زۆر کەس هەیە هەر رۆژە و ئیشێک دەکا و هەر کاتە و شتیک دەڵێ، هیچ کامێکیش لە ئیشەکان تەواو ناکا و زوو لە گوتنەکانیشی پەشیمان دەبێتەوە و شتێکی پێچەوانەی گوتنەکەی پێشووی دەڵێ، پێشینان بەو جۆرە کەسانە دەڵێن: سەرێکە و هەزار سەودا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش حزبێکە و هەر بەرپرسە و بە بارێکدا دەدوێ و هەر رۆژە و هەڵوێستێک دەردەبڕێ، واتا ئەویش حزبێکە و هەزار بیروڕا، فراکسیۆنەکەیان لە بەغدا دەڵێ: لەگەڵ حکومەتی ناوەند رێککەوتووین و مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان دەگێڕینەوە، بەشە حکومەتەکەیان لە هەرێم دەڵێ: لەو رێککەوتنە کورد زەرەرمەند دەبێ و پێوەی بابەند نابین، پارێزگاری کەرکوک کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە و دەڵێ: حکومەتی ناوەند پارەی پترۆدۆلار نادا بە کەرکوکیەکان و حکومەتی هەرێم پارەی پترۆدۆلار دەدات، لەولاوە ئەندامێکی تری مەکتەبی سیاسییان دەڵێ: نەوتی کەرکوک تەنها دووکەڵەکەی بۆ خەڵکی کەرکوکە، ئەندامێکی تریان دەڵێ: ئێمە وەک یەکێتی ئاگامان لە فرۆشی نەوت نییە، قوباد تاڵەبانی کە یەکێتییە و کوڕی مام جەلالە و جێگری سەرۆکی حکومەتە دەڵێ: ئاگام لە ورد و درشتی گرێبەستە نەوتیەکان و فرۆش و داهاتی نەوتە، مەلا بەختیار کە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتییە دەڵێ: هەر کەسێک لەناو یەکێتی بڵێ ئاگام لە فرۆشی نەوت نییە نەخۆشە، یەکیتریان دەڵێ: کاتی سەربەخۆیی هاتووە و دەبێ کورد دەست لە چوونەوە بەغدا بشوات، لەولاوە یەکتریان دەڵێ: لە لایەن (١٨) کونسوڵگەری وڵاتانەوە بە فەرمی ئاگادار کراوین کە وڵاتەکانیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نین و دەبێ بۆ چارەسەری کێشەکان بگەڕێینەوە بەغدا، یەکیتریان دەڵێ: نابێ نەوت لە رێگەی بۆڕیەکانی کوردستانەوە بڕوا و کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەبێ نەوتەکەی لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆی عێراقیەوە هەناردە بکرێ، ئاسۆ مامەندی ئەندامی مەکتەبی سیاسیش هێز دەنێرێتە سەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک و هەڕەشە لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەکا و دەڵێ: دەبێ نەوتی کەرکوک بۆ کەرکوکیەکان بێت، ئاڵا تاڵەبانیش دەڵێ: پێویستە نەوتی کوردستان رادەستی بەغدا بکرێتەوە، ئەوەیە سەڕیکە و هەزار سەودا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش حزبێکە و هەزار لێدوان و هەڵوێستی جیاواز، با بەس بێ و خەریکە منیش لەناو ئەو هەموو لێدوان و هەڵوێستە جیاوازانەی بەربرسانی یەکێتی سەرم لێ تێکبچێ و نەزانم چی دەڵێم و چی دەکەم و چی دەنووسم.