ریفراندۆمی کوردستانیان لە نێوان قیژەی ژیان و قێڕەی بەشداربوون ( شرۆڤەیەکی سایکۆلۆژیانەی ڕیفراندۆمە لە ڕۆلنگەی تیۆری ئۆتۆ ڕانک )

ریفراندۆمی کوردستانیان لە نێوان قیژەی ژیان و قێڕەی بەشداربوون ( شرۆڤەیەکی سایکۆلۆژیانەی ڕیفراندۆمە لە ڕۆلنگەی تیۆری ئۆتۆ ڕانک )
شانازییە کە لە قوتابیەکی قۆناغی یەکەمی خۆم فێری ئەوە بووم: " ھەرگیز داوای نەمردنم نەکردووە بەڵام پاش زانینی دەرفەتی ریفراندۆم، داوا دەکەم لەو ڕۆژە دا زیندوو بم بۆ ئەوەی بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەم". ئەو دەرفەتەی کە بە یەکێک لە بۆێرانەترین ھەڵوێستەکانی سیاسی ھەموو مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانیان دەزاندرێ، و گەر کەسانێکی دیار لە پشتەوەی نەبان، دوور نیە کوردستانیان نەیانتوانیبایە بەو ئازایەتی و بۆێرییە و ئاسانیە ئەو بڕیارە بدەن، و لاپەڕەکانی مێژووی سیاسەتی کوردستانیان لە ماوەی چەند سەد ساڵی ڕابردوو گەواھی ئەو قسەیەن و دەبێ خاوەنی ئەو بڕیارە ھەمیشە وەک تانجی گۆڵێنەی دیرۆکی سیاسی و گەشەی ھزری سیاسی و حوکمداریەتی کوردستان ھەژمار بکرێن، و سەرەڕای ھەموو کەموکۆڕی و خاڵە ئەرێنی و نەرێنی و ڕووداوە نەخوازراو و چاوەڕوانکراو چاوەڕوان نەکراوەکانی، ھەمیشە خاڵێکی گەشی دیرۆکی پڕ ململانێی سیاسەتی کوردستانیان دەبێ.
وەک چۆن، ئۆتۆ ڕانک (Otto Rank)، زانای گەورەی دەروونناسی، لە بیردۆزەکەی خۆی دا کە بەناوی " قیژەی لەدایکبوون " دەناسرێتن، جیابوونەوەی مرۆڤ، لە یەکەم ساتەکانی ژیان و لە قۆناغی کۆرپەیی لە شوێنێکی گۆنجا و ئارام و ئاسوودە، کە بریتی بێ لە نێو ھەناوەکانی دایک، بە یەکەم گۆرزی کۆشندە لە دیدوبۆچوون و ڕۆانگەی بۆ ژیان دەبینێ، و تووشبوونی بە نەخۆشیەکانی دەروونی-مێنتالیی قۆناغەکانی دیکە دا بە بەرھەمی ئەو جیابوونەوەیە دەزانێ، ئەوھاش دەبێ ئێمەی کورد و کوردستانی بزانین کە ئێش و ئازار و برین و نەخۆشیە دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و ئابووری و سیاسی و جەستەیەکانمان بەرھەمی ئەو ڕۆژەن کە ئێمە لە دەوڵەتبوون بێ بەش کراین.
سەیرە و جێگەی داخ و پەژارەییە، ئێمە ئەو ھەموو ساڵ و دەمە، لە چاوەڕۆانی سەربەخۆیی دا ژیان، ببینین کەسانێک ھەبن لەو کوردستانە خۆیان بە کورد بزانن، بەھەر بیانۆیەک بێ، بەڵام بە تێکڕا قسەکەی ھیچ ڕامان و واتایەک ناگەینێ، کاتێک کە بە ھەموو تێگەیشتنی خۆی و تەنیا و تەنیا لە پێناو دژایەتیکردنی نەک ھیچ شتێکیتر، لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵێ:" ھەندێ پارت ئەندامانیان ھان دەدەن کە بقێڕن بۆ ریفراندۆم ... !"
بەڕاستی مخابن بۆ کوردێک ئەوە دیدگەە و فەلسەفەی ژیانی سیاسی و کەلتووریەکەی بێ. ئەو بەناو کوردانە بە چیی خۆیان دەنازن؟ چی لەم جیھانەیان بینیوە و تێگەیشتوون؟ ئەوان زۆر گەمژەترن لەوەی کە ڕووناکتر دەوروبەری خۆیان ببینن. ئەوەتا چەند ھەنگاوێک لەولاترمان مرۆڤی ئەوھا بوونیان ھەبوو و ئەوھا لەگەڵ دۆزی نەتەوایەتی خۆیان ھەڵسوکەوتیان کرد و ئەنجامەکەشی ھیچ نەبوو جگە لە ماڵوێرانی گشتی و پڕبوونی گیرفانی ھەندێ بازرگانی سیاسی و عەرەبە ( جاھیلەکانی ) کە ھەمان نەخۆشی دەروونی ئەمانیان لا بوو. بەڵێ مەبەستم فەلەستینە، کە لە نێوان خوازیاران و نەیارانی ئازادی، فەتح و حەماس، و شۆڤینیزمی عەرەبی و ئاخووندەکانی ئێران، و بازرگانانی جەنگ و سیاسەت، نەزانانی وەک ئێوە ئەمڕۆ دەریایەکی خوێن و بەدبەختی و شەپرزەیی سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک دیاری پێشکەشی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کردووە. ئەوەش جۆرێکی دەبەنگییە، تو ھاونیشتمانیانی خۆت قۆربانیی خەڵک و کەسان و وڵاتی تر بکەی.
بۆیە ئەو کەسانە دەبێ باش بزانن و لەبیرخۆیان نەبەن کە ئەگەر ئێمە و ھەر کەسێک کە شەرمی بە خۆی و نەتەوە و دایکان و کچ و منداڵ و خوشک و خێزانەکانی شەھیدانی کوردستانە، بە ھەموو نەتەوە و ئایین و مەزھەب و توێژ و بیروباوەرکانی جیاواز، ئەمرۆ و بۆ سەربەخۆیی نەقێڕینین ئەی ئەو قێڕینە بۆ چی و کەیە؟ ئێوە زۆر گەمژەتر و ( عیناد)ترن، لەوەی بتوانن لە قێڕە و قیژەی ئێمەمانان و کوردستانیان تێبگەن. ئێوە بۆ خەڵکی خۆتان لەبیرچۆتەوە؟ ئێوە زۆر کەمترن لەوەی کە تام و چێژی ئەو ڕۆژە مەزنە بزانن، چونکی ڕق و کینە و حەسوودی چاوەکانتانی کوێر کردووە. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top