تکایە بە عەربیەکی شۆڤینیزمانە و ناسیۆنالیستیک بیر مەکەنەوە ( سایکۆلۆژیای پەروەردەیی و سیاسەت)

تکایە بە عەربیەکی شۆڤینیزمانە و ناسیۆنالیستیک بیر مەکەنەوە ( سایکۆلۆژیای پەروەردەیی و سیاسەت)
پاڵدەرم بۆ نووسینی ئەم بابەتە خوێندنی وتاری قوتابیەکی زانینگەکانی کوردستانە، کە تیایدا ھەوڵ دەداتن بە ھێنانی نموونەی سەردەمێکی کۆن و ماوەبەسەرچوو، پیشان بداتن کە جوولەکەکان لە بیرکردنەوە و ڕەفتار چۆنن و چۆن نین و لە کۆتاییشدا بە ھەموو بڕوا و توانایەکەوە دەیەوێ خوێنەر ھانبداتن بۆ خۆ دوور خستن لێیان و بڕوا پێنەکردنیان، و بەڵکۆ زیاتریش!! بۆ وای نووسیوە و پاڵدەری ئەو چین نازانم؟؟ ئایا جوولەکە وەھان، وەک ئەو بیردەکاتن، یان نە و ئایا چییان لەگەڵ عەرەب، کە لە بنەڕەتدا ھەر دوویان سامی و ئامۆزای یەکترین و قینێکی کۆن و مێژوویان لەگەڵ یەکتری ھەیە و زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە جوولەکە نەتەوەیەکی کاسبن و عەرەب وان نیە، کارم پێی نیە. ئەوەی مەبەستمە ئەوە نیە کە قوتابی و خوێنەران ھانبدەم کە دەمارگیرانە بیر بکەنەوە و دژی عەرەب بن، بە پێچەوانەوە، وەک ئەکادێمیەک و کوردستانیەک ڕێزم ھەیە بۆ گشت نەتەوەکان، تەنانەت عەرەب، و بە تایبەت چاکەکانیان، سەرباری ئەوەی کە لە ماوەی سەدان ساڵی ڕابردوو و ھەتا دوێنێش، بە بێی ڕەچاوکردنی ھەست و سۆزی مرۆڤایانەی کوردستانیان و بە تایبەت مۆسڵمانەکانی، گەورەترین تاوانەکانی بەرامبەر کردووین. تەنانەت مامۆستایانی ئەکادیمی و ئایینیش، شان بە شانی سیاسەتوانیان ھەمیشە لە دژی ئێمەی کوردستانی و بەتایبەت کورد، وەک خاوەنە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچەیە، بوونە و نموونەی زیندووشی، لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرکردەیەکی ئایینی وەک ( مەھدی سۆمەیدعی )یە. مامۆستایەکی ئەکادیمی لە مۆسکۆ پێی ووتم:" ئێمە زیاتر لە وڵاتانی ناوچە و مافەکانتان، پێمان داون"، بەڵام لێی تێکچووە کە ئێمە بە زەبر و شەق و بازووی پێشمەرگەی قارەمان لێمان سەندوون، نەک پێماندرابێ. باشە من دەپرسم:" دەکرێ ھەر کەسێک لەو کوردستانە دوو سێ وشەی عەرەبی بزانێ وەھا بنووسێ و بیربکاتەوە؟؟!!"
جا داوا لە کوردستانیان و بە تایبەت قوتابیان و ئەوانەی کە کەلتوور و ڕۆشنبیری عەرەبیان ھەیە " بە عەرەبی بیر مەکەن". چونکە ناسیۆنالیزمی دەمارگیری عەرەبی یەکێکە لە گەورەترین کۆسپەکانی بەردەم شارستانیەتی جیھانی ئەمڕۆ. تەنھا لە وڵاتێکی بچووکی وەک ئۆردن، کە خۆی بە لایەنگرێکی ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئیسرائیل ھەژمار دەکاتن زیاتر لە (٤٠٠٠) کەس لە نێو ڕیزەکانی داعش دەجەنگن. باشە ئەوە چیە؟! " بانێکە و دوو ھەوا"!!؟؟ ئامانجی سەرەکی سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی بارزانی بە تایبەتی و سەرکردایەتی کوردستانی، ڕاکێشانی سەرنجی ھەموو جیھان و وڵات و نەتەوە و ئایینەکان بووە بۆ بەرژەوەندی دۆزە ڕەوایەکەی کوردستانیان و کورد. ھەموو وڵاتانی بە ناو عەرەب و بە ناو مۆسڵمان بۆ بەرژەوەندی خۆیان پەیوەندی دیپلۆماتیکیان لەگەڵ وڵاتی دیمۆکراسیی ئیسرائیل ھەیە، مەگەر کەمێکیان نەبێ، بۆچی ئێمە خۆمان پیاو خراپ بکەین و بەرگری لە عەرەب بکەین و بە گژ جوولەکەدا بچین؟؟ ئێمە جارێکی تر ھەڵە گەورەکەی سەلاحەدین دووبارە ناکەین. ئەوان چیان بۆ نەوەکانی سەلاحەدینەکەی "کۆنە جاشی عەرەبەکان" و ئەو پێشمەرگە قارەمانە کرد، کە لە خۆشباوەری خۆیان، ئەو بۆ پاراستنی عەرەب و ژن و مناڵانی عەرەب، لەو کوردستانە دەبرد و خەڵکی تری پێ دەکۆشتن و بە کۆشتی دەدان و ساڵەھای ساڵ لە خێزان و منداڵانیان دوور دەکەوتن؟ ئێستاشی لەگەڵ دا بێ ھزاران کەسیان لێ بێ سەراوشوێنن، وەک چۆن ئەمڕۆ بە نەوەکانیان دەکرێ. ئێمە جگە لە ئەنفال و حەلەبچە و ... چیمان لە عەرەب بینیوە؟؟ لە کاتی ئەو تاوانانەی بەعسی شۆڤینی و سەدامی گۆڕ بە گۆڕ، سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەب و بە تایبەت سعۆدیە و ئۆردن و زۆری تریش نەک تەنھا پارە و چەکی پێدەدان، بەڵکۆ دەھاتن و ڕاستەوخۆ سەردانی ئەو شوێنە کوردستانیەیان دەکرد. ئەی گەنج و قوتابیان! لە بیرتان نەچێ ئەو کات ئێوە نەبوون یان منداڵ بوون، بەڵام ئێمە ھەبووین و دەماندیتن. خۆتان ھەڵمەخەڵەتێن و " گێڵ و گەمژە " مەبن، و بزانن لە نێوان " ئیسلامی پیرۆز" و عەرەب وەک نەتەوە جیاوازی ھەیە وەک ئەو جیاوازییەی لە نێوان " زەمین و ئاسمان " ھەیە. ئەوەتا ھەمیشە و دوێنێش " سۆمەیدعیەکان " بە ئایین ھەڵیان خەڵەتاندووین و تەنانەت دەیانەوێ بەناوی ئایین " ئاڵا " پیرۆزەکەشمان لێ بستێنن. ئێوە مۆسڵمانن بەڵام مەرج نیە عەرەب بن و بە عەرەبی بیر بکەنەوە و لە جیاتی ئەوان بە گژ جوولەکە و ھیچ کەسی تر دا بچن. ئەوان ئەگەر بیانتوانیایە نەک جوولەکە و کورد، بەڵکۆ جیھانیان قووت دەدا. ئەگەر عەرەبی دەزانی و دەخوێنی بەڵام با بیرکردنەوەت کوردی بێ. ئەزموونی گەڕانم لە جیھان دا گەیاندوومی ئەو ڕاستیە کە ئەگەر لەم جیھانە مرۆڤێکی بە ویژدان مابێ تەنھا کورد و کوردستانیانن. وۆریا بن و دڵی خەڵکی و جیھان و نەتەوە و ئایینەکانی تر لە کوردستانیان زوور و تووند مەکەن. ھیچ نەبێ، وەک جەنابی سەرۆک بارزانی دەفەرمووتن:" ئێمەی ھەموومان لە مرۆڤایەتی دا برای یەکترین". کوردستانیان ناووبانگێ مرۆڤدۆستیان لێنراوە و سەرۆک و پێشمەرگە و کوردستان و ئاڵاکەی بوونەتە سیمبۆلەکانی زیندووی ئەم جیھانە. ئەم ڕوویە گەش و جوانە بە بیرکردنەوەی ھەڵە و عەرەبیەکانتان مەشێوێنن. منداڵانتان لە ئاییندە وەک زۆر کەسی پێش ئێستا نەفرەتان لێدەکاتن. وریا بن. لێگەڕێن با عەرەب، و نۆکەرە تۆرانی و سەید و مەلاکانی ئێران، لۆژیکانەتر بیر بکەنەوە و خۆیان کێشە ( بێ بنەما و وەھمیەکانی ) خۆی لەگەڵ جوولەکە چارەسەر بکەن. بڕۆن بەرھەمەکانی عەلی وەردی بخوێنن تا ئەوان بناسن. لە خۆتانەوە بڕیار مەدەن و بۆ ئەوان ژیانی ئێمە و خۆتان تێک مەدەن. کێشە و گرفتەکانی ئێمە زۆرە، زیاتری مەکەن. " سەرێ نەئێشیتن نە ھەوجەی گرێدانێ یە"!! *بسپۆرێ زانستێن پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتییا پەروەردە/ زانینگەھا زاخۆ
Top