پەیەدە بە خوێن وەردەگرێ و بە سوپاس دەیداتەوە

پەیەدە بە خوێن وەردەگرێ و بە سوپاس دەیداتەوە
بەشار ئەسەد دوای تەنگاو بوونی و بۆ خۆ کۆکردنەوە و بەرگری کردن لە ناوچە ستراتیجیانەی بۆ مانەوەی رژێمەکەی گرنگ بوون و بە مەبەستی رێگری کردن لە سەرهەڵدانی شۆڕشی کورد لە رۆژئاواش، بە پێی رێککەوتنێکی نەهێنی لەگەڵ لەگەڵ پەکەکە بەشێک لە ناوچە کوردستانیەکانی وەک ئامانەت رادەستی پەیەدەی کلکی پەکەکە کردن، بۆ پاراستنی ئەو ئامانەتیەش پەیەدە درێغی نەکرد و هەرچی پێیکرا کردی، ئەمڕۆ کە رژێمی سوریا بە پشتیوانی وڵاتی روسیا و هاوکاری ئێران و هێزە شیعەکانی سەر بە ئێران کێرڤی سەربازی بەرز بۆتەوە، ئامانەتیەکە وەک خۆی لە پەیەدە وەردەگرێتەوە.
پەیەدە هاوشانی سوپا کورد کوژەکەی بەشار ئەسەد دەجەنگێ و رێگریش لە چوونەوەى پێشمەرگەکانی رۆژئاوا دەکات، ئاڵاس بەعسی سوری بەسەر سەریانەوە دەشەکێتەوە و ئاڵای کوردستانیش دەخەنە ژێرپێ، رێگری لە بردنەوەى شەهیدانی رۆژئاوا دەکا و بۆ کوژراوانی سەربازانی سوپای سوریاش هاوخەمی دەردەبڕێ، شار و شارۆچەکەکانی رۆژئاوای کوردستان بە کانتۆن دەکەن و سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیش بە شەرم و داوایەکی بەسەرچوو ناو دەبەن، هەر کوردێک وەک ئەوان بیر نەکاتەوە و هاوپەیمانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد نەبێ زیندانی دەکرێ، بە زۆرملێ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان چەکدار دەکەن و شەڕی باڵادەستی بەرەی شیعەیان پێدەکەن، لەگەڵ ئەو راستییانە و زۆر راستی تریش کاتێک دەمانگوت: تاکە ئامانجی پەیەدەی کلکی پەکەکە بەرگری کردنە لە مانەوەی بەشار ئەسەد و رژێمەکەی، پێیانوابوو کفرمان کردووە و لە بەرەی کوردبوون و کوردایەتی دەرچووین.
پەیەدە بۆ رزگار کردنی دوو شاری (باب و مونبج) سەدان گەنج و لاوی کوردی بە کوشت دان، ئێستا کوردانی بەرەی ئێران و ئەکرادەکانی نوری مالیکی چی دەڵێن کە پەیەدە رادەستی سوپاکەی بەشار ئەسەدی کردنەوە؟
ماوەیەک بەر لە ئێستا وەزیری دەرەوەی سوریا گوتی: هەموو ئەو ناوچانەی بە ئامانەت دراونە پەیەدە دەبێ بکەونەوە ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریا، تەنانەت بە مافی فیدراڵی و کەلتووریش بۆ کورد رازی نەبوو، دەپرسین ئەگەر سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردی شەرم و داوایەکی بەسەرچوو بێ! کورد چ ئیشی بە شۆڕش و خوێن رشتنە؟
شۆڕش کاتێک دەکرێ کە مافت زەوت بکرێ، کوردیش مافی سەربەخۆیی لێ زەوت کراوە، جا ئەگەر شۆڕش بۆ وەرگرتنەوەی ئەو مافە زەوت کراوە نەبێ بۆ چییە؟
هاوپەیمانێتی دوو لایەن لەسەر بنەمای دەستکەوت و بەرژەوەندی دوو لایەنە دەبەسترێ، ئەگەر ناوچە ئازادکراوەکانی رۆژئاوا رادەستی سوریا بکرێنەوە دەستکەوتی پەیەدە لەو هاوپەیمانێتییە چی بووە؟ ئەو هەموو گەنج و لاوەی کورد کە پەیەدە لە رۆژئاوا بە کوشتی دان جگە لە درێژ کردنەوەی تەمەنی دوژمنەکەی، کورد چ کەڵکێکی لێوەرگرتووە؟
لە هەموو ئەوانشە سەیرتر پەیەدە کە کلکی پەکەکەیە ناوچە ئازادکراوەکانی رۆژئاوا رادەستی سوریای دوژمن بە کورد دەکاتەوە، بەڵام پەکەکە وەک زۆر جاری تر بە فیتی ئێران و دوژمنانی تری کورد لە شنگال شەڕ بە پێشمەرگە دەفرۆشێ، لێرەدا دەگەینە ئەو راستییەی کە هاوپەیمانێتی پەیەدە و رژێمی سوریا لەسەر بنەمای ئەو ناوچانەی بە ئامانەت دەتدرێنێ، بە خوێن بیان پارێزە و بە سوپاسێک بماندەوە.
Top