میدیا و پڕۆسەی ڕیفراندۆم

میدیا و پڕۆسەی ڕیفراندۆم
ی نیسانی 1898 ڕێكەوتی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردیە بەناوی (كوردستان) كە لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان، یەكەم ژمارەی لە (قاهیرە) دەرچوو، لە ماوەی‌ پێنج ساڵدا، تەنیا سیویەك ژمارەی‌ لە پێنج وڵات و شوێنی‌ جیا لێدەرچوو، ئەو دەستپێكە، دواتر بوو بە بەردی بناغەی ڕۆژنامەگەریی كوردیی، وەرچەرخانێكی گرنگی دیرۆكیش بوو لە مێژووی هاوچەرخی گەلی كورد دا، لە دوای ڕاپەرینی 1991، لە هەرێمەكەماندا، ڕۆژنامەگەری لە سایەی ئازادی و فرەیی سیاسی قۆناغی باشی بڕیوە (ئەگەرچی لەوانەیە لێرەو لەوێ سەرنجیشی لەسەر بێت) ئەمەیش دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەریی ببێتە هۆكارێكی گرنگ بۆ گەشەپێدانی كولتوور و هۆشیاریی سیاسی لەناو خەڵكی كوردستاندا، نكولی لێناكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو هێزێكی گەورە وكاریگەری كوردستان، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، ڕۆڵی میدیای بە كاریگەر وگرنگ زانیوە لە خەباتی ڕزگاری نەتەوەیمان، بوونی چەندان ڕۆژنامە، گۆڤار، سایتی ئەلیكترۆنی، ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن بەڵگەی ئەو ڕاستیەن، كە لە قۆناغی خەباتی شاخ و دواتریش لە سەردەمی ئازادیدا ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنانی كوردستان و ئاشناكردنی جەماوەر بە هەلوێستی نەتەوەیی و شۆڕشگێری. لە سایەی ئازادیی كاری میدیایی لە كوردستان، ژمارەیەكی زۆر كەناڵی ڕاگەیاندنی نووسراو، بیستراو و بینراو لە كوردستان هەن، كە دەتوانن خزمەتێكی زۆر بە ماف و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بكەن و دەنگمان بگەیەننە هەموو دونیا. ئەركی هەموو ڕاگەیاندنەكانە لەم قۆناخەدا پشتوپەنای گەلەكەمان بن و ڕێگە لەو هەوڵە نەزۆك و دوژمنكارییانە بگرن كە دەیانەوێت متمانە و بڕوابەخۆبوونی تاكی كوردستانی لاواز بكەن. مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا، بەبۆنەی سەتونۆزدەهەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی دەفەرمووێت: "داوا لە ڕۆژنامەنووسانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم دوور لە هەر جۆرە ئینتمایەكی سیاسی، قەڵەم و هزر و تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی."
ڕۆژنامەگەریی كوردیی بەراوورد بە ساڵانی پێشوو، پێشكەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، هاوكات كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەسەر سەرجەم بوارەكانی ژیاندا هەیە، ئەمەیش هۆكارەكەی بۆ سەقامگیریی بارودۆخی سیاسی هەرێم و ئەو فەزا كراوەیەی كاری میدیایی و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و ئامرازەكانی دیكەی گەیاندن و پەیوەندیكردن، دەگەڕێتەوە، پێویستە میدیای كوردی، بۆ لەمەودوا زیاتر و زیاتر لە خزمەت پاراستنی دەسكەوتەكان، خواست و بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان، ئامانجەكانی گەل، ئازادی، ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی نەتەوەكەماندا بێت.
Top