لەبارەی سەربەخۆیی و وتەكانی لاهوور شێخ جەنگی

لەبارەی سەربەخۆیی و وتەكانی لاهوور شێخ جەنگی
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڤیدیۆیەكی بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی بڵاو بووەتەوە كە لە كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ژمارەیەك ئەفسەر و پلەداری پێشمەرگە باسی بابەتی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم دەكات. ئەو هەوڵ دەدات ئامادەبووان لە سەربەخۆیی بترسێنێ و ساردیان بكاتەوە هەرچەندە چەندجاریش جەخت لەوە دەكاتەوە كە با كەس موزایەدە نەكات و حزبەكەی خۆی حزبی سەربەخۆییخوازییە.
وتەكانی ئەم بەڕێزە كە بەرپرسێكی باڵای ئەمنیی كوردستانە و كەسێكی كاریگەر و دەستڕۆییشتووە لە دەڤەری سەوز، دڵخۆشكەر نین و مایەی سەرسوڕمانیشن. چونكە پێگە و كاری ئەم بەڕێزە وا دەخوازێت بەرگریكاری سەرسەختی ئاساییشی نیشتیمانی بێت و نەیشبێتە تەڕەف لە ململانێ سیاسییەكان. لەوەیش بترازێ وتەكانیشی حزبین و كەمدیقەتیی زۆری پێوە دیارە بە تایبەت لەبارەی ڕۆڵی پێشمەرگە و بابەتی سەربەخۆیی.
ئەو دەڵێ دەبێ پێشمەرگە پڕچەك و ساز و یەكگرتوو بێت ئەو كات دەوڵەت دروست دەبێت، كە ئەوە لە ئەرزی واقعدا مەحاڵە. ئەو باش دەزانێ دوازدە ساڵ جكوومەتی عێراقی ئابڵۆقەی خستبووە سەر هێزی پێشمەرگە و لە شەڕی داعشدا پێشمەرگە چەكی نەبوو بەرگریی بكات و عێراقیش یارمەتیی نەدا، چۆنچۆنی هەرێمێك بە پاشكۆیی عێراق بمێنێتەوە دەتوانێ سوپای خۆی پڕچەك و بەهێز بكات؟ جگە لەوەیش ترساندنی پێشمەرگە لە سەربەخۆیی ئەكتێكی بەرپرسیارانە نییە. خۆ هەر ئەو پێشمەرگەیە بوو بە خوێنی خۆی و بە یەكگرتوویی لووتی داعشی شكاند، ئەو داعشەی لەرزەی خستبووە دڵی زلهێزەكان. لە بەرگریكردن و نیشتیمانپەروەریدا كارنامەی پێشمەرگە درەوشاوەیە، پێشمەرگە نەبووە بەشێك لە ململانێ بێنرخەكانی ناوخۆ و بە یەكڕیزی شەڕی كرد و ئەفسانەی داعشی شكاند و جیهانی سەرسام كرد. پێشمەرگە پێویستی بەمجۆرە ئامۆژگاریی و مەئیوسكردن نییە. ئەگەر بەڕێز لاهوور خەونی سوپایەكی پڕچەك و بەهێزی كوردستانی هەیە بە دڵنیاییەوە ئەمە تەنیا لەڕێگەی سەربەخۆییەوە مەیسەرە و بە پاشكۆیی ناهێتەدی.
لە ڤیدیۆكەدا جموجۆڵە دیپلۆماسییەكانی هەرێم دەداتە بەر تانە و لە بەهای كەمدەكاتەوە، بەڵام واقع دەڵێ ئەوە هەرێمی كوردستانە لە دوو ساڵی ڕابردوو و پێشتریش بووەتە ناوەندی حەرەكەی دیپلۆماسیی لە ناوچەكەدا و، ترافیكی دیپلۆماسیی هەولێر بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە و پێویست بە یادئاوەری نییە. هەر لەو ترافیكەدا بوو كە تابۆی سەربەخۆیی شكێندرا و ئەو داوا ڕەوایەی گەلی كوردستان بە وردی خراوەتە سەر مێزی دانوساندنەكاندا.
ئەم بەڕێزە ئەیەوێ ترس بخاتە ناو دڵی پێشمەرگە كە دەوراوپشتمان ئاگرە و دەرودراوسێ دەمانخنكێنن، ئەمەریكا ڕازی نییە، كەس ڕازی نییە بە سەربەخۆیی. لە ڕاستیدا هەڕەشەی داگیركاران زوڵمە و دادپەروەرانە نییە، ئەگەر هەموو شتێك لە شوێن خۆی با ئەبوایە كاك لاهوور وەك بەرپرسی ئەمنی ڕڕەدی ئەم هەڕەشانە بداتەوە و بڵێ سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، هیچ كەسی تر مافی نییە قسەی لەسەر بكات و هەڕەشە بكات. گەلی كوردستان مەعنیە بەم پرسە و نە ئەمەریكا و نە هیچ وڵاتێكی تریش ئەم مافە لەسەر تەبەقێكی زێڕین پێشكەشی گەلی كوردستان ناكات. ئەوە ئیرادە و قوربانیدانی گەلی كوردستان ڕەوایەتیی ئەم مافە بەسەر جیهانیاندا دەسەپێنێ. لە لایەكی تریش هیچ وڵاتێك جگە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند فاشیست و تاییفیی بەغدا دژایەتیی ئەو مافەی گەلی كوردستانی نەكردووە، ئەو سەردەمەیش گوزەشت بتوانن گەلی كوردستان لەڕێی سەربازی و برسیكردنەوە قڕ بكەن.
لاهووری شێخ جەنگی چەندجار دووپات دەكاتەوە كە هەتا پایەی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازی و ئابووری و یەكڕیزیی لەناو كوردستان بەهێز و پێگەییشتوو نەبێت ناكرێ باسی سەربەخۆیی بكەین، ئەو وەك كەسێكی ئاگادار لە ورد و درشتی ئەم وڵاتە زۆر چاك دەزانێ كە ئەم پایەگەلە هەرگیز بەهێز نابن ئەگەر سەربەخۆیی سەرنەگرێت. لە بنەڕەتدا سەربەخۆیی ڕێگەیەكە بۆ گەییشتن بەو پایە بەهێزانە، خۆ ئەگەر ئەو پایە گشتیانە بەهێز بن ئیتر پێویست بە سەربەخۆیی ناكات.
ماوەتەوە بڵێین مادام كاك لاهوور پێیوایە سەربەخۆیی دروشمە حەقیقییەكەی خۆی و حزبەكەیەتی دە فەرموون دەستەبەرداری دوودڵی و ڕاڕایی بن، لە دەروراوپشت ئەوەندە مەترسن و خەڵكی كوردستانیش مەترسێنن، خۆتان لە شاندەكان مەدزنەوە و ڕاگەیاندنەكانتان بخەنە خزمەت سەربەخۆیی و كاری عەمەلیی بۆ بكەن، كەس ڕێگەی لێ نەگرتوون.
Top