سروشت خۆی کۆشندەترین ھۆشدارییە بۆ نەیارانی ریفراندۆم

سروشت خۆی کۆشندەترین ھۆشدارییە بۆ نەیارانی ریفراندۆم
نەتەوەکانی ژێردەست بۆ ئازادی خۆیان ھەمیشە لەو پەڕی ئازایەتی خەباتیان کردووە و تێکۆشاون و قۆربانی زۆریان داوە، و نیشتمانپەروەران ھەمیشە لەو خەباتە دا پشکی شێریان بەرکەوتووە و لە ڕیزەکانی پێشەوە بوونە، و ھەلپەرەستان بە ڕەنگ و ڕۆخسار و ناو و دروشمی بریقەدار ھەمیشە ھەبووە و دەبن، و گرووپێکی تر ئەو کەسانەن کە ھەمیشە ویستوویانە ببن بە کۆسپی سەرگرتنی خەباتی خەڵک و ئازادییان، و بۆ ئەو مەبەستەشیان زۆر بەھانە دێنن بەڵام لە ڕاستیدا فاکتەر و پاڵنەری ھەرە سەرەکی پشتەوەی ئەو ڕەفتارەیان دەروونین زیاتر لەوەی کە شتی تر بن.
ھەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی یەکێکە لە دەستکەوت و بەرھەمەکانی ھزری و پێشکەوتنی ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤ و شارستانیەت، و بە تایبەت لە سەردەمی ئێستا و دیمۆکراسیەت، و ڕێزی تایبەتی ھەیە. ئازادی مرۆڤەکان پیرۆزە، بەڵام کاتێک ئازادی ئەو مرۆڤانە دژی تەوژمی نەتەوەیی و ئازادی و ھەستی مرۆڤایەتی و ئاسایشی کەسانی دەوروبەری بێ، نابێ ئەوان بۆ ئەو بیردکرنەوەیە و ڕەفتار و کردارانەیان، کە سنووری ئازادی تاک و نەتەوە و نیشتمانەکەیان ببەزێنێ، چاوەڕۆانی ئەوە بن خەڵک و ولات و نەتەوەکەی بە ھەڵپەڕکێ و نۆقڵ و نەبات پێشوازی لێی بکەن و بە مەدالیا پاداشتی بکەن.
لە نیشتمانەکەی ئێمە، کوردستان، بە ھەمان شێوە و ھەمان ئەگەر و وەدەستھێنانی ئازادی خەڵکی زۆری ئازاری چێشتووە، و زۆرێک لەوان تووشی ئازاری دەروونی و کۆمەڵایەتی ھاتوون، و تەنانەت ئەو پەریشانییە دەروونیە، لە ماوەی ڕابردوو و بە ھۆکاری دژایەتیکردنی نێوخۆیی و دەرەکی و ناوچەیی، زیاتر لە جاران و ڕوو لە زیادبووندایە. سەرەڕای کێشە جیھانیانیەکانی بەربەست لە بەردەم کوردستان، وڵاتەکەی ئێمە لە ژێر زۆر گۆشاری تری دایە، کە بەشێکی زۆری بۆ فاکتەری داگیرکاریی و ژێردەستی ئێمە دەگەڕێتەوە، کە تەنھا لەم چەند ساڵەی دوایی قۆربانی بێشۆماری لێکەوتووە، و ھەمیشە دەبێ چاوەڕوانی خرابتربوونی بکەین، ئەگەر بە ھەمان شێوەی ئێستا لە ھەمان ژێردەستی دا بمینین و ھەوڵی ئازادی خۆمان نەدەین.
ھەن قارەمانانێکی وەک پێشمەرگە و بە سەرۆکایەتی مرۆڤە لێھاتووە و دیرۆکسازەکانی کوردستان، بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام بە پێچەوانەی ھەمان ئاراستە ھەن کەسانێک دژی دەوەستن. ئەوانەی کە شان بە شانی داگیرکەران دەیانەوێ جلەوی ئەو خەونەی نەتەوە و ئایین و مەزھەب و تەواوی توێژ و چینەکانی کوردستان بگرن، دەبێ لە یادیان نەچێ کە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو تاوانانەیان لە ئەستۆ دا دەبێ، ئەگەر بە ھەمان ھێزەوە ببن بە لەمپەر لەبەردەم ئازادی و ئاسایشی ئەو مرۆڤانەی کوردستان، و لە داھاتوو دا بەر لەعنەتی گشت لایەک دەکەون. ئەوان دەبێ ئاگاداری ئەوەش بن کە سروشت گەورەترین تۆڵەسێنەرە و وڵامی ھەموو ئەو جۆرە تاوانانە دەداتن کە کەسانێک لە دژی نەتەوەکەی خۆیان لە پشتەوە خەنجەری لێبوەشێنن. سروشت ھەمیشە ئەو ھۆشداریەمان دەداتێ و لێی ئاگادارمان دەکاتەوە، تا لە ئاییندە دا چاوەڕوانی ھەر وەڵامێک بۆ خۆیان بکەن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top