باشوور دەروازەیەک بۆ سەربەخۆیی پارچەکانی تر
February 25, 2017
وتار و بیروڕا
ئەگەر پێگەی سیاسی و سەربازی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و بارودۆخی شڵەژاوی ناوخۆی وڵاتە داگیرکارەکانی کوردستان بکەینە بنەمای وەڵامی پرسیارەکەمان، دەگەینە وەڵامی درووستی پرسیارەکە و هیچ گومانێک لەوەدا نامێنێ کە باشووری کوردستان چانسی لە بەشەکانی تری کوردستان زیاترە و لەو بارەوە هەنگاوی باشیشی بڕیون، ئەوەش ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەخاتە سەر کوردانی بەشەکانی تری کوردستان کە هاوکاری باشوور بن، تا لەو رێگەیەوە باشوور بکەنە دەروازەیەک بە رووی رزگار بوونی سێ بەشەکەی تری کوردستانیش، لێرەدا ئەو پرسیارەش درووست دەبێ کە کوردانی باشوور و بەشەکانی تریش هەستیان بەو راستییە کردووە و بەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیە هەستاون؟
ئەوەی تێبینی دەکرێ زاڵی ئایدۆلۆژی بەسەر هزر و بیری نەتەوەیی و رق و کینەی سیاسی لای هەندێ سەرکردە و چەند حزب و دەستە و گرووپێک لە باشوور، وایکردووە لە کوردبوون و کوردایەتی هەڵگەڕێنەوە و خۆیان لەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیە بدزنەوە، ئەو سەرکردە و دەستە و گرووپانە تا ئێستاش بەنجی برایەتی و پێکەوژیان لەگەڵ داگیرکاران بەرینەداون، کارەساتەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی رابردوویان لەبیر کردووە، لە ئاست هەڕەشکانی ئێستاش بێدەنگن و داهاتووشیان لە پرێسکەی پیرۆزی ئایدۆلرژی و رشتنی کۆنەقینی سیاسی ئاخنیوە.
لەسەر ئاستی بەشەکانی تری کوردستانیش جگە لە پەکەکە و پاشکۆکانی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەرفەتی رەخساوی باشوور لەبەرچاو دەگرن و ئومێدی بە دەروازە کردنیشیان بە رووی رزگاری بەشەکانی تری کوردستاندا لەسەر هەڵچنیوە, جا ئەو دەستە و گرووپانەی باشوور کە سەربەخۆییان لە گرەوی دەستکەوتی حزبی ناوە و هاوشانی داگیرکاران دژ بە سەربەخۆیی کوردستان و بڕیاردانی مافی چارەنووس دەوەستنەوە، یان پەکەکە و پاشکۆکانی کە لەسەر ئاستی هەر چوار بەشەکەی کوردستان سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بە خواستێکی دواکەوتووانە و بەسەرچوو دەزانن، بیانەوێ و نەیانەوێ بوونە دزیاری ئەو کلیلەی کە قفڵەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی بە رووی هەر چوار بەشەکەی کوردستاندا دەکاتەوە.