ئەم جەنگە دەروونیەشتان بەتاڵ دەكرێتەوە!

ئەم جەنگە دەروونیەشتان  بەتاڵ دەكرێتەوە!
كورد لە 25ی ئەیلولدا بڕیاری سەربەخۆیی كوردستان دەدات و لە ژێر
هیچ فشارێكی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ناگەڕێتەوە دواوە،میللەتێكیش كە بڕیارێكی چارەنوسساز و مێژوویی مەزن دەدات، دەبێ ئەوەش بزانێ كە ژیان و دۆخی وڵاتەكەی بە قۆناغێكی هەستیارو هەورازێكی بەردەڵانی سەختدا تێدەپەڕێت و تەحەدایەكی گەورەی دێتەپێش، چونكە دەزانین دوژمنانی سەربەخۆیی لە ڕێی نانخۆرو بەكرێگیراوانی خۆیان، چ پیلانێكی ژەهراوی و سیستەماتیكیان بۆهەڵتەكاندنی زیهن وفكرو بەهرەی ئەم میللەتە داڕشتووە، چ ئیشیكی بێوچان دەكەن بۆ مراندنی ڕەگی خۆناسین وخواستی سەربەخۆیخوازی لە ناخی ئینسانی كورددا..
ببینن كورد چەندە لە سەربەخۆیی نیزیك دەبێتەوە،داگیركەران و خائینەكانی سەردەم لە زەلكاوێكدا گردبوونەتەوەودەستی یەكتر دەگرن بۆ ئەوەی لەم جەنگە سایكۆلۆژیە دوژمنكارانەیەی دەستیان داوەتێ جیل وجەوانی ئەم میللەتە ستەملێكراو و بەدبەختە لە دژی ڕیفراندۆمێك هان بدەن كە هەزاران ساڵە كورد خەونی بەم دەرفەتە زێڕینەوە بینیوە، بۆ ئەمەش هەرچی وزەیان هەیە لە فراوانكردنی كوولانەی ئیرهابی فكری و دژی سەربەخۆیی و سەرۆك بارزانی خستوویانەتەگەڕ، پارەو هێزی زۆرو زەوەندیان بۆ گوێلەمست و بەشێك لە میدیاكانی وابەستەی خۆیان خەرج كردوە، بۆ ئەوەی ئەم دەستكەوتە مێژووییە مەزنە بێ بەها پیشان بدەن، خەڵك دڵسارد بكەنەوە، كورد لە ئیرادەی خۆڕاگریی و ئینتیماو فكری نەتەوەخوازیی و نیشتیمانپەروەری داتەكێنن، گەمە بە عەقڵی بكەن و بە لاڕێدا فریوی بدەن.
داگیركەرانی كوردستان دەیانەوێت كورد هەمیشە بندەست بێت، تا دەیان ساڵی دیكەش لەم جوگرافیاو ژینگە سیاسیی و كۆمەڵایەتیەی تێیدا دەژی، زیاتر پاكتاوی بیروباوەڕ و كەسایەتی بكەن، مرۆڤێكی دیكەی زەلیل و بێ ئیرادەو هەمیشە برابچووك و ئیهانەكراوی لێ بەرجەستە بكەن.
بە درێژای مێژوو نەتەوەكانی سەردەستە لەم وڵاتانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە، ویستویانە كۆمەڵگەی كوردی جارێكی دی موتوربە كەنەوە بە شێوەیەك ناخی دیزاین بكەنەوە كە لە گەڵ بەهاو نۆرمی نەتەوەكەی خۆیاندا بیگونجێنن، هەوڵی ڕیفۆرمكردنی كەسایەتی ئینسانی كورد بدەن و لە بۆتەی حەزو خواستی دوژمنكارانەی خۆیاندا بیتوێننەوە،دەستكاری دنیای ناوەكی تاكی كورد بكەن، ئیرادەی بشكێنن و ماڵی زیاتر بە وێرانەیی پیشانی دنیا بدەن.!
ئێستاش كە ڕۆژی ڕیفراندۆم دیاریكراوە ئیشەكەیان لە دەست دەرچووە، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاندوە، كورد ناگەڕێتەوە دواوەو لە 25 ی ئەیلولدا بڕیارە مێژووییەكە بۆ سەربەخۆیی دەدات، بۆیە لەم جەنگە دەروونییە زاڵمانەیاندا كار بۆ ئەوە دەكەن،كورد ڕیفراندۆم نەكات و پەشیمان بێتەوە، بەڵام دڵنیاین گەلی كوردستان بەسەر ئەم شەڕە سایكۆلۆژیەو پیلانەكانی دیكەشیاندا زاڵ دەبێت.
ئەوانەی ئێستا خۆیان لە (بەرەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم و دژە سەربەخۆیی كوردستان) ناساندوە، لە دوای بیست و پێنجی ئەیلول لە بەردەم مەسئولییەت و سزای گەلدا دەبن، نەك هەر خەجاڵەتی مێژوو دەبن و شناسنامەی ملكەچی و سەرشۆڕیی و پاشكۆیەتی داگیركەرانیان لە یەخەدەدرێت، وەك خائینی گەورەی نەتەوە و نیشتمان دەناسرێنەوەو دەخرێنە بەر مەحەك و ویژدانی نەوەكانی داهاتوو، چونكە ئەوانە تاوانەكەیان هەر دەنگدانی نەخێر و هاندانی خەڵكی كورد نییە لە دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان،بەڵكو ئۆباڵی شكاندنی شكۆ و ناوبانگی گەلێكن لە بەردەم دنیادا، هەروەك هیچ شەهادەو شانازییەكی ئەم دەوڵەتە كوردستانییەشیان یان پێ نابڕێ، كە لە ئایندەیەكی نیزیكدا دەخرێتە ناو مێژوو و سەر نەخشەی سیاسیی و جوگراگرافیای جیهان.
Top