ئەرێ بەس نییە؟
August 3, 2017
وتار و بیروڕا
ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا ببووە داوای لایەنەكان، بریتی بوو لە كاراكردنەوەی پەرلەمان، پەنجەی تۆمەتیشیان بۆ پارتی رادەكێشا، نەك هەر ئەوە، بەڵكو لەبەرئەوەی ئەو داوایە دەسكەوتی حزبیشی تێدابوو، شەقامی پێ جوڵێندرا، دژایەتی و رقەبەرایەتیی پێ قووڵكرایەوە، خوێن ڕژا، بارەگای پارتی سووتێندرا، كەشێكی ناسەقامگیری لێ پەیدابوو، خەتاكەش دەخرایە ئەستۆی پارتی كە پەرلەمان كاراناكاتەوە، حەزم نەدەكرد بەم چەند وشەیە لاپەڕەی دۆخی چەقبەستووی دوو ساڵی رابردوو هەڵدەمەوە، بەڵام بۆئەوەی بزاندرێ لێكدووركەوتنەوەی لایەنەكان، چی لێدروست بوو و گەڕاندنەوەی متمانە و پێكەوە كاركردن چەند گرنگە، وەبیرهێنانەوەی ناتەباییم بۆ هەنگاوهەڵێنان بە پێویست زانی.
كاراكردنەوەی پەرلەمان، وەك دەسپێشخەرییەكی پارتی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و پێكەوە كاركردن، زەمینەیەكی لەباری بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان دروست كردووە، جدییەتی ئەو دەسپێشخەرییە لەوەڕا دەبیندرێ، لە كۆبوونەوەی رۆژی 30 ی تەمموزی 2017 ی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بووەتە بڕیارێكی گرنگ، رۆژی دواتر یادی 34 ساڵەی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانی بە دروشمی (جینۆسایدی بارزانییەكان دەكەینە هەوێنی یەكڕیزیی نیشتمانی و سەربەخۆیی كوردستان) بەڕێوەچوو، ئەوە دەسپێشخەریی نیەتپاكی و بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەوەش یادی ئەنفال و قڕكردن كە دەكرێتە هەوێنی یەكریزی و سەربەخۆیی، كەواتە دەسپێكێكی گرنگی رێكخستنەوەی ماڵی كوردستان هەیە، بۆ كۆتاییهێنان بە دۆخی نەخوازراوی دوو ساڵی رابردوو كەرەستەیەكی زۆر گونجاوە.
بەوپێیەی دەسپێشخەریی پارتی بۆ كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان، بووەتە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، لەسەر هەموو لایەنەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە پێویستە، پابەندی ئەو بڕیارە بن لە رێی دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی راگەیاندنەكانیان لەگەڵ ئەو بڕیارەدا، كادیر و ئەندامانی سەركردایەتییان لەبیریان نەچێت حزبەكانیان بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانیان داوە، ئەگەر هەموو ئەو حزبانەی لە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمدان، ئەو رۆڵە گرنگە لە میدیادا بگێڕن، ئەوا بەشێكی زۆری توانای حزبەكان لە پێناوی یەكڕیزیدا تەرخان دەكرێت و كاریگەریشی دەبێت، بەمەش خەڵك و لایەنەكان چاوەڕێی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ دەكەن.
هەقە چیدی بوار بە موزایەدە نەدرێت، ئەم قۆناغە قۆناغی بەیەكەوە كاركردنە، ناكرێ هیچ هەڵوێستێك بۆ دەسكەوتی حزبی بقۆزرێتەوە، خەڵكی كوردستان دڵیان بەو هەنگاوە خۆش دەبێت، هاتنە مەیدان بۆ دەست لە ناو دەست نان، جورئەتێكی كەمی پێویستە چونكە زەمینەكەی رەخساوە، هاتنە پێشەوە لەم هەنگاوە هیچ تەنازولێكی حزبیی تێدا نییە، مادام كارەكە لە پێناو یەكریزی و سەربەخۆیی كوردستانە، نەك تەنازولە، بەڵكو ئەوپەڕی مەردایەتییە، هەقە بە هەمووان بگەنە فۆمۆڵەیەك كە ئیدی بەسە، ئێستا بۆ دەسپێكردنی قۆناغە نوێیەكە كەرەستەی زۆرباش لەبەردەستدان، ئاخر ئەگەر ئەوەندە كەرەستەیە بۆ هەنگاوهەڵێنان نەبیندرێن، لەبەرامبەردا مانای خۆدزینەوە دەگەیەنێت، هەندێ قەوان هەیە پێویستە چیدی لێنەدرێتەوە، توخوا بەسە بێتام بوو.