خۆمان دەكەینە كارتی گوشار
May 1, 2017
وتار و بیروڕا
لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی زلهێزەكانی جیهان لەوەدا نەبووە گوێ لە داخوازیی كورد بگیرێ، هەمیشە وەك گەلێكی بێ پشتیوان ماوەتەوە، لەم سۆنگەیەشەوە، دەوڵەتانی داگیركەر چی لەدەستیان هاتووە دەرهەق بە كورد كردوویانە، چونكە بەرژەوەندیی زلهێزەكانی جیهان، لەگەڵ دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان بووە، بۆیە شۆڕش و راپەڕینی كورد، چەند گەورە و فراوان و سەرتاسەریش بووبن، سەرەنجام نەچوونەتە خانەی بەرژەوەندیی ئەو هێزە گەورانەی جیهانەوە، هەر لە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری 1880 ـەوە تا كۆتایی سەدەی بیستەم، ئەمەش لە كاتێكدا بووە، بەند و بڕگەی چەندان بەڵگەنامە، ئاماژەیان بە مافی گەلان كردووە، بە نموونە 14 بەندەكەی ولسن لە سەرەتای سەدەی بیستەوە.
ئەو سیستەمە كۆنكرێتییە، كوردی نەهێنا سەر ئەو باوەڕە، دەسبەرداری خەبات و تێكۆشان بێت، لێ لە دوولاوە بۆتە سووتەمەنی كارتەكان، كارتی زلهێزەكان و كارتی دەوڵەتە ئیقلیمییەكانی داگیركەری كوردستان، ئەو دەوڵەتە ئیقلیمییانە بەدەست چەندان گرفتەوە دەناڵێنن، خاڵی هاوبەش و كۆكەرەوەیان كورد بووە كە چۆن لەسەر دامركاندنەوەی شۆڕشەكانی رێكبكەون، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵیانداوە شۆڕشی كوردستان وەك كارتی گوشار لە دژی یەكدی بەكاربێنن، لە بەرامبەریشدا تێكۆشەران خەباتێكی سەرتاسەری كوردستانییان كردووە.
لەگەڵ نەمانی سیستەمی دوو جەمسەری لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، زەمینەی بەرەوپێشەوە چوونی خەباتی گەلان دروست بوو، دەیەی كۆتایی سەدەی بیستەم، سەرەتایەكی نوێ بوو بۆ كورد لە عێراقدا، لە سایەی دۆخە نوێیەكە ئاهێكی هاتەوەبەر، دوای راپەڕینی 1991 لە سایەی هاوپەیمانان ئیرادەی خۆی خستەگەڕ و حكوومەتی دامەزراند، هەرچەندە چوار ساڵی شەڕی ناوخۆ 1994-1998 و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی گەندەڵی بە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، زەبری گەورەی وەشاند و سستیی خستە هەنگاوەكانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەرێمی كوردستان وەك دیفاكتۆ مایەوە، لە بەرامبەریشدا دەوڵەتە داگیركەرەكان تا دێت بەدەم گرفتی زۆرەوە دەناڵێنن، بە بەرچاویانەوە كورد هێزی سەرزەمینی هاوپەیمانانە لە شەڕی دژی داعش، رووداوەكان بە جۆرێكن، ناوە ناوە گۆڕان بەسەر پەیوەندیی دەوڵەتە ئیقلیمییەكاندا دێنێ، وەك پەیوەندیی توركیا و ئێران و توركیا لەگەڵ عێراق و سوریا.
لە شەڕی هاوپەیمانان دژی داعش، هەولێر ناوەندێكی گرنگی بڕیاڕدانە، بەردەوام جمەی دێ لەو هەموو شاندە ئەمەریكی و ئەوروپاییانەی سەردانی دەكەن، لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ، واشنتۆن و هەولێر و بەغدا بڕیاریاندا، نەك ئەنكارا و تاران، هەرچەندە زۆر هێنان و بردنیان كرد و چاویان لە ئاكامەكەی بڕیوە، سوپای عێراق بە رەزامەندیی هەولێر خاكی هەرێمی كوردستانی لەو ئۆپەراسیۆنە بەكارهێنا.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، ئێستا ناكۆكیی حزبی رێگە بۆ ئەوە خۆش دەكات، پایتەختەكانی دەوروبەر كورد بكەنەوە كارتی گوشار، بەتایبەتیش پەكەكە ئەو ڕۆڵە دەگێڕێ، ئەو ئاگرە گەورەیەی لە ناوچەكە بەربووە و نێڵەی دێت، پڕیشكی بەر ئێمەش كەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێندەی ململانێی سەقەتی حزبایەتی، زەمینەی بۆ ئەوە خۆش نەكردووە بكرێینەوە كارتی گوشار، جاران دەكراینە كارت، ئێستا خۆمان هەوڵ دەدەین بكرێینە كارتی گوشار، گوشار بۆ سەر دەرەوەی هەرێم نا بۆ ناوخۆی هەرێم، ئەمە لە كاتێكدایە زلهێزەكانی جیهان هاوكارمانن، پێمان دەڵێن وەرن خەنیتان بكەین، دەڵێین ئەمڕۆ نا سبەی!