شایەتی بە تامی کوردایەتی

شایەتی بە تامی کوردایەتی
پەکەکە لەگەڵ سێ دەوڵەتی داگیرکاری کوردستان و دوژمن بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان کورد رێک و تەبایە و موو بە بەینیانەوە ناچێ، لە هەر پارچەیەکی کوردستانیش کلک و پاشکۆیەکی درووست کردووە و لە ریگەی ئەو کلک و پاشکۆیانەوە کێشە بۆ لایەنە کوردستانیەکان درووست دەکا و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە شەڕیان پێ بفرۆشێ، لە باشوور ئەوەندەی کێشەی بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی و هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی درووست کردووە و شەڕی حزب و لایەنەکانی کردووە، ئەوەندە کێشەی بۆ نەهێشتنی سیاسەتی داگیرکاری هیچ داگیرکارێکی کوردستان درووست نەکردووە، سەردەمانێک بە قۆناغ و وەک ئەوەی ئێران دەیویست شەڕی پارتی و یەکێتی دەکرد، دوای ئەوە شەڕی شەڕی بە پارتی دەفرۆشت و دواتر نۆرەی یەکێتی دەهاتەوە، ئێستاش لە شنگال (یەپەشە)ی درووست کردووە و بە ماف و ئیمتیازاتی حەشدی شەعبی شەڕی پێشمەرگەی رۆژئاواو باشووریان پێدەکات.
لە رۆژئاوا (پەیەدە)ی درووست کردووە و لەگەڵ سوپا کورد کوژەکەی بەشار ئەسەد سەنگەربەندی پێکردوون و بارەگای (ئەنەکەسە)و هەموو ئەو حزب و لایەنانەی رۆژئاوایان پێدەسووتێنێ کە ناچنە ناو سەنگەربەندیەکەوە، یان نابن بە بەشێک لە داگیرکاری وڵاتەکەیان و دوژمنی نەتەوەکەیان، هەر بەو هێزەی پەیەدەش پارێزگاری لە بەرز راگرتنی ئاڵای سوریای دوژمن بە کورد دەکا و ئاڵای کوردستانیشیان پێدەخاتە ژێرپێ.
لە رۆژهەڵاتیش بۆ رازی کردنی ئێران و دەربڕینی وەفا و هاوپەیمانی بۆی، گەریلای تێکەڵ بە پاسدارە سنوور پارێزەکانی ئێران کردوون و شەڕی ئەو حزبانەی رۆژهەڵاتیش دەکات ئەگەر بیانەوێ سنوور ببەزێنن و هەوڵی رزگار کردنی ئەو بەشە داگیرکراوەی کوردستان بدەن.
کاتیکیش باس دێتە سەر خەباتی رزگاری نیشتیمانی خراپتر لە داگیرکارانی کوردستان بە گژ هێزە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کورددا دەچێتەوە، روو لە چەوسانەوە و کوشتوبڕی کورد وەردەگێڕن و خۆیان دەخەنە ناو گێژاوی خەیاڵی سیاسی، سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیش بە شەرم و کات بەسەرچوو دەزانن و، ماف و ئازادیە نەتەوەییەکان بە قەدەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسپێرن.
پەکەکە بۆ بە لاڕێدا بردنی خەباتی رزگاری نیشتیمانی و جێبەجێ کردنی فەرمانەکانی ئێران و زاڵ کردنی بەرەی شیعە لە ناوچەکە، پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە پەردەی داپۆشینی ئەو جاشایەتیەی بە تامی کوردایەتی دەیکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵە سیاسی و سەربازیەکانی لەسەر نانەوەی ئاژاوە لە باشوور و بەشەکانی تری کوردستان چڕ کردوونەوە، لێرەدا دەپرسین: بۆچی و لە پێناو چیدا پەکەکە لە باشوور شەڕی هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات؟ بۆچی باشووری کردۆتە دەروازەی سەرکەوتنی پرۆژەکەی و هەڵگرتنی سنووری نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
وەڵامی ئەو پرسیاریانە روون و ئاشکرایە، پەکەکە و هەموو خەڵکیش دەزانێ کە پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵگرتنی سنووری نێوان وڵاتانی ناوچەکە و کردنی بە یەک دەوڵەت، رووداوێکە و بە خەونیش نایەتەدی، بۆیە ئەوەی پەکەکە بە پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی دەبات، لە راستیدا پرۆژەی ئێرانە و بۆ چەواشە کردنی خەباتی نەتەوەیی و رێگری کردنە لە سەربەخۆیی کوردستان و دەمەزراندنی دەوڵەتی کوردی.
Top