سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سيمبۆڵى پێشمه‌رگايه‌تى و به‌رخودانى نه‌ته‌وه‌يى

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى سيمبۆڵى پێشمه‌رگايه‌تى و به‌رخودانى نه‌ته‌وه‌يى
گه‌لى كوردستان به‌ درێژايى مێژوو به‌ خاك و خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ژێر هه‌ره‌شه‌ى جينۆسايدو قڕكردندا بووه‌، ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ كه‌وا رۆڵه‌كانى به‌رده‌وام له‌ پێناو مانه‌وه‌ له‌ تێكۆشان و به‌رخوداندا بن، مێژووى خه‌باتى كورد كاره‌سات و به‌رخودان و كه‌وتن و هه‌ڵسانه‌وه‌يه‌، دواى هه‌ر كه‌وتنێك كورد به‌ گوڕو تينێكى نوێوه‌ هه‌ڵساوه‌ته‌وه‌و، درێژه‌ى به به‌رخودانى خۆى داوه‌ته‌وه‌، له‌دواى نسكۆى شۆڕشى ئه‌يلول گه‌لى كوردستان به‌ گوڕو تينێكى نوێوه‌ هاته‌وه‌ كۆڕى خه‌بات و درێژه‌ى به‌ به‌رخودانى نه‌ته‌وه‌يى خۆيدا، له‌دواى كاره‌ساتى ئه‌نفاڵه‌كانى'1983 1987 و 1988 گه‌لى كوردستان جارێكى ديكه‌ كه‌وته‌وه‌ به‌رخودان و سه‌رهه‌ڵدانى به‌هارى 1991 ى له‌ مێژوودا تۆماركرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى له‌دايكبوونى په‌رله‌مان و حكومه‌تى كوردستان، ئه‌و ئه‌زموونه‌ش له‌ ماوه‌ى بيست ساڵى رابردوودا بۆ هه‌موو جيهانى سه‌لماند كه‌وا ئه‌گه‌ر بوار به‌ گه‌لى كوردستان بدرێت ده‌توانێت خۆى به‌ڕێوه‌ببات و ده‌وڵه‌تدارى بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ى كورد لە رابردوودا خاوەن دەسەڵات‌و شارستانییەت و كلتورى خۆى بووەو بەشدارییەكی كارای هەبووە لە بیناكردنی شارستانییەتی ميزۆپۆتاميا و ناوچەكەدا، ئەگەر بواری ئەوەی پێبدریت ببێتە خاوەن كیانی نەتەوەیی خۆی بە دڵنیاییەوە لە داهاتووشدا ڕۆڵێكی كاراتر دەگێڕێ‌ لە پاراستن و پێشڤه‌بردنى شارستانييه‌تى ناوچه‌كه ‌و بنیاتنانی كۆمەڵگه‌یەكی هاوچەرخ و مۆدێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، به‌حوكمى ئه‌وه‌ى كورد نه‌ته‌وه‌يه‌كى لێبورده‌يه‌، باوه‌ڕى ته‌واوى به‌ به‌يه‌كه‌وه‌ژيانى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ هه‌يه‌ كه‌ له‌گه‌ڵيدا ده‌ژين، ئه‌مه‌ش وايكردووه‌ هه‌موو كات ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌وا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى كورد دابوون ببنه‌ په‌ناگه‌يه‌كى ئارام بۆ ئه‌وانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌يان له‌سه‌ره‌، ئه‌وه‌ له‌ قۆناخى خه‌باتى شاخ، له‌دواى راپه‌ڕينى به‌هارى 1991 يشدا، كه‌ بووينه‌ خاوه‌ن په‌رله‌مان و حكومه‌تى كوردستان، وه‌ك هه‌ميشه‌ كوردستان به‌ په‌ناگه‌ى ئارامى ئازاديخوازان مايه‌وه‌، ئه‌و لێبورده‌يى و گيانى به‌يه‌كه‌وه‌ ژيانه‌ واى كردووه‌ كوردستان رۆژ به‌ رۆژ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت و گه‌شه‌ بكات.
پێشڤه‌چوونه‌كانى گه‌لى كوردستان به‌رده‌وامن و به‌هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك ناوه‌ستن، دوژمنان و ناحه‌زانى گه‌لى كوردستان بۆ وه‌ستاندنى پێشڤه‌چوونه‌كانى پرسى كورد به‌رده‌وام له‌ پيلانگێرێدان، له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشڤه‌چوونێكى گه‌لى كوردستان هه‌وڵيانداوه‌ پيلانێكى بۆگه‌ن دابڕێژن، هێرشه‌كانى ئه‌م دواييه‌ى رێكخراوى تيرۆريستى به‌ناو ( ده‌وڵه‌تى ئيسلامى ) ناسراو به‌ ( داعش ) له‌ چوارچێوه‌ ئه‌و پيلانانه‌دان كه‌ له‌ دژى كورد داده‌ڕێژرێن، ئه‌وه‌ش له‌و كاته‌وه‌ هات كه‌وا سه‌يريان كرد گه‌لى كوردستان خه‌ريكه‌ به‌ خه‌ونى نه‌ته‌وه‌يى خۆى ده‌گات، كه‌ ئه‌ويش راگه‌ياندنى سه‌ربه‌خۆيى و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردستانه‌، ئەم پرسەش لەلایەن كه‌سايه‌تييه‌ك باسده‌كرێ كە خاوەن ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی، سەرۆك مه‌سعود بارزانی وەك كاریگەرترین كەسایەتی ناوچەكە كە باس لەم پرسە دەكات بە باوەڕو ئیرادەوە باسی دەكات و كاریش بۆ سەرخستنی دەكات، سەرۆك بارزانی لە دیدگایەكی نەتەوەیی‌و نیشتمانی بەدوای چارەسەری پرسی رەوای گەلی كوردستانەوەیە‌و هەوڵی بۆ دەدات، ئه‌و هه‌وڵانه‌ى سه‌رۆك بارزانى بووه‌ پەیامێك بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە تاكە چارەسەری بنەڕەتی پرسی كورد دیاریكردنی مافی چارەنووسە لەلایەن گەلی كوردستانەوە، هەر كاتێكيش كورد ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات بڕیار لەسەر سەربەخۆیی كوردستان دەدات، كۆمەڵگای نێودەوڵەتیش باش هەستی بەمە كردووە بێ چارەسەری بنەڕەتی پرسی كورد زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، بۆیە ماوەیەكە چارەسەری ريشه‌يى پرسی كوردو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لەلایەن زۆر كەسایەتی گرنگ ‌و ناوەندی نێودەوڵەتی باسی لێوەدەكرێت ‌و بە شێوەیەكی ئاساییش وەردەگیرێت، بڕیاری دیاریكردنی مافی چارەنووس لەلایەن كوردەوە واتە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش واتە سەقامگیربوونی هێمنی ‌و ئارامی و ئاسايش لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، لەو روانگه‌وه‌ى كە كورد وەك هەر نەتەوەیەكی دیكە مافی رەوای خۆیەتی سەربەخۆ بێت و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەبیت، زۆر ناوه‌ندو كه‌سايه‌تى جيهانيش به‌بايه‌خه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ڵوه‌سته‌يان كردو، پشتيوانى خۆيان بۆ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك بارزانى راگه‌ياند.
عه‌قلييه‌تى ( شۆڤێنى عه‌ره‌بى و په‌ڕگيرى ئايينى ) تواناى هه‌رسكردنى پرسى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانيان نييه‌، بۆيه‌ كه‌وتنه پيلانگێڕان و هه‌ڵگيرساندنى‌ شه‌ڕ له‌ دژى گه‌لى كوردستان و، له‌رێگه‌ى رێكخراوى تيرۆريستى داعشه‌وه‌ به‌ره‌يه‌كى فراوانى شه‌ڕيان له‌ دژى گه‌لى كوردستان كرده‌وه‌، بێگومان رێكخراوى تيرۆريستى داعش كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ڕى كوردستان ده‌كات هه‌مان عه‌قليه‌ته‌ كه‌ له‌ مێژووى كۆن و نوێدا كوردستانيان ئه‌نفال و تاڵان كرد و، ئێستاش به‌هه‌مان عه‌قليه‌ته‌وه‌ هێرشيان هێناوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كوردستان، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ ئه‌مجاره‌يان به‌رخودانى گه‌لى كوردستان به‌ رێبه‌رايه‌تى پێشمه‌رگه‌ى نه‌ته‌وه‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى خه‌ونى دوژمن و ناحه‌زان له‌ گۆڕ ده‌نێ و خه‌ونى نه‌ته‌وه‌ييمان دێنێته‌دى! ئه‌و هێرشه‌ى تيرۆريستان بۆسه‌ر كوردستان بۆ هه‌موو لايه‌كى ده‌سه‌لمێنێت كه‌وا تا ئێستاش گه‌لى كوردستان مه‌ترسى جينۆسايد و قڕكردنى له‌سه‌ره‌، بۆيه‌ ئه‌م واقيعه‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ناچار ده‌كات كه‌وا جدديانه‌تر بير له‌ چاره‌سه‌رى ريشه‌يى پرسى گه‌لى كوردستان بكه‌نه‌وه‌، چاره‌سه‌رى ريشه‌ييش بۆ ئه‌م پرسه‌ واته‌ راگه‌ياندنى سه‌ربه‌خۆيى و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى كوردستان، بۆيه‌ ده‌توانين بڵێين ئه‌م شه‌ڕه‌ شه‌ڕى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانه‌.
بۆ له‌ گۆڕنانى پيلانى گڵاوى پيلانگێڕان هه‌ر زوو سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى وه‌كو پێشمه‌رگه‌يه‌ك چووه‌ سه‌نگه‌رى به‌رگريكردن له‌ خاك و خه‌ڵكى كوردستان و له‌ به‌ره‌كانى شه‌ڕدا مايه‌وه‌، بێگومان ئاماده‌بوون و مانه‌وه‌و شه‌ونخوونى به‌رده‌وامى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى به‌ خۆى و كوڕ و برا و خزم و كه‌سوكاره‌كانييه‌‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى به‌رگريكردن له‌ خاك و خه‌ڵكى كوردستان، مۆراڵى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانى به‌زركردۆته‌وه‌و جيهانيشى سه‌رسام كردووه‌، ئه‌وه‌ په‌يامێكه‌ بۆ هه‌موو جيهان كه‌وا گه‌لى كوردستان به‌ سه‌رۆك و خه‌ڵكه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ن و چيديكه زوڵم و‌ ژێر ده‌سته‌يى قبوڵ ناكه‌ن، سه‌يركردنى هه‌موو به‌ره‌كانى شه‌ڕ به‌يه‌ك چاو له‌لايه‌ن سه‌رۆك بارزانى ئه‌وه‌ وه‌ده‌رده‌خات كه‌ جه‌نابيان پێشمه‌رگه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌ و ئاماده‌يه‌ به‌ره‌ڤانى له‌ هه‌ر بسته‌ خاكێكى ئه‌م كوردستانه‌ بكات، سه‌رۆك بارزانى به‌رده‌وام له‌ خه‌مى خاك و خه‌ڵكدايه‌، بۆيه‌ كاتێ كه‌ تيرۆريستان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كوردستان، بۆ پاراستنى خاك و خه‌ڵكى كوردستان ده‌بێته‌وه‌ پێشمه‌رگه‌كه‌ى جاران و، له‌هه‌مان كاتدا بۆ به‌هانا هاتن و پاراستنى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ په‌يوه‌نديكردن به‌ وڵاته‌ بڕيار به‌ده‌سه‌ته‌كانى جيهان، ئه‌م په‌يوه‌ندييانه‌ش وايانكرد به‌په‌له‌ گه‌وره‌ترين زلهێزى جيهان كه‌ ئه‌مريكايه‌ به‌ پير داخوازييه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانييه‌وه‌ بێت و دواتر هاوپه‌يمانێتييه‌ك بۆ شه‌ڕى تيرۆريستان پێكبهێنرێت، بێگومان ئه‌وه‌ش هه‌روا سانا نييه‌، ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سياسه‌تى حه‌كيمانه‌و په‌يوه‌ندى راستگۆيانه‌ى سه‌رۆك بارزانى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ بايه‌خ وه‌رگرتنى داخوازى سه‌رۆك بارزانى له‌لايه‌ن ئه‌مريكا و وڵاتانى هاوپه‌يمانى، دۆستانى دڵخۆش و دوژمن و ناحه‌زانيشى بێئومێد كرد، لێره‌وه‌ ده‌بێ هه‌موو لايه‌ك ئه‌و راستييه‌ بزانن كه‌وا بارزانى چ وه‌ك كه‌سايه‌تييه‌كى شۆڕشگێڕ و چ وه‌كو رێبه‌رى گه‌لى كوردستان، كه‌سايه‌تييه‌كى گوێ لێگيراو و حيساب بۆكراوه‌ له‌لايه‌ن كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تييه‌وه‌، ئه‌وه‌ش شانازييه‌كى گه‌وره‌يه‌ بۆ گه‌لى كوردستان، كه‌وا كه‌سايه‌تييه‌كى وه‌كو بارزانى رێبه‌رايه‌تى ده‌كات.
سه‌ره‌ڕاى وه‌ده‌ستهێنانى پشتيوانى نيوده‌وڵه‌تى بۆ پاراستنى كوردستان له‌ هێرشى تيرۆريستان، خۆيشى له‌ جياتى كۆشكى سه‌رۆكايه‌تى سه‌نگه‌رى پێشمه‌رگايه‌تى هه‌ڵبژارد و، چووه‌ به‌ره‌كانى شه‌ڕه‌وه‌، مانه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى بۆ ماوه‌يه‌كى زۆر له‌به‌ره‌كانى شه‌ڕ له‌ زوممارو شنگاڵ و ره‌بيعه‌و ئاماده‌بوون و سه‌ردانه‌ به‌رده‌وامه‌كانى بۆ به‌ره‌كانى شه‌ڕ له‌ كه‌ركوك و مه‌خموورو گوێڕو خازرو خانه‌قين و شوێنه‌كانى ديكه‌ و ناردنى هاوكارى سه‌ربازى و مرۆيى و هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ رۆژئاواى كوردستان بۆ به‌رگريكردن له‌ كۆبانێ، له‌ كاتى خۆيدا بارزانى نه‌مر بۆ پاراستنى كۆمارى ديموكراتى كوردستان چووه‌ مه‌هاباد، ئه‌وا له‌ ئێستاشدا سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى بۆ پاراستنى كۆبانێ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرێته‌ رۆژئاواى كوردستان، ئه‌و راستييانه‌ سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌ن كه‌وا سه‌رۆك بارزانى سه‌رۆك و پێشمه‌رگه‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌ و له‌سه‌ر هه‌مان رێبازى نه‌ته‌وه‌يى بارزانى نه‌مر ده‌ڕوات، له‌هه‌مان كاتدا له‌ زۆربه‌ى لێدوانه‌كانيدا كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئێمه‌ سنوورێكى فراوان و به‌ره‌يه‌كى فراوانى شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ تيرۆريستان هه‌يه‌ كه‌وا له‌ ( كۆبانێوه‌ تا خانه‌قين و جه‌له‌ولا )ه‌، به‌كارهێنانى ده‌سته‌واژه‌ى له‌ ( كۆبانێوه‌ تا خانه‌قين ) به‌يه‌ك چاو سه‌يركردنى هه‌موو كوردستانه‌، نه‌ناسينى سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانه‌، به ‌نه‌ته‌وه‌ييكردنى به‌رخودانى گه‌لى كوردستانه‌، كاتێ سه‌رۆك بارزانى له‌مه‌خموور له‌يه‌ك كاتدا هه‌م سه‌ردانى پێشمه‌رگه‌و هه‌م سه‌ردانى گه‌ريلاكانى هێزى پاراستنى گه‌ل HPG ده‌كات، له‌هه‌مان كاتدا ده‌ستپێشخه‌رى و كاركردنى به‌ڕێزيان بۆ له‌هه‌ڤهاتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و به‌ده‌ستهێنانى ( رێككه‌وتننامه‌ى دهۆك ) بۆ رێكخستنه‌وه‌ى ناو ماڵى رۆژئاواى كوردستان كه‌ بووه‌ ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ بۆ گه‌لى كوردستان، ئه‌و راستييانه‌‌ نيشانى هه‌موو لايه‌كى ده‌ده‌ن كه‌ به‌ڕێزيان نه‌ته‌وه‌ييانه‌ بيرده‌كاته‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات، بۆيه‌ پێويسته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ بناخه‌يه‌كى پته‌وى يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى دابنێين و پشتيوانى سه‌رۆك بارزانى بين بۆ پێشڤه‌بردنيان، بێگومان ئه‌و هه‌ڵوێست و سياسه‌ته‌ حه‌كيمانه‌ى سه‌رۆك بارزانى و به‌رخودانى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان وايانكردووه‌ كه‌ كوردستان ببێتە ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسى و سه‌ربازيیەكانی رۆژهەڵاتی ناڤین ‌و لە زۆر لاوەش بەبایەخەوە سەیر بكرێ و حيسابى تايبه‌تى بۆ بكرێت.
سه‌رۆك بارزانى به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندى كه‌وا هه‌ر پێشمه‌رگه‌كه‌ى جارانه‌ و سه‌رۆكايه‌تى لاى جه‌نابيان پێشمه‌رگايه‌تييه‌ و پێشمه‌رگايه‌تيش سه‌رۆكايه‌تييه، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌وا بڵێين سه‌رۆك بارزانى واته‌ پێشمه‌رگه‌ى نه‌ته‌وه‌ و سيمبۆڵى به‌رخودانى نه‌ته‌وه‌يى.
Top