بە چاویلكەی لۆكاڵییەوە دۆخەكە مەبینن!

بە چاویلكەی لۆكاڵییەوە دۆخەكە مەبینن!
سیاقی مێژوویی كوردستانی و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ئەوە لە پارتی و یەكێتی دەخوازێ، لەم ساتەوەختە دژوارو چارەنووسسازانەی گەلانی ناوچەكەی پێدا دەگوزەرێن، وێنەی قوربانی و شەهیدە سەربەرزەكان بێننەوە بەر چاو دڵ و گیانیان، خەمی گەورەیان ئەرك و ئۆباڵەمێژووییەكان بێت، قۆستنەوەی دەرفەتە زێڕینەكان بێت، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بگاتە قۆناغێكی گەشتر و پێشكەوتووتری سیاسی کە ئازادی یەکجارەکیی و گەیشتن بە سەربەخۆییە.
لە ڕاستیدا كوردستان لە ژێر بارێكی قورس و هەڕەشە بەردەوامەكاندایە، وەختی ئەوە نییە حزبەكان ببنە ئەسیری ڕێككەوتنە زۆر لۆكاڵییەكەكان و خۆسەرقاڵكردن بە دڵڕازیكردن و نازهەڵگرتنی یەكتر و دابەشكاریی پۆستی ئەم پارێزگارو ئەو قایمقام!! بینینی پرسە مەزنەكان بە چاویلكەی محەلییەوە،ژیان و چارەنووسی میللەتێك وێران دەكات و دەمانخاتە بەر مەترسیی گەیشتنەوە بە خاڵی سفر. خۆ بێت و ئەم هەلە لەكیس بچێت، بە دەریایەكی دیكەش خوێنی گەشی لاوان پێی ناگەینەوە و ئەوەش دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسانەی دەبنە مەترسی بۆ سەر ئەو هەل و دەرفەتە لەبار و زێڕینە مێژووییەمان.
زەڕورەتی ئەمڕۆ پرسی دەوڵەت و بڕیاردانی مێژووییە لە مافی چارەی خۆنوسین، بڕیاردانە لە یەكخستن و ڕێكخستنەوەی گوتاری سیاسیی و گرتنەبەری ستراتیژێكی هاوبەش لە بەغداو ناوچەكە، وەختی بەهێزكردنی بەرەی نێوخۆیی و یەكماڵیی كوردە لە بەرامبەر فشارەكانی بەغداو وڵاتانی ئیقلیمی..
لەم قەیرانە دارایی و دۆخە هەستیارە سیاسییەی ناوچەكەدا، كاتی ئەو نییە، یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەوە سەریحاڵبێت، قایمقامی هەڵەبجە بۆ كێ دەبێ و كێ مودیر ناحییەی تانجەڕۆ بێت!
پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەستیاریی دۆخ و پێگەی یەكێتی تێدەگات كە دۆخێكی ئاسان و ئاسایی نییە، بۆیە بەردەوام بە سیاسەتێكی ژیرانەو دووربینانە مامەڵەیەكی هێمن و پشوودرێژانەی لەگەڵدا دەكات، ڕەوشی پڕ زەحمەتی نێوخۆ و ناوچەی نفوزی یەكێتی لە بەرچاو گرتووە، ڕەچاوی فشارە نێوخۆیی و دەرەكییەكانیشی دەكات، بەڵام مانای ئەوە نییە، پارتی تاسەر چاوەڕوان بكات، ئەوە دەرفەت و گۆڕانگارییەكانن كە پشوودرێژیی پارتی سنووردار دەكەن، بۆیە دەبێ یەكێتیی خۆی باشتر كۆ بكاتەوەو بڕیار بدات، دەبێ تەلیسمەكان لە سەر خۆی بكاتەوەو لە سەر ئەجێندای سەربەخۆییانەی خۆی لە گەڵ پارتی ڕێك بكەوێت، نەك لە سەر ئەجێندای بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەیە یەكێتی دەخاتە سەر ڕاستە ڕێگاكەو لەم دۆخە ناهەموارە قوتاری دەبێت.
یەكێتی هەقی خۆیەتی هەوڵی لێكنزیككردنەوەی ( پارتی – گۆڕان) و لێكتێگەیشتنی خۆی و گۆڕان بۆ ئارامڕاگرتنی دەڤەری سلێمانی بدات، بەڵام دەبێ یەكێتی ئازایانەتر بێتە پێشەوەو خۆی لەو جوغزە تەسك و ئیڕهابە فكریی و فشارە دەروونییەكانی گۆڕان ڕزگار بكات، هەڵەی ستراتیژی دەكات ئەگەر بیەوێ، گۆڕان تەسمیمی سیاسیی بۆ بكێشێ، ئینجا لە گەڵ پارتی ڕێك بكەوێت، ئاخر تەجرەبەی چەند مانگ لەمەوبەری ڕێككەوتنی (یەكێتی- گۆڕان)ی هەیە و ئێستاش هەڵوێستەكانی پارتی لەوبارەیەوە بەكارن!
لە نێو ئەم ڕیزبەندییە سیاسیی و هاوكێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیانەدا، گرینگە كورد یەكدەنگ بێت، ئەمەش تەنیا بە سیاسەتی ژیرانە و پێكەوەیی پارتی و یەكێتی، وەك دوو ستوونی بەهێزی هەرێم دەكرێ و كوردستان دەگاتە دووا مەنزڵ.
Top