکی وەک بەریتانیای بە چۆک داھێنا.
دەبێ خەڵکانێکی نیشتمانپەروەر لە دژی ئەو بازرگانە نیشتمانفرۆشە ڕاپەرینێک بکەن تا ھیچ کەسی تر چاویان لێنەکاتن و ببن بە پەندی کوردستانیان و جیھانیان و شتومەک و کۆمپانیەکان و پشکەکانیان ( حەرام ) بکەن، و فێریان بکەن کە نابێ بەو پارەیەی کە لە سایەی گیرفانی ئەوان دەستیان کەوتووە دژایەتی پرۆژە نیشتمانییەکانیان بکەن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top