کورد و ئاڵا

کورد و ئاڵا
لە جیھاندا و بە درێژایی مێژوو، دەیان جۆری ئاڵا ھەبووە و ھەیە. وەک ئاڵای نەتەوە، نیشتمان، ئایین، ڕێکخراو، گرووپ، پارتەکان، کۆمپانیا و زانکۆ. ئاڵا لە کۆندا بەو شێوەی ئێستا نەبووە, چ لە ڕووی سەرھەڵدان و بەجێھێنانی ئەرکەکانی بێت، یاخود بۆ ناساندنی پێناسە و ڕەگەز، یان بۆسەلماندن و چەسپاندنی جۆر و شێوە بێت. لەو ڕۆژەی ئاڵا بەشێوە ساکار و سادەکەی خۆی لەدایکبووە، تا ھەنووکە سات لەدوای سات، بەرەوپێش دەروات، گرنگی و بایەخی زیاتری پی دەدرێت, پیرۆزتر تەماشا دەکرێت و شانازی پێوە دەکرێت، بۆ ئێمەی کوردیش، ئاڵای کوردستان ھێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەک بەدوای یەکەکانی کورد بووە، بۆ یەکەم جار ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد لە ڕۆژی ١٧/١٢/١٩٤٥ لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەھاباد (سابڵاغ) بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بە فەرمی ھەڵدراو بوو بە ڕەمزی کۆماری کوردستان, حەفتاویەک ساڵ بەر لە ھەنووکە، قازی پێشەوا ئامادەبوو ملی خۆی بخاتە بەر پەتی سێدارە بەڵام ئاڵای کوردستان نەکەوێتە دەست دوژمن، لە ساڵی (٢٠٠٩)دا، پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، ڕۆژی (١٧)ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، بکرێتە ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئاڵای کوردستان دیرۆکێکی پڕ لە دەردەسەری، دابڕان، ئەنفال و تەعریب، ئاوارەیی، کیمیاباران و نەھامەتی زۆرمان بینیوە بۆیە ھەرگیز لێک دانابرێین، سەرۆک مسعود بارزانی لە زۆر بۆنەدا، لەبارەی ئاڵای کوردستانەوە، فەرموویەتی: "لە ژێر سێبەری ئەو ئاڵایە لەدایک بووم، ھەموو دەقیقەیەکیش ئامادەم بۆ ئەو ئاڵایە و لە پێناوی ئەو ئاڵایەدا بمرم." ئاڵای کوردستان تاکە ڕەمزی یەکگرتووی کوردانە لە ھەموو جیھاندا, تاکە ئاڵای گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە، تاکە پارێزەری ئەو ئاڵایەش، خوێن، ھێز، باز و خوێنی پێشمەرگەی کوردستان بووە، کەرکووک لەم کاتەدا کە ئاڵای کوردستان بەرز دەکاتەوە، بە شێوازی جیاواز و بە جۆش و خرۆشەوە ھەمووان لەبەردەم ئاڵای کوردستاندا پەیمانی پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتیمان دووپات دەکەنەوە, پێشمەرگە قارەمانەکانیش بە ورەیەکی بەرزەوە، پارێزگاریی لە خاکی کوردستان دەکەن دژ بە تیرۆرستان، ئومێدم وایە، لە نزیکترین کاتدا ئەو ئاڵایە، نەک تەنیا لە کەرکووک، بەڵکو لەسەر دەستی سەرۆکی کوردان، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لەسەر کۆشکی کۆماری کوردستان بەرز بکرێتەوە.
بژی کورد، بژی پێشمەرگە، بژی کوردستان، شەکاوە بێت ئاڵای ڕەنگینی کوردستان.

Top