ئایا پارتی شه‌یتانه‌؟ ئایا ئه‌وانی تر ره‌حمانن؟

ئایا پارتی شه‌یتانه‌؟ ئایا ئه‌وانی تر ره‌حمانن؟
ئاشكرایه‌ شه‌یتان و ره‌حمان دوو زاراوه‌ى ئایینین و له‌ چه‌مكی ئایینیدا هه‌ردووكیان بكه‌رن. یه‌كه‌میان بكه‌رێكی خراپه‌و دووه‌میشیان بكه‌رێكه‌ باشه‌. لێره‌دا ره‌حمان بریتیه‌ له‌ یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ شه‌یتانیش بریتیه‌ له‌ پارتی، به‌ڵام ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌ى كه‌ نوخبه‌ى سیاسی و حیزبیی كوردى درووستیان كردووه‌ كارى گه‌یاندووته‌ ئاستێك له‌ نێوان شه‌یتان و ره‌حماندا جیاوازییه‌ك نه‌مێنێت به‌ واتا به‌جۆرێك كاریان كردووه‌ جه‌ماوه‌رى هوشیاریى سنووردار نه‌زانێت جیاوازى له‌ نێوان ئه‌م دوو چه‌مكه‌دا چیه‌ چونكه‌ هه‌ر لایه‌نه‌ ئه‌ویترى به‌رامبه‌رى به‌ شه‌یتان ده‌زانێت. به‌هه‌رحاڵ له‌ درێژه‌ى ململانێكانی پارتی و لایه‌نه‌كانی تردا نوخبه‌ى سیاسی و راگه‌یاندنی حیزبی رۆژنامه‌نووسی حیزبی و رۆشنبیرى حیزبی به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و راگه‌یاندن و، رۆژنامه‌نووس و، رۆشنبیرى پاشكۆ حیزبی به‌ پله‌ى دووه‌م كه‌ پێیاخۆشه‌ ئاوه‌كه‌ لێڵ بێت بۆ ئه‌وه‌ى مه‌له‌ى خۆیان باش بكه‌ن، فه‌زایه‌كیان درووستكردووه‌ كه‌ تیایدا دیواره‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان به‌ تایبه‌تی گۆڕان و یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ له‌لایه‌ك و پارتی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌ستوور بێـت به‌ ئه‌ندازه‌ى دیوارى جیاوازى نێوان شه‌یتان و ره‌حمان.
روانینی یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ بۆ پارتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی شه‌یتانێكی نه‌گریسه‌ شایانی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو رۆژێك هه‌زاران جار به‌نه‌فره‌ت بكرێت. له‌كاتێكدا ئه‌م سێ لایه‌نه‌ كه‌ پارتی به‌ شه‌یتان ده‌زان، خۆیان له‌ هه‌ڵوێستی ره‌حماندا داده‌نێن. پرسیارى لۆجیكی ئه‌وه‌یه‌ ئایا له‌و كاته‌ى چه‌مكی خێرو شه‌ڕ، واته‌ ئه‌و دوو چه‌مكه‌ی شه‌یتان و ره‌حمان به‌رهه‌مهێنین، هیچ هه‌وڵێك هه‌بووه‌ بۆ ناوه‌ندگیرى و پێكه‌وه‌ كاركردن له‌ نێوان شه‌یتان و ره‌حماندا؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ به‌رده‌وام ره‌حمان یان هێزى خێر خۆى به‌ باڵاده‌ستتر زانیووه‌و نه‌ خۆى له‌ به‌رده‌م شه‌یتاندا به‌ بچووكتر زانیووه‌و نه‌ له‌به‌رده‌میدا بچووكترو بێ هێزتر بووه‌و نه‌ له‌به‌رده‌می شه‌یتاندا چه‌ماوه‌ته‌وه‌و نه‌ كڕوونشی بۆ شه‌یتان بردووه‌و نه‌ ماستاو مامه‌ حه‌مه‌یی بۆ كردووه‌و نه‌ به‌رتیل و نه‌ پاره‌و نه‌ هیچی لێ وه‌رگرتووه‌و نه‌ به‌وه‌ش رازیبووه‌ كه‌ دایه‌لۆگی له‌گه‌ڵدا بكات. هه‌ڵبه‌ت هیچ كاتێك شه‌یتان ئه‌وه‌نده‌ باڵاده‌ست نه‌بووه‌ به‌سه‌ر ره‌حماندا، كه‌ له‌ لوتكه‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ به‌ره‌و خواره‌وه‌ سه‌یرى ره‌حمان بكات و بتوانێت ره‌حمان ده‌سته‌مۆ بكات. هه‌روه‌ك له‌و هه‌موو سامانه‌ى كه‌ شه‌یتان هه‌یه‌تی و ئاشكراشه‌ حه‌رامه‌و به‌ ناڕه‌وا ده‌ستی كه‌وتووه‌ كارێكی نادرووست بووه‌ كه‌ لێی ببه‌خشێت به‌ ره‌حمان. ئاشكرایه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ى شه‌یتان هه‌یه‌تی نامه‌شروعه‌و ناڕه‌وایه‌، باشه‌ ره‌حمان چۆن ده‌توانێت ئاماده‌ى وه‌رگرتنی حه‌رام بێت و له‌ شه‌یتانیشی وه‌ربگرێت؟؟
به‌ڵێ ئه‌و فه‌زایه‌ى ئێستا له‌ كوردستاندا درووستكراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی كراوه‌ته‌ شه‌یتان و سیانه‌كه‌ى تریش ره‌حمانن، ره‌نگه‌ له‌م رووه‌وه‌ یه‌كگرتووى ئیسلامی له‌ هیچ به‌ره‌یه‌كیان نه‌بێت. پرسیارى سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ر سێ لایه‌نه‌كه‌ى یه‌كێتی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ، ئایا ئێوه‌ كه‌ ئێستا پارتیتان كردووه‌ته‌ شه‌یتان چۆن و به‌ چ لۆجیك و به‌ چ رێگایه‌ك دایه‌لۆگی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن؟ به‌ چ لۆجیكێك پرۆژه‌و نه‌خشه‌ رێگاى كار بۆ دانیشتن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شه‌یتاندا ئاماده‌ ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌راست ده‌تانه‌وێت دایه‌لۆگ له‌گه‌ڵ پارتی بكه‌ن جارێ هه‌وڵبده‌ن پارتی بهێننه‌وه‌ پێگه‌ى مرۆڤــ و كورد، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ نه‌ك ره‌حمان به‌ڵكو مرۆڤی ئاسایش بن ناتوانن له‌گه‌ڵ شه‌یتان دایه‌لۆك بكه‌ن، ئه‌ى باشه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ مرۆڤن و ئه‌و شه‌یتان چۆن ده‌توانن له‌سه‌ر خوانی یه‌ك ده‌سه‌ڵات كۆببنه‌وه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت یان ئێوه‌ش شه‌یتانن، یان یان ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌تان درۆو درووستكراوه‌؟ بێگومان هه‌رچه‌نده‌ من گومانم نیه‌ كه‌ هه‌مووتان كوڕى یه‌ك باوكن و راست و درووستیش هیچتان ره‌حمان نین. ره‌نگه‌ له‌ روانگه‌ى شه‌ره‌نگێزیتانه‌وه‌، له‌ روانگه‌ى به‌شداریتان له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕۆدانی سامانی گشتی و یاریكردنتان به‌ چاره‌نووسی خه‌ڵك، هه‌مووتان له‌ شه‌یتان نزیكتر بن هه‌تا ره‌حمان.
ئێستا كار چیه‌؟ ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتی كه‌ به‌شه‌یتانی ده‌زانن پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن و هاوبه‌ش بن له‌ به‌ڕیوه‌بردنی ئه‌م وڵاته‌دا، ئه‌وا ده‌بێ به‌و هه‌ڵوێسته‌ى خۆتاندا بچنه‌وه‌و له‌وه‌ تێبگه‌ن به‌ شه‌یتانكردنی پارتی و به‌شه‌یتان سه‌یركردنی پارتی نه‌ هیچتان بۆ به‌رهه‌م ده‌هێنێت و نه‌ به‌ هیچ ئاكامێكی باشتان ده‌گه‌یه‌نێت. ته‌نانه‌ت خۆتان باش ده‌زانن ئه‌وى شه‌یتان چۆن رۆژانه‌ نه‌ك له‌ ریزه‌كانی خواره‌وه‌تان به‌ڵكو له‌ ریزه‌كانی سه‌ره‌وه‌شتان له‌ خشته‌ ده‌بات، خۆتان ده‌زان كه‌ چۆن ژێر به‌ژێر زۆرێكتان رۆح و ویژدانی خۆتان به‌و شه‌یتانه‌ فرۆشتووه‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتی مادى و دنیایدا. خۆشتان ده‌زانن كه‌ ئه‌و مژده‌ى به‌هه‌شته‌ى ئێوه‌ى به‌ ناو ره‌حمان به‌ شوێنكه‌وتووانی خۆتانتان داوه‌و، به‌شێكیش له‌ خۆشتان پێده‌چێت شه‌ریكی شه‌یتان بن، واده‌كات شوێنكه‌وتووه‌كانتان ورده‌ ورده‌ له‌و په‌یمانه‌ى دابوویان پاشگه‌ز ببنه‌وه‌و ئه‌وه‌ش وابكات سه‌نگه‌رى شه‌یتان گه‌وره‌ترو فراوانترو به‌هێزتر ببێت، كه‌ ئه‌وه‌ش هاوسه‌نگی ئه‌م گه‌ردوونه‌ تێكده‌دات و یه‌ك هێز باڵاده‌ست ده‌بێت كه‌ ئه‌ویش له‌ روانینه‌كه‌ى ئێوه‌وه‌ هێزى شه‌یتانه‌. ئایا ئێوه‌ ده‌توانن پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ن كاتێ ئه‌وه‌ى ئێوه‌ به‌ شه‌یتانی ده‌زانن له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع به‌ته‌واوى باڵاده‌ست بێت چی ده‌كات وچاره‌نووسی ئێوه‌ش چی لێدێت؟
كه‌واته‌ باشتر وایه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌تان بگۆڕن و رێگایه‌كی تر بگرنه‌به‌ر چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع دیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی به‌ شه‌یتانكردنی پارتی، پارتی له‌وه‌ى كه‌ هه‌بووه‌ به‌هێز تر كردووه‌و ئێوه‌شی له‌وه‌ى كه‌ هه‌بوون لاوازترو بێهێزتر كردووه‌. ئایا به‌راستی خه‌ڵك حه‌زى له‌ شه‌یتانپه‌رستیه‌ یان تێڕوانینه‌كه‌ى ئێوه‌ له‌ جێی خۆیدا نیه‌. بێگومان هێشتا تارمایی دوو پیاوى گه‌وره‌ ماوه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌یتانه‌دا ئاماده‌ییان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش تارمایی مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروانه‌. بێگومان له‌ مردنی ئه‌و دوو پیاوه‌دا لاوازییه‌كانتان ده‌گاته‌ ئاستێك كه‌ ره‌نگه‌ هیچ بوارێكتان بۆ نه‌مێنێته‌وه‌ بۆ دایه‌لۆك كردن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌ شه‌یتانی ده‌زانن، بۆیه‌ باشتر وایه‌ تا ئه‌وان ماون فریا بكه‌ون و له‌ خاڵێكی تره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ن كه‌ خاڵی سه‌یركردنی پارتیه‌ وه‌كو حیزب وه‌كو مرۆڤ نه‌ك وه‌كو شه‌یتان و پیاوى ئه‌م و ئه‌و چونكه‌ ئه‌وه‌ هیچتان بۆ به‌رهه‌م ناهێنێت. ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵوێسته‌ بوو كه‌ پارتی كرده‌ حیزبی یه‌كه‌م و ئێوه‌ش نه‌ك به‌ ته‌نیا به‌ڵكو به‌ هه‌مووشتان ناتوانن قورسیتان له‌سه‌رى هه‌بێت و ئه‌وه‌تا هه‌ر گوێیشتان لێناگرێت. ئێستا هیچ هاوسه‌نگیه‌ك له‌ نێوان ئێوه‌ى ره‌حمان و ئه‌وى شه‌یتاندا نیه‌، هه‌رئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌ كه‌ ئه‌و شه‌یتانه‌ زۆر بێباكانه‌و زۆر به‌ هێمنانه‌ ده‌جوڵێت و خۆیشی ده‌زانێت كه‌ هه‌م رووداوه‌كان بۆ كوێ ده‌چن، هه‌م چۆن به‌پێدانی به‌رژه‌وه‌ندى رۆحی به‌شێكی باشتانی كڕیووه‌و پێده‌چێت ترسی لێـتان نه‌مابێت. بۆیه‌ باشتر وایه‌ ئه‌و تێڕوانینه‌تان بگۆڕن و پارتی له‌ پێگه‌ى شه‌یتانه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ پێگه‌ى حیزب و مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ى زه‌مینه‌ى دایه‌لۆگ له‌ نێوانتاندا پێكبێت، چونكه‌ له‌ پێش پارتیه‌وه‌ ئه‌وه‌ به‌ قازانجی خۆتانه‌. ئه‌مانه‌ى من ده‌یڵێم راستی تفت و تاڵن. من پێشی نزیكه‌ى چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك و له‌سه‌روبه‌ندى سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕى نێوان یه‌كێتی و پارتیدا كه‌ یه‌كێتی له‌ ئه‌وپه‌ڕى هێزیدا بوو ئه‌مانه‌م به‌ یه‌كێتی گووت به‌ڵام ئه‌وان گاڵته‌یان به‌ عه‌قڵم ده‌هات. به‌داخه‌وه‌ پێده‌چێت چاوى ئاسایی ئێوه‌ تواناى بینینی ئه‌وه‌ى نه‌بێت له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع هه‌یه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى له‌ مه‌له‌كردن له‌ ئاوى لێڵیشدا به‌ربه‌ست بێت له‌به‌رده‌م كاركردنی عه‌قڵدا بۆ لێكدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن، چونكه‌ پَده‌چێت ئێوه‌ به‌و خه‌یاڵه‌ بژین ئه‌و شه‌یتانه‌ى به‌رامبه‌رتان زۆر لاوازه‌و ده‌شێ بڕوخێت، به‌ڵام هه‌م ئاماژه‌ ناوخۆییه‌كانی ناو كوردستان و هه‌م ئاماژه‌كانی ناو عێراق و ده‌وروبه‌رو نێوه‌ندى سیاسه‌تی جیهانیش پێچه‌وانه‌ى خه‌ون و خه‌یاڵه‌كه‌ى ئیۆه‌ نیشان ده‌دات. بۆیه‌ باشتر وایه‌ خۆتان له‌و خه‌یاڵ و وه‌همه‌ فریوده‌ره‌ رزگاربكه‌ن كه‌ ئێوه‌ ره‌حمانن و هه‌ڵگرى پرۆژه‌ى خێرو به‌خته‌وه‌رى و به‌هه‌شتن بۆ خه‌ڵك چونكه‌ دره‌نگ یان زوو جه‌ماوه‌رو خۆشتان ده‌گه‌نه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ى كه‌ به‌م رێگایه‌ ناگانه‌ ئه‌نجامێك كه‌ هه‌م بۆ خۆتان وه‌كو حیزب و بۆ میلله‌ته‌كه‌شتان سووبه‌خش بێت.
Top