خەونەکانی دژی ریفراندۆم

خەونەکانی دژی ریفراندۆم
سایکۆلۆژیای گەشە گرنگییەکی تایبەت ب بابەتی خەون دەداتن، کە بر یتیە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی سایکۆ-کێمیاوی، کە سەرەڕای توێژینەوە تاوەکو ئێستاش زۆر لە نھێنیەکانی، ھێشتا شاراوەن و لەوانەیە لە داھاتوو دا شتی زیاتر لە بارەیەوە ئاشکرا ببن.
جیگەی داخە، ھەلپەرەستان تەنانەت یەخەی ئەویشیان بەرنەداوە و ھەمیشە و وەک زۆر شتی تر، ویستوویانە ئەویش بۆ مەرەمە بۆگەنەکانیان و گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان سوودی لێوەربگرن. ھەبووە پیاوچاک خەونەکانی لە قازانجی مرۆڤایەتی دا بووە، بەڵام ھەبووە و ھەیە بەپێچەوانەوە. ئەوان بەھۆی خەونە بۆگەنیەکانیانەوە " نانیان کەوتووتە ڕوونەوە ! "
خوالێخۆشبوو عەلی وەردی لە لاپەڕەی (٣١) لە بەرگی (٣) لە پەرتووکی ( لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق) بەو جۆرە باس لە نموونەیەک دەکاتن: پاش وەرگرتنی خەلافەتی عۆسمانی لە لایەن سۆڵتان عەبدلحەمیدی دووھەم، کەسێک بەناوی ( ڕبو الھدی الێیادی)، خەڵکی ( خان شیخوون)ی سوریا و لە ناوچە و ھۆزەکەی سۆننەی ( راویە) کانە، لە سەردەمانی پێشتر چۆتە ئەستەنبۆل و نیشتەجێ بووە. ڕۆژێکیان دەچێتە کۆشی سۆڵتان و بە بەھانەی ئەوەی کە پەیامبەری(س) بە خەون بینیوە و ئەمری پێکردووە کە بە زارەکی و ڕاستەوخۆ و بێی ئەوە لە ڕێی کەسێکی ترەوە بێ، قسەیەک ھەیە دەبێ بە سۆڵتان بگەینم، و داوا دەکاتن بیبینێ. بەڵام کە سۆِڵتان دیار دەکاتن کە عەرەبی نازانێ، ( ڕبوالھدی) دەچێ و دوای دوو ڕۆژ دیسان دەگەڕێتەوە و دیسانەوە دەگێڕیتەوە کە پەیامبەر ھاتە خەونم و فوی لە دەمی کردووم و توانیم بە تورکی قسە بکەم ! بۆیە دەگاتە سۆڵتان و ئەو پەیامەی پێ دەگەینێ. دوای ئەوە ئەمو مرۆڤە شوێنێکی تایبەتی لای سۆڵتان دەبێ و بە یەکێک لە کەسە نزیک و کاریگەرەکانی سەردەمی ئەو و دواتریش ھەژمار دەکرێ.
بێگۆمان، وەک فەیلەسۆفێکی وەک عەلی وەردی بۆی دەچێ، زیادەڕۆیی لە خەونەکەی دا ھەیە. بەڵام گرنگە بزانین ئەو جۆرە مرۆڤانە ھەردەم بوونیان ھەبووە. تەنانەت لە کوردستان و جیھان نموونەیان کەم نیە.
ئەوانەی خەون دیتن و یان نەدیتنی خۆیان بە کەسانی گەورە و پیاوچاک و دادپەروەر و خاوێن و مرۆڤدۆست دەیکەن بە " بنیشتە خۆشە" و بۆ مەرەمە بچووک و خراپ و نادادپەروەرەکانی بۆگەنیان بەکار دێنن، و بەڵکۆ دژی مرۆڤانەش سوودی لێوەردەگرن، ھەمیشە ھەن و دەبێ مرۆڤایەتی وریایان بێ و گەمژە و ساویلکە نەبن. زۆرن لەو کەسانەی وەک ( ڕبوالھدی) ھەمیشە بەو شێوازە پەیژەکانی گەیشتن بە دەستکەوتەکانیان بەو ڕێگەیەیان بڕیوە.
چۆن دەکرێ و دەبێ بڕوایان پێبکرێ و مرۆڤ خەونی مرۆڤی مەزن و پەیامبەرانی پیرۆز و گەورەی وەک محەمەدی ئەمین(س) ببینێ، بەڵام لەدژی ھەموو ئەو بەھا مرۆڤی و یەکسانی و ڕزگاریخوازانە و جوان و ڕاستگۆییانەی بێ، کە ئەو بۆ بەدیھێنانیان و چەسپاندن و سەپاندن و جێگیرکردنیان لەسەر گۆی زەوی و لەنێو مرۆڤەکان، بانگەشەی بۆ دەکردن و زۆر قۆربانیی لە پێناو داوە؟!
تەنانەت گریمان ئەگەر خەونێکی وەھاش دیترابێ، دەبێ لەجیاتی ھەلپەرستی تیایدا، بەو پەڕی ھەست و سۆز و دڵسۆزیەوە بۆ یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانی تاکی کوردستانی، بە ھەموو پێکھاتە و چین و توێژەکانیەوە بخرێـە گەڕ، بە بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و تایفی و سیاسی. چونکە ئاساییە مرۆڤ لەشتانە دا جیاواز بن، بەڵام تاوانە سەرەڕای ھەموو جیاوازی و ناکۆکیەکان یەک خاڵی ھاوبەشیان نەبێ.
خەونی سەرکەوتن لە ریفراندۆم و دروستبوونی دەوڵەتێک، کە وەک چەتری ئازادی و کەشتیی ئارامی ژیان بۆ کوردستانیانە، ھیچ مەرەم و مەبەستێکی لە پشتەوەی نیە، تەنانەت ئەگەر کەس و لایەن و پارتێکی دیاریکراویش ھەبن لە پێشەوە و پێشەوەی بیرۆکەکەشی بن، سوود و زیانەکانی بۆ ھەموو کەس و لایەنە.
ھەموومان دەمێکە چاوەڕۆانی ئەو دەوڵەتەین. شەھیدە سەربەرز و قارەمانەکانمان پێش شەھیدبوونیان ھەمیشە لە خەونی دیتنی ئەو ڕۆژە و ئازادیی خۆیان و منداڵان و ولاتەکەیان دەژیان تائەوکاتەی بەسەرفیرازییەوە سەریان نایە ژێر گڵی کوردستان. چۆن دڵی ھەندێ کەس دێتن ئەو خەونە شرینەی ھەموومان بە خەونە نەشرینە درۆینەکەی خۆیان بڕەوێنن؟ ئێمە و ھیچ ویژدانێکی زیندوو ئەوە قبووڵ ناکەین.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top