ریفراندۆم و سەربەخۆیی
April 18, 2017
وتار و بیروڕا
من پێموایە هەتا كورد لەژێر سایەی ئاڵای بێگانەدا بێت، یەك ڕیز و تەبا نابێت، بەلایەنی كەمەوە دوژمنەكانی ناهێڵن ئەو هەلەی بۆ بڕەخسێ و هەردەم هەوڵی درز خستنە ناو ڕیزەكانیان دەدەن، بەڵام كە كیان و دەوڵەتی هەبوو، كاریگەریی دەستی دەرەكی لەسەر كەمتر دەبێ، چونكە بەرژەوەندیی وڵاتان بەتایبەتی دەوروبەری ناكەونە یەك، هەروەها كە دەوڵەت هەبوو، زۆر ئاسانترە گۆڕینی رژێمی حوكمڕانی تیایدا. ئەوەی بیرمە لەسەردەمی حوكمی پاشایەتی عێراقەوە تا ئیستا ڕەنگە بە وانەی دوای ڕووخانی سەدامەوە زیاتر لە دە گوڕانكاری بەسەر دەسەڵاتدا هاتبێ، بەڵام تائێستا عێراق هەر عێراقە، خۆ كورد ئەگەر ئەو پشتیوانییەی ئێستا هەیەتی لە دەستی بچێت، دەبێت بە ئاردی ناو دەوەن، بەڕاستی بیانووی دۆخی ناوخۆ و بەستنەوەی بە مەسەلەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییەوە، وەك ئەوە وایە كوڕێك بیەوێ ژیانی هاوسەری دروست بكا لەگەڵ كچێكی باش كە یەكتریان پەسند كردووە، دوای ئەوەی كوڕەكە ئەم پێشنیارە بە باوكی دەڵێ، وەڵامی باوكی ئەمە بێ: با خانوویەكی باش و ناوماڵێكی تێروتەسەل و ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل بەرزو هەروەها دە دوانزە دەفتەر دۆلاری خەوتووت هەبێ، بەسەرچاو، دەچینە داوای، كە ئەمە تەنیا بیانوویەكە باوكەكە بە كوڕەكەی دەگرێت!
ئیمە خۆمان باش دەناسین و دوژمنەكانیشمان لەخۆمان باشتر ئێمە ئەناسن كە دەردی گرانمان ناكۆكیی ناوخۆمانە، بەڵام پێموایە ئەگەر كیانێكمان هەبێ، بەلایەنی كەمەوە كاریگەری دوژمنەكان لەسەرمان كەمتر دەبێتەوەو بەڵكو خوابكا دوای ئێمە نەوەی نوێ بتوانێ یەكبوون و برایەتی بكات بە بنەمای ئەو دەوڵەتەی ئێمە بۆیان بنیاد دەنێین، پشت بە خواو بە هیممەتی دڵسۆزان و لەخۆبوردووان لەو پێناوەدا، لەپێناوی بەفیڕۆنەدانی خوێنی هەزاران شەهیدو دەیان بەسەرهاتی جەرگبڕ كە بەسەر ئەم میللەتەدا هاتووە.