رۆبۆتەکانی دژی ریفراندۆم لە پێودانگی سایکۆلۆژیا دا

رۆبۆتەکانی دژی ریفراندۆم لە پێودانگی سایکۆلۆژیا دا
دیارە ئەگەر بمانەوێ بەراوردێک لە نێوان سیستەمی کۆمپیوتەر و مرۆڤ دا بکەین، دەریایەک وشە و لاپەڕ و جەھەر بەش ناکاتن باس لە ھەمووی بکرێتن. بەڵام گرنگترینی ئەم جیاوازییە خۆی لە لایەنێک دا دەبینێ کە لایەنی دەروونی(سایکۆلۆژی) یە، کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێک بەرجستە دەکاتن کە زانست تاماوە ناتوانێ ھەموو نھێنیەکانی بدۆزێتەوە. ھەرچەند کەم نین ئەو زانیاریانەی مرۆڤ لەبارەی خۆدی خۆیەوە و بەتایبەت لە ماوەی سەد ساڵَی ڕابردوو، دەستی کەوتووە و زانستی دەروونناسی ڕۆڵێکی مەزنی تیایدا بینیوە.
یەکێک لەوە نھێنییە دیارانە پێکھاتەی دەروونی مرۆڤ و پێداویستیەکانیەتی (needs)، کە وەک ھەموو گیانەوەرانی تر، لە ڕیزبەندیکردنیان دا، مرۆڤ ھەمیشە خۆی لە پلەی یەکەم دەبینێ و ئینجا کەسانیتر. بەواتایەکەیتر تا مرۆڤ پێداویستیەکی خۆی تێر و دابین نەکاتن، نۆرە بۆ کەسانیتر خۆش ناکاتن. ئەوە سروشتیە و ئاساییە چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی وایە کە بەو شێوازە ھاوسەنگی خۆی دەپارێزێ، و ئەگەر بە پێچەوانە بێ ئەوەتا گۆمانی دەکەوێتە سەر کەساتی و ھاوسەنگیەکەی.
ئەمرۆ لە کوردستان و لە ھەلومەرجی سەرخستنی ریفراندۆمی بەدەوڵەتبوونی دا، کەسانێک ھەن بە پێچەوانەی یاساکانی سروشت و پێکھاتەی سایکۆلۆژی خۆیان ڕەفتار دەکەن، و لە کاتێک دا کە خۆیان و ھاونیشتمانیان لەوپەڕی پێویستی بە ئازادی و سەربخۆبوون و دەوڵەتبوونن، کەچی بۆ دڵ و بەرژەوەندی کەسان و لایەن و وڵاتی تر ھەوڵی لەناوبردنی دەدەن !
بۆیە ئەو مرۆڤانە لە میانەی بەراوردکردنیان لە نێوان مرۆڤ و رۆبۆتبوون دا، شایستەی ئەوەن کە بە رۆبۆت ھەژمار بکرێن، چونکە مرۆڤ بەر لە ھەر کەس بەرژەوەندی خۆی دەبینێ و خزمەتی خۆی دەکات، بەڵام رۆبۆت بەپێچەوانەوە تەنیا بۆ مەبەستی خزمەتی کەسانیتر دروستکراوە. ئەوە ئەو پێوان و ھەڵسەنگاندنەیە کە پێوەرەکانی پێودانگەکانی سایکۆلۆژیان نەک کەس و نەک من !
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top