سیاسەتی یەکترسڕینەوە و نەهێشتنی کوردستان
March 7, 2017
وتار و بیروڕا
کاتێک هێزی کوردی باڵادەست لە پارچەیەکی کوردستان خۆی وەکوو حاکمی موطڵەق نیشانی جیهان دەدات جگە لە خۆزاڵبوون و سڕینەوەی لایەنی بەرامبەری کە هەر کوردە هزر جیاوازەکانی ترن لەو هەڵکەوتە جوگرافیایەی تێیدان هیچ پێناسێکی تر نییە جگە لە سڕینەوەی ئەوانەی تر تا بتوانین لە ئاست ئەم کارە پێناسی بۆ بکەین.
لە دوای "بەهاری عەرەبی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەبادولی سوڵتات لە ناوچەکە بیندرا، سەرەتای شۆڕش کە لە هەناوی وڵاتی "تونس" هاتە ئاراوە و بە سوتاندنی "محمد بوعەزیزی" بڵێسەی شۆڕش دەستی پێکرد و تەشەنەی سەند بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هێزە بیانییەکان کاریان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان کرد لە ناوچەکە تا بتوانن جارێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان شوێندەستی خۆیان بسەپێنن و قودرەتی خۆیان لە گۆڕانەکان بەکارهێنا بۆ ئەوەی دهاتوو وەکوو ئەوان نەخشاندوویانە وا دەربچێت و ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕست بە دڵی ئەوان بێتە ئاراوە.
شۆڕشی وڵاتانی "عەرەبی" لە دیدگای تیۆرسین و سیاسییە غەیرە عەرەبەکان بە خاوێنتر و کامل و شاملتر لە شۆڕشی فەڕەنسا و ئەوروپا "ڕێنسانس" وەسف کراوە، بەو پێیەی کە بەکەمترین کات و کەمترین خوێنڕشتن خۆی لە واقعدا تەبەنی کرد و توانی لە هەموو ئەو درزە چێبوویانە خۆی بباتە ناوەوە و فۆڕمێکی نوێ لەو قۆناغە دروست بکات و سیستەمە کۆنەکان بڕوخێنێ و سیستەمی سیاسی نوێ لەدایک بێت لە وڵاتان.
"سوریا" ستۆپی بەو حەرەکەیە کرد کە لە ناوچەکە بە شێوەیەکی خێرا خۆی قاڵبدارکرد، هەر چوار وڵات کە "سایکس پیکۆ" قەدەری گەلی کوردی پێیان دابەشکرد لە حدودێکی موشتەرەک لەگەڵ یەکتری بەیەکەوە بەستراونەتەوە، وەستانی شۆڕش لە "سوریا" قۆناغی گۆڕانەکانی دواخست و گۆڕانەکان بە شکلێکی تر و لە فۆڕمێکی ترەوە خۆیان پێناسکرد، پڕۆژەکان بۆ هاتنە ئاراوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ جیاوازن، زەقترینیان پڕۆژەی "ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا"یە، کە ناوزەند کراوە بە پڕۆژەی "جۆزێڤ بایدن"ـی جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمریکا کە ئەو وڵاتە بە کامل قودرەتەوە کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە لە ناوچەکە دەکات و پڕۆژەکە تا حەدێک بۆ ئەو وڵاتانە جێگای ژانە کە کورد تێیاندا دابەشبووە چونکە دەوڵەتی کوردستان سیمایەکی تایبەت بەخۆی هەیە لە پڕۆژەکە و کوردستان ناوێکی دیار و دەرکەوتەیەکی مۆدێرانەنەیە لەو پڕۆژەیەدا، تەقسیمبەندی هەردوو وڵاتی (سوریا __ عێراق) لە پڕۆژەکە زۆر بە ڕوونی ئاماژەی پێ دراوە، ئەگەری یەکگرتنی هەردوو پارچەی کوردستانی (ڕۆژڤا __ باشور) ئەگەرێکە لە واقعی ناوچەکە خۆی نمایش دەکات و لە دوای یەکگرتنی ئەم دوو بەشەی کوردستان دەوڵەتێکی کوردستانی مەزن و هاوپەیمان لەگەڵ (ئەمریکا __ ئەوروپا) دەبێتە واقعێکی ناوچەکە و ئیدی هیچ هێزێک ناتوانێت پەلاماری کوردستان بدات و ئەنفال و تەعریب و کورد قڕاندن ئیدی کۆتایی دێت.
وەک چۆن لە حاڵەتی کپکردنی شۆڕش لە "سوریا" ئیران لە بەرامبەر "سعودیە" حوسییەکانی "یەمەنی" کردە لامپەر، هەمان کارتیش بەڵام بە هێزێکی تر ڕێگری کرد لە بەرخودانی ڕاستەقینەی "ڕۆژاڤا" و توانی بە کڕینی چەند کەسایەتیەکی ناو "پ.ک.ک" کە زاڵن بەسەر "ی.پ.گ" بەرخودانی کوردانی "ڕۆژاڤا" لەو مانافێستە تەفسیر بکات کە خزمەت بە ڕژێمی "بەعس" و مانەوەی "بەشار ئەسەد" سەرۆکی سوریا دەکات، مانەوەی ئەسەد لە سوریا وەکوو سەرۆک قودرەت و هێزی "ئیران" نیشان دەدات و لەقبوونی پڕۆژەکەی "بایدن" لە ئاست ناوچەکە نمایش دەکات. "ی.پ.گ" لە "ڕۆژاڤا" لە گەڵ هەموو ئەو هێزانە ڕێک دەکەوێت کە دژی بەرەو پێشچوونی کوردستانن ئاڵای بەعس و وێنەی دامەزرێنەری حزبی بەعس "میشێل ئەفلەق" لە کۆبانێ و جزیرێ لە دیوارەکان دەدات و وێنەی "بارزانی نەمر" و بارەگاکانی "ئەنەکەسە" دەسوتێنێت.
"پ.ک.ک" لە "باکور" باوەڕی تەنها بە وەحدانی خۆی هەیە و جگە لە خۆی کەسی تر بە خاوەنی قەزییەی کوردی نازانێت، بەڵام سەیر ئەوەیە لە دوای ئەو هەموو کاتە لە ساحەکە بەقەد یەک مسقالە زەڕەش دۆزی کورد لە سەر دەستی ئەو هێزە پێشوەچوونی بەخۆی نەدیوە بەڵکو هەمیشە سەرکردەکانیان لە قەندیلەوە کاریان بۆ ئەوە کردووە "پڕۆسەی ئاشتی" نەهێڵن و دۆخی کورد بۆ سەردەمی "تورکت ئۆزال" بگەڕێننەوە و کورد بە "تورکی چیایی" ناوزەند بکەنەوە.
دۆخی "باشور" زۆر جیاوازتر بەرەو پێشچوونی بەخۆی بینی، هەرێمێک توانای ئەوەی هەبوو هێزی "پێشمەرگە" بۆ پارچەیەکی تری کوردستان لە حاڵی کەوتن فڕێبکەت، لە کاتی جەنگی دژ بە تیرۆرستانی "داعش" گەورەترین وڵاتی جیهان کە "ئەمریکا"یە، هاتە سەر خەت و هێزی ئاسمانی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان خستە کار، فرۆشتنی نەوت و بەبازاڕکردنی نەوت لە بەندەری نەوتی جیهان بە بۆڕی لە ڕێگای وڵاتی "تورکیا"، سەردانی سەرۆکی وڵاتان و شاندە دیپلۆماسی و سەربازیەکان لە سەختترین کات و ڕێککەوتنامەی سەربازی نێوان (ئەمریکا __ کوردستان) توانی گورزی کوشندە لە دوژمنانی کوردستان بدات و تووشی شکستێکی سەرتاسەریان بکات.
کۆتا کارتی دوژمن سڕینەوەی کوردستانە بە دەستی کورد، هێزەکانی سەر بە "پ.ک.ک" سنورێکی بێ سانسۆرییان بۆ خۆیان دروست کردووە و لە هەر شوێنێک "ئیران" ئەمر بکات ئەو شوێنە بە موڵکوو ماڵی خۆیانی دەزانن و لە ژێر ناوی کورد بوون خزمەت بە دوژمن دەکەن.
لە مەنهەجییەت و ئەدەبیاتی "ئیران"دا، هیچ کاتێک ناوێک نییە بە ناونیشانی "کوردستان" هەر بۆیەشە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەو پێشوەچوونانە دەوەستێت کە لە ناوچەکە بۆ دۆزی کورد و کوردستان ڕەخساون.
خیتامی کێشەکان بە پانکردنی سەری ئەژدیهاکە کۆتایی دێ بۆ ئەوەی بتوانین سەری ئەژدیهاکە بقرتێنین پێویستیمان بە تەحەمول و قودرەتێکی مەزن هەیە و دەبێت لە ئاست گەورەیی گۆڕانکاریەکان بفکرین و هێزی خۆمان بۆ بنیادنانی وتاری کوردستانێکی سەربەخۆ بخەینەگەڕ.