دیداری سلێمانی و فۆكۆیاما و قسە نوێكەی عەبادی

دیداری سلێمانی و فۆكۆیاما و قسە نوێكەی عەبادی
*پێنجەمین دیداری سلێمانی ئەمساڵ بە بڕوای من دەوڵەمەنترین دیدار بووبێ لەچاو ساڵانی رابردوو بەتایبەت كە هەندێ سیاسەتوان و بیرمەند و شرۆڤەكاری ناسراوی جیهانی بەشدارییان تێداكردبوو.
لیرەوە وێڕای هەندێ تێبینیم، بۆ نمونە، مادام وەرگێڕی خێرا هەبوو باشتر بوو هەر كەسایەتییەك بە زمانی خۆی دوابا بەڵام ئەمە زۆر گرنگ نییە، ئەوەی گرنگ بو هەڤپەیڤینە دوو قۆڵیەكەی دكتۆر بەرهەم ساڵح و فۆكۆیاما بوو. لە راستیدا سەرنج ڕاكێش بوو. هەروەها وتارەكەی حەیدەر عەبادی سەروەزیری عێراق بوو كە تێزێكی نوێی دەربارەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان خستە بەردەم سەركردایەتی كورد.
*فۆكۆیاما، لە ماوەیەكی زۆر كورت بارتەقای كتێبێك لە مەعریفەی سیاسی و جیهانی بینی قسەی كرد. رەنگە گرنگترینیان چەمكە سەرەكیەكانی حكومەت و كایەی سیاسی هەر نەتەوەو پێكهاتەیەك بێت. لێرەدا ئەو بابتە دوا دەخەم بۆ دەرفەتێكی تر چونكە تا بڵێی زۆر لە خۆ دەگرێ بەتایبەتی دەربارەی كورد و ناوچەكە و ئایندە. ئاخاوتنەكەی حەیدەر عەبادی دەكەمە ئامانج بەتایبەت لە چەند رستەیەكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد پیویستە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بە هاوبەشی هەموو لایەك بەڕێوە ببرێ. هەڵبەت وشەی هەموولایەك مەبەست لێی زیاتر بەغدا و هەولێر بوو واتا عەرەب و كورد.
*ئەم چەند رستەیە لای كارزانانی سیاسی لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ كرا هەندێك پێیان وابوو هەمان قەوانی جارانە و هیچی نویی تێدا نییە هەروەها خودی شیعە رێكنین لەسەر تەنانەت مانەوەی سەروەزیر چ جای هاتنە ژێرباری ئەو قسانەی كە زۆر هەڵدەگرێ.
لایەنی دووەم بە پێچەوانەوە وای لی دەڕوانن تەرحێكی تازەیە، كە من خۆم لەگەڵ ئەو بۆچوونەدام چۆن؟.
*نازانم ئەمریكیەكان یان سەرۆك بارزانی قەناعەتیان پێ كردبێ خاڵێك بێتە پێش لەمەڕ ئەو دۆسێ ستراتیژە گرنگە یان نا !. چونكە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ نزیكە و بێ گومان دوای ئاریشە و ئاشوبی داعش ئەم فایلە گرنگترین ئەولەویاتی هەولێر و بەغدا دەبێت. لیرەدا ئەوەی لێم خوێندۆتەوە ئەوەیە كە وێڕای مرداربوونەوەی ماددەی (١٤٠) دەكرێ ئەم دەستەواژەی (بە هاوبەشی بەڕێوەبردنە) ببێتە دەستپێكی دانوستان و گفتوگۆكە بە ڕای من ئەوە بۆ كورد سودی هەیە چونكە لێرەدا تۆ سەدا پەنجای راستەوخۆی بێ وتوێژت لە دەستدایە و دانیشتن لە هەمبەر پەنجاكەی تردا دەكەی. هەن، وا دەڕوانن ئێمە مادام كوردستانمان ئازاد كردووە چ پێویست بەوە دەكات. وەلێ نابێ ئەوەمان بیربچێ كە هێشتا (بە داخ و پەژارەوە) لە فۆڕمی عێراق دا دەژین بۆیە هەڤپەیڤینی هاوبەشی مەدەنیانە پێویستە خۆ گەر سەركەوتووش نەبین ئەوا كۆنترۆڵی خاكی خۆمان لە دەست خۆمانە و هیچمان زەرەر نەكردووە.
*پێموابێت ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە لە ئێستاوە سەركردایەتی كورد ئەجندا بۆ ئەو پەنجایە ئامادە بكات چونكە مادام عەبادی ئەو قسەیەی فڕێدا واتای ئەوە دەگەیەنێ ئەوان خەریكی ئامادە سازین بۆ ئەوە، بۆیە ئێمەش نابێ دواكەین چونكە زۆر هەلمان بەهۆی دواكەوتنەوە لە دەست داوە دەبا ئەو جارە وانەبێت.
Top