سیاسەت لە تورکیای ئەمرۆدا و گۆتارێکی نۆێ بۆ کورد

سیاسەت لە تورکیای ئەمرۆدا و گۆتارێکی نۆێ بۆ کورد
لە پرۆسەی لە خۆ گەرانی سیاسەتی تورکیا دا لە دوای سالانی دەستپێکی ٢٠٠٠ئەوە، ئالترناتیڤێک خۆی وەک هێز رێکخست، ئەم دیاردەیە لە دوای رووخانی ناوەندی سیاسەت بە تایبەت لەو سالانە دا رووی دا. بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمی گۆڕانی دێمۆگرافی ئەو ولاتە بوو کە تورکیای ئانادۆلی لە بەرانبەر بە تورکیای ئەوروپی و سێکۆلار دا سەری هەڵدایەوە.
لە کارتە بەهێزەکان، کارتی پرسی مێژوویی کوردیی بوو، بەلام لەم کارتە دا دەستەلاتی نۆێ توانێ تا نیوەی رێگای ببرێتەوە هەر چۆن سیاسەتی -بە بێ کێشە لە ناوخۆدا و بە بێ کێشە لەگەل جیرانان- نەتیجەی بوو بە هەم کێشە لە ناو خۆدا و هەمیش کێشە لەگەل جیرانان دا.
سیاسەتی کوردییش گۆڕانی گەورەی بەسەر دا هات و سەرەرای والا بوونی دەرگای زۆر شانسی گەورە بەرەو پرسی کوردییدا، سیاسەتی کوردیی پشتی لە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد کرد و ئامانجی خۆی لە سەر بنەمای چەپی وەهمی و مەشکوکدا بنا کرد و نەتیجەش بوو بە لە دەست دانی فرسەت و پاشەکشەی گەورە و زەرەرمەند بوونی کورد.
کە مەیدان لە بۆ بزووتنەوەی کورد لە باکووردا تەنگ بوو و بە نیسبەت پرسی کوردی هەر دوو ئالی حکوومەت و سیاسەتی کوردی کەوتنە سیاسەتی لە ناو بردنی یەکتر ، سیاسەتی کوردی بۆ جۆبرانی شکستەکان زیاتر لە جاران هەم کەوتە بەر زەخت و کارتێکەریی سیاسەتی ناوچەیی و هەمیش چارەی کاری لەوەدا دی کە لە بەشەکانی تری کوردستاندا ئاکتیڤتر بێتەوە.
بەلام ئەم ئاکتیڤ بوونە رێنیسانسی فیکری و دەرس وەرگرتن لە تەجروبە و شکست نەبوو، بۆیە نەتیجە بووە بە رووبەروو بوونەوەی نیزامی و عەسکەریی لەگەل بەشەکانی تری بزووتنەوەی کوردیی لە پارچە جیاوازەکانی کوردستاندا بە تایبەت لە رۆژئاوا و باشووردا.(روداوەکانی رۆژئاوا و باشوور و شەنگال نموونەن). سیاسەتێکی مۆخەریب.
وا دێتە بەرچاو کە بەم زووانە نەتیجەیەک لەم سیاسەتی کوردییە لە باکووردا وەدەست ناێت و هەروەها لە رۆژئاوادا، رۆژگاری ئەمرۆ سرینەوەی ئەحزاب قەبوول ناکات و سیاسەتی یەک گۆتاریی ئیدیئۆلۆژیکی بۆ میللەتان سەر ناگرێت، بۆیە هیچ هیوایەک بۆ داهاتووی ئەم سیاسەتە لە هیچ پارچەیەکی کوردستاندا لە ئارا دا نییە.
ئەم وەرچەرخانە سەرەرای شکستی ئەم رۆی، شانس و فرسەتێکە بۆ زال کردنی گۆتارێکی نۆی لە سەر بنەمای پرسی کورد جا چ لە باکوور بێ یان لە رۆژئاوادا. ئەم شانسە هەیە و لە ئارادایە و بار و دۆخ خوازیاریی گؤڕانە.
گۆتاریی نۆێ لەسەر بنەمای بۆچوونی مارجینالی ئەنتێرناسیۆنالیستیی بێ سەر وبەر و لە زۆر کاتاندا مەشکووکدا نابێت، بەلکوو لە سەر پرسی کۆنکرێتی مافی کورد دەبێ بنا بنرێت جا چ بۆ ئاشتی بێت یان بۆ شەر
Top