ئەوان و ئێمە و رابوونێك
June 1, 2017
وتار و بیروڕا
ناوچە سوننەنشینەكان بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران بوون، كەچی كە باس دێتە سەر ئاییندەیان، سوننەكان دەڵێن نابێ عێراق دابەش بكرێت، ژمارەیەكی زۆری كەسایەتییەكانیان، كۆنگرە و كۆبوونەوەكانی سوننە لە دەرەوەی عێراق رەت دەكەنەوە، مەرجی بەشداریكردنیان ئەوەیە باسی فیدڕاڵی نەكرێ، پێیانوایە عێراق دابەش دەبێت، موسڵ كە ناوەندێكی دێرینی قەومییەكانی عەرەب و ئیخوانەكانی عێراقە، بەهۆی شەڕەوە وێران بووە، كەچی سەری زمان و بنی زمانی عەرەبی سوننە یەكپارچەیی خاكی عێراقە.
شیعە هێشتا لە نەشئەی وەدەستهێنانی دەسەڵاتدایە، دەوڵەتی عێراق وەك جلوبەرگ بە بەژنی خۆی دەدورێت، بەو سوپایە كە وەلای بۆ ئەوان هەیە نەوەستا، بەرگێكی یاساییشی كردەبەر میلیشیای حەشدی شەعبی، بە هەردوو ئامرازەكە بۆ مەرامی خۆیان شەڕی داعش لە ناوچە سوننەنشینەكان دەكەن، هێشتا ئەو شەڕە تەواو نەبووە، سوننە هاواری لێهەستاوە چونكە میلیشیاكان لەبەرگی سوپای عێراقدا رقی تایەفەگەرییان بەسەردا دەبارێنن، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی شیعە، دەتوانن لەژێر عەبای ناسیونالیزمدا، هەم شیعەگەرایی بكەن و هەم سوننەش بەناوی یەكپارچەیی خاك و عرووبەوە هان بدەن، جگە لەوە، شیعە نەوەی ئێستا بە دژایەتیكردنی كورد گۆش دەكات، چەندان گرتەی ڤیدیۆیی هەیە، نەوەی نوێ بۆ شەڕی داگیركردنی كوردستان هان دەدەن، سەركردەكانیشیان بە گوتار و بەلاغەتەوە كورد دەدوێنن، لەپەنای ئەو بەلاغەتەوە، لەڕێی فتوا و واعیزەكانەوە خەڵكی خۆیان ئامادە دەكەن، لەسەرەوە دەماندوێنن و لە ژێرەوەش خەڵكی خۆیان لێكردووین بە یەك پارچە ئاگر.
لە بەرامبەردا، راستە كوردستان هێزی پێشمەرگەی هەیە، بەڵام ململانێی حزبی خەریكە مەسەلە چارەنووسسازەكان كاڵ دەكاتەوە، ئەو حزبایەتییە تەسكبینە، بە جۆرێك كاردەكات بەرهەمەكەی دەچێتە سەبەتەی سوننە و شیعەوە، لە ئاست ئەو ئامادەكارییەی شیعە و سوننەدا نییە بۆ قۆناغی دوای داعش، حزبایەتی تەسكبین خەریكی بنكۆڵكردنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە، خەریكی قۆستنەوەی دەرفەتە بۆ دەسكەوتی حزبی.
سوننە و شیعەی عێراق، خۆیان رادەستی دەوڵەتی سوننی و شیعی ناوچەكە كردووە، لە خزمەت بەرنامەی خۆیان و ئەو دەوڵەتانەدان، توانای خۆیان و هێزی ئەو دەوڵەتانەش بۆ دژایەتیكردنی كورد بەكاردێنن، لێ حزبایەتیی تەسكبین، بەئاقارێكدا كار دەكات، دەیەوێت دۆخی كوردستانیش لەژێر ململانێی سوننە و شیعەدا بێت، ئێران و توركیا بەرژەوەندیی خۆیان لە عێراق هەیە، كەچی حزبایەتیی تەسكبین میدیای بۆ دەخاتەگەڕ و یەكیان باش دەكات و ئەویدیش خراپ، بەداخەوە وایلێهاتووە گفتوگۆی پرسیاری كام لەو دوو دەوڵەت باشن؟ بۆ دانیشتنی ماڵانیش شۆڕبێتەوە، لە كاتێكدا پێویستە پرسیاری ئێمە ئەوەبێ چی بكەین؟ سەیرە ئێمە بەتەمای چین و خەریكی چین، ئەركی ئاقڵمەندانی حزب و رۆشنبیران و تەواوی تێكۆشەر و خەمخۆرانی نیشتمانە، سنوورێك بۆ زاڵبوونی حزبایەتیی تەسكبین دابنێن، چیدی لێنەگەڕێن بەرژەوەندیی حزبی، كوردستان لە تایبەتمەندییەكانی دابماڵێت و نیشتمان ئەوەندە بچووك بكاتەوە بەسەر شیعە و سوننەدا دابەشی بكات، ئەمە پێویستی بە رابوونێك هەیە رابوون.