کۆنفرانسی میونخ.. سەرەتایەک بۆ بە دەوڵەتبوون

کۆنفرانسی میونخ.. سەرەتایەک بۆ بە دەوڵەتبوون
*سەردانەکەی سەرۆکی کوردستان بە یاوەری چەند جەنەڕاڵ و دبلۆماتکارێک بۆ کۆڕبەندی میونخ کە بەرپرسی هەرە باڵای وڵاتانی دژی تیرۆر بەژداربوون تیایدا چەندین مەدلولانی سیاسی و رەهەندی ئاسۆی داهاتوو بۆ دژایەتی تیرۆر بە گشتی و مافی گەلی کوردستان بە تایبەتی لەخۆگرت.
بەژداری ئەم جارەی سەرۆک بارزانی تەنها بۆ پەیامی دژایەتی داعش و تیرۆر نەبوو، بێگومان پێشتریش هەڵوێستیان لەمەڕ ئایندەی کوردستان رۆشن بووە وەلێ ئەمجارە جیاوازتر بوو چونکە بۆ یەکەم جارە وەک ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە و وەزیری تازەی پنتاگۆن کۆبۆوە و زۆر بە ئاشکراو رەهایی باسی کورد و کوردستان و دەوڵەتی کوردی کراو وەک زۆر لە کارزانانی رامیاری و ئاخاوتن بێژەکان پەییان پێ برد هیچ کام لە وڵاتانی جیهان راستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ دژی نەوەستان بەڵام بە دەربڕینی جیاواز.
*لە سیاسەتدا زۆرجار بێ دەنگیش واتای پەسەندی و رازیبوون دەگەیەنێ، وەلێ مەرج نییە وڵاتان ئامادە بن پێت بڵێن فەرموون دەوڵەتتان لەسەر سینییەکی زێڕ پێسکەش بێت، ئەمە دەکەوێتە سەر کورد و سەرکردایەتیەکەی، چونکە میللەت دەمێکە لەمبارەوە قسەی خۆی کردووە و لەوەش زیاتر نەوەی نوێ جگە لە بە دەوڵەتبوون بە هیچ کلۆجێ بژاری دیکەی ناوێت و چیتر ناخوازن لە ژێر سێبەری مەزهەبوو نەتەوە شۆڤێنیستەکانی تەواوی حوکمیان لە سەدەی رابردو و قۆناغی دوای رووخانی رژێمی سەدام و بەعس بمێننەوە. ئاخر میللەتی ئێمە چ خێرێکی لە حوکمی شیعەی ئێستا بینیوە؟. کاتێک داعش پێشمەرگەی سەردەبڕی ئەوانیش نەک نانی پێشمەرگە بەڵکوو زارۆک و کەسوکاری ئەوان و بگرە هی ئەنفال و تەواوی خەڵکی کوردستانیان بڕی. بۆیە داخۆ چ جیاوازیەک لە نێوان تیرۆرستان و شیعەی سیاسی هەیە کە بڕیاری (ئیبادەی جەماعی) لەناوبردنی بە کۆمەڵی میللەت و گەلەکەمان دەدەن!.
*سەردانی سەرۆک پەیامە جددی و راشکاویەکەی، بە پلەی یەکەم ئەوە بوو شەڕی داعشمان لە بری هەموو جیهان کردو و سەرکەوتین ئیتر چاوەڕێ مەبەن لەوە زیاتر بتوانین خۆمان بگرین ئاڵاکەمان لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەوڵەت هەڵنەکرێ، هەموو لایەکیش قەرزداری پێشمەرگەن بۆیە گەر درەنگیش بێت، بەڵام ئەمڕۆ تاکە ڕێگا و هەڵبژاردەمان تەنیا و تەنیا هەر ئەوەیە. ئەوانەشی لە کوردستان بە پێچەوانەی شەپۆل سەوڵ لێدەدەن و لە رابردوو چۆن بەجێمان ئەمێستاش لە بیردۆزەکە و قاعیدەکەش بە یەکجاری کەنارگیر دەکرێن.
Top