پرۆژەکەی دەوڵەتی یاسا پەلامارێک بۆ شۆڕشی رۆژهەڵات

پرۆژەکەی دەوڵەتی یاسا پەلامارێک بۆ شۆڕشی رۆژهەڵات
دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی بەڕەی دیکتاتۆری لە بن پێی نوری مالیکی دەرکێشا و لە پۆستی سەرۆکی حکومەتی دوور خستەوە، نوری مالیکیش بۆ تۆڵە کردنەوە لە سەرۆک بارزانی و وەستاندنی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان کەوتە پیلانگێڕی، لەسەر ئاستی عێراق کەوتە هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ هەموو ئەو دەستە و گرووپانەی کە وەک خۆی بیر دەکەنەوە و بڕوایان بە مافی کورد و هیچ پێکهاتەیەکی تر نییە، لەسەر ئاستی کوردستانیش توانی بەرەیەک دژی سەبەخۆیی کوردستان بکاتەوە و کۆدەنگی کورد لە بەغدا لە بەین بەرێ، ئەو بەرەیە تا ئێستاش هاوشانی نوری مالکی دەڕۆن و بە ئەکرادەکانی نوری مالیکیش ناسراون، نوری مالیکی بانگهێشتی کوردستان دەکەن و وەک فریادڕەسی کورد پێشوازی لێدەکەن و دەست دەخەنە ناو دەستی، فراکسیۆنەکانیان لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دەستیان بەرز و نزمی دەکات، بێ بەرامبەر دەنگیان بە حەشدی شەعبی داو پشتیان لە پێشمەرگە کرد، کاتێکیش باس دێتە سەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یان بێدەنگن، یان بەلای نوری مالیکی و دەوڵەتی یاسادا دەشکێنەوە، نوری مالیکی هەڕەشە لە دەستکەوتەکانی ئێستا و داهاتووی کورد دەکا و ئەوان لۆکە لە گوێی خۆیان داخنن، نوری مالیکی دەڵێ: ئەمەریکا و ئیسرائیل بارزانی هاندەدەن ئەگەرنا کورد سەبەخۆیی ناوێ، ئەوانیش نایشارنەوە و دەڵێن: کاتی راپرسی و سەربەخۆیی نەهاتووە و زەمینە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لەبار نییە، لە بەرامبەر ئەو هەموو هاوڕاییەی ئەو حزب و دەستە و گرووپانە لەگەڵ نوری مالیکی و دەوڵەتی یاسا دەپرسین: لە بەغدا چییان بۆ کورد کردووە؟! ئایا توانیویانە سادەترین مافی زەوتکراو بۆ کورد بگێڕنەوە کە بڕینی مووچە و قووتی خەڵکە؟ ئایا چییان بۆ ماددەی ١٤٠ی دەستوور کردووە؟ ئایا توانیویانە پارەی (پترۆ دۆلار)ی خەڵکی کەرکوک وەربگرن؟
با لە وەڵامی ئەو پرسیارانە گەڕێین، چونکە ئەو دەستە و گرووپانە لەگەڵ نوری مالکی لەسەر بنەمای دەبەخشین و وەرناگرین هاوپەیمانیان بەستووە، ئێستا نوری مالکی و دەوڵەتی یاسا بۆ دەرکردن و چەکداماڵینی حزبەکانی رۆژهەڵات پرۆژەیان ئامادە کردووە، ئەو پرۆژەیەش کۆتایی هێنانە بە شۆڕشی رزگاریخوازی دووەم گەورە بەشی داگیرکراوی کوردستان، ئەوەش هاوپەیمانە کوردەکانی نوری مالکی دەخاتە بەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی نەتەوەیی، ئایا لەوەشدا هاوڕای نوری مالیکی دەبن و لەگەڵ دەوڵەتی یاسا دەست هەڵدەبڕن و هاوشێوەی حەشدی شەعبی دەرکردن و چەکداماڵینی شۆڕشگێڕانی رۆژهەڵات بە یاسایی دەکەن! یان غیرەتی کوردبوونیان دەجووڵێ و دەگەڕێنەوە سەنگەری کوردایەتی، ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتی یاسا دەستیان هەڵبڕی چی وەڵامی رۆژهەڵات و پێشەوا قازی و دکتۆر قاسملو و دکتۆر شەرەفکەندی و هەموو شەهیدانی ئەو بەشەی کوردستان دەدەنەوە؟ ئایا پاکانە و بیانووی سیاسییان بۆ ئەو هەڵوێستەیان چی دەبێ؟!
Top