هێزی بەکرێگیراو!
March 6, 2017
وتار و بیروڕا
هەموو ئەو جەنگە ئیعلامی و سیاسی و ئیقلیمی و سەربازییەی دەرحەق بە پارتی دەیکەن تەنها لەبەر ئەوەیە پارتی ڕازی نییە بچێتە ژێر بەرنامەی "ئیران" و ببێتە کارتێک بە دەستی سەرکردەکانی "شیع"ە، لە ناوچەکە. کاتێک وڵاتان "پ.ک.ک" لە لیستی تیرۆر دادەنێن دەزانن بۆچی ئەم کارە دەکەن، جیهانی سەدەی (21) شوێنی گروپی توندڕۆ و مرۆڤی شەڕانگێزی تێیدا نابێتەوە، هێزێک بە زەڕبی چەک شوێنی خۆی دەکاتەوە و تەنها لە ڕوانگەی هێزەوە دەڕوانێت و جیهان لە ڕوانگەی ئەو هەتا ئێستا بە تاک لایەنە پێناس دەکرێت و هەموو لایەکی تر زەڕبی سفر دەکات و تەنها خۆی پێ قبوڵە.
کاتێک بەرخودانی "ڕۆژاڤا" شکستی خوارد "پێشمەرگە" هێزی ئینقازی "کۆبانێ" بوو، "پێشمەرگە" شەهید و برینداری داو توانی دەستی برایەتی درێژ بکات بۆ برا و خوشکانی لە پارچەیەکی تری کوردستان پاراست، "پێشمەرگە" نەبووە هێزی تاڵان و هیچ ماڵێکی "ڕۆژاڤا" گلەیی ئەوەیان لە "پێشمەرگە" نەکردووە کە تاڵانی ماڵ و حاڵیانی کردبێت.
توانای "پێشەرگە" لەوەبوو توای ناوچەکە وەکوو کادۆیەک ڕادەستی ئەو هێزە خۆسەپێنە بکات کە شکستی خوارد لە پاراستنی ئەو ناوچەیەی کە بە هێز خۆی تێدا سەپاندووە و هەر کەسێک نەچێتە ژێر باری فەرمانەکانی یان دەیکوژێت یان ئیهانەی دەکات.
کۆتا کارتی "ئیران" و حلفەکانی ئەوەیە بتوانن لە ڕووی سەربازییەوە هێزی "پێشمەرگە" گۆشەگیر و لاواز بکەن، "شنگال" ناوچەیەکە لە ڕووی جوگرافیاوە هەڵکەوتەیەکی گرێدراوی حدودی هەیە، بۆ ئەوەی بتواندرێت پێگەی کوردستان لە ڕووی ستڕاتیژی سەربازی لاواز بکرێت هەموو ئۆپشنەکانی "ئیران" لەو ناوچەیە خرانە تاقیکردنەوە و شکستیان خوارد.
ئەو جارە "حەشد" و "پ.ک.ک" بەیەکەوە مانۆڕ دەکەن و یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە ئەویش کردنەوەی ڕێگای "سووریا __ عیراق"ە، بەو جۆرەی کە "ئیران" لە دوای هاتنی "داعش" کاری بۆ دەکات. هەر هێزێکی کوردی کار بۆ باڵادەستی ئەم پڕۆژەیە بکات لە داهاتوو بە خایین و خاک فرۆش لە مێژوو ناوی خۆی تۆمار دەکات و ڕووبەڕووی دادگای گەل دەبێتەوە.