زێی بچووك و رێبوار تاڵەبانی

زێی بچووك و رێبوار تاڵەبانی
هەفتەیەكە دوو رووداوی گەورە هەرێمی كوردستانیان سەرقاڵكردووە، یەكیان گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك، ئەویدیكەیان دادگاییكردنی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لایەن بەغدا لەسەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە لە لایەن تاران و بەغدا، بە نامۆ و نا ئاسایی نابینم، چونكە ئەوان بڕیاریانداوە، هەرچییەكیان لەدەست بێت دژی هەرێمی كوردستان بیكەن، لێ ئەوەی جێی پرسیارە، بێدەنگیی زۆنی سەوز – نیلییە لە ئاست ئەو دوو رووداوە.
ئەو بێدەنگییە نموونەیەكی زەق و بەرچاوە لە بەپارتیكردنی هەموو ئەو رووداوانەی روودەدەن، چونكە بەپارتیكردن هەوڵێكە بۆئەوەی میدیای بۆ بخەنەگەڕ و وایدابنێن مەسەلەیەكی حزبییە، هەر شتێكیش بكرێتە حزبی، ئەوا لە سنوورێكی تەسكدا دەمێنێتەوە و بەرگریكردن لێی تەنیا بۆ ئەو حزبە دەهێڵدرێتەوە، لەگەرمەی ئەو دوو رووداوەدا، میدیای زۆنی سەوز-نیلی، لەجیاتی ئەوەی لە ئاست هەردوو رووداوەكە وەدەنگ بێ، بە پێچەوانەوە بێدەنگیی هەڵبژاردووە، وەك ئەوەی ئاوی زێی بچووك تەنیا بۆ پارتییەكان بێت و بەژێر دەسەڵاتی پارتیدا بڕوات و رێبوار تاڵەبانیش پارتی بێت.
ئەو حزبایەتییە قێزەونە كە ساڵانێكە بە بارێكدا كار دەكات، هەموو ئەو بابەتە ستراتیجی و نیشتمانییانە، وەك كەرەستەی ململانێی تەسكبین بەكاردێنێ، لەكاتێكدا هەرچوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستان، بەرنامەی دژایەتی كوردستانیان هەیە، كەچی میدیای زۆنی سەوز – نیلی، لە كاتی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك و هەوڵی دادگاییكردنی رێبوار تاڵەبانی نقەی لێوە نەهات، نەك هەر ئەوە، بەڵكو ئاراستەی كاركردنی تەنیا رووی لە توركیا بوو، مەبەستم نییە بەرگری لە توركیا بكەم و پێشتر گوتم هەرچوار دەوڵەت داگیركەرن، بەڵام خۆ لە قەرەنەدانی ئەو باسە وەك ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، پشتیوانیكردنێكی بێ قەید و شەرتی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووك و دادگاییكردنی رێبوار تاڵەبانییە.
هەردوو رووداوەكە گوشاری بەغدان لە رێی تارانەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێستا تاران بە كردەوە لە مەیدانی گوشارخستنە سەر هەرێمی كوردستانە، هەرچەندە كوردستانیش دەتوانێ ئاو بكاتە گوشار بۆ سەر بەغدا، بەگرتنەوەی ئاو لە ڕێی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، بەڵام ئەو بێدەنگییەی میدیای سەوز- نیلی، ئاماژەیەكی ترسناكە بۆ ئەوەی هەرێم ئەو گوشارە بەكارنەهێنێ، چونكە هەردوو بەنداوەكە لە زۆنی سەوز-نیلی دان، ئەو میدیایە لە جیاتی ئەوەی كاری جدی لەسەر ئەو دوو رووداوە بكات، بەپێچەوانەوە، هاوكات لەگەڵ ئەو گوشارانەی سەر هەرێم، خەریكی ئەوەیە خەڵكی كوردستان بترسێنێت و لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ساردیان بكاتەوە، مادام ئەو میدیایە لە ئاست ئەو دوو رووداوە بێدەنگیی هەڵبژارد، باشتروابوو لانیكەم فەرخە گورگیش پیشانی خەڵك نەدات.
میدیای سەوز-نیلی لە ئاست ئەو دوو رووداوە بێدەنگییەكی عەجیبی هەڵبژاردووە، كەچی تا دێت كەرەستەی تازە، بۆ ململانێی حزبی و دژایەتیكردنی پارتی بەكاردێنێت، هەر لە گەرمەی ئەو دوو رووداوە، سەرۆكی نوێی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بەرنامەی خۆی راگەیاند كە بریتی بوو لە دژایەتیكردنی هەرێم و پشتیوانیكردنی بەرنامەی بەغدا، ئاخر لەبەر ئەو هۆكارانەیە یەكێكی وەك محەمەد سادق حوسێنی شرۆڤەكاری ئێران دەڵێ: دەوڵەتی كوردستان داخوازیی بارزانی یە كە باڵێكی بزووتنەوەی سیاسیی كوردییە نەك هەموو كوردستان، هەرلەبەرئەوەشە بەغدا بەو حاڵەی خۆیەوە هەڕەشەمان لێدەكات و بزەی دێتێ.
Top