سەربەخۆیی كوردستان ،وەك گەردەلوولێكە داگیركەران شپرزە كردووە

سەربەخۆیی كوردستان ،وەك گەردەلوولێكە داگیركەران شپرزە كردووە
گەلی كوردستان خەباتی كرد و سەدان هەزار قوربانی بەخشی و سنووری كوردستان و ناوچە كوردستانییە داگیركەراوەكانی گەرٍاندنەوە تا خۆی برٍیار لە سەر چارەنووس و ئایندە و خۆشگوەزەرانی خۆی بدات و ژێر دەستی و كۆیلەبوون و هاووڵاتی پلە دوویی رٍەتبكاتەوە .
كەسێكی شكست خواردوو ، یا هێزو لایەنێكی دروستكراویی دەستی داگیركەرٍان ناتوانن و ناكرێت چارەنووسی میللەتێكی خاوەن ماف دیار بكەن ، ئیتر سەردەمی داگیركاری و عێراقچێتی گوزەری كرد و بۆ هەتا هەتایە گەر تەنیا كوردێك مابێت ، ناگەرٍێتەوە ژێر دەستی داگیركەرٍان .
كاتێك داوی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی گەورە و نیشتیمانی و نەتەوەیی وەك دەوڵەتی سەربەخۆیی كورستادن دەكرێت ، ئەوا تەنیا دروشم نییە بەڵكو دەیان ساڵە لە پێناویدا گەلی كوردستان شەهیدبەخشییووە و ئەنفاڵ وكیمیابارانكراوە و ئاوارە بووە و بە هەموو شێوەیەك تووشی جینۆساید و قڕٍكردن بۆتەوە ، بۆیە دەڵێم گەر كەسانێك كە پێیان وا بێت كە كورد لە مافی برٍیاریدانی لە سەر چارەنووسی خۆی كە ئەویش خۆی لە سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان پاشگەز دەبێتەوە زۆر بە هەڵەدا چوونە .بۆیە ناحەزان و نەیارانی كورد ئەوانەی چاویان بە سەربەستی میللەتی كورد هەڵنایەت ، دوایین كارتەكانیان و بەكڕێ گیراوەكانیان كە یەكەمجار لە رێگەی ئابڵوقەی ئابووری و دووەمیان لە رێگەی بەردانی چەتەكانیانی داعش بە خەیاڵی خاویان ، ئەو پرۆژەیەی كە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسیی سەرقاڵی جێبەجێكردنی بوون رێگری لێبكەن و نەهێڵن كە كورد بە بگاتە ئاواتی وخەونی دەیان ساڵەی.
بۆیە لە ماوەی چەندین ساڵەدا لەگەڵ ئەوەی كورد ، ئاڵا هەڵگری دیموكراتی لە كوردستان و عێراق بوو خۆی بەشداری لە نووسینەوەی دەستوور كرد و كاری كرد بۆ ئەوەی عێراق لە سیستەمی تاكرٍەویی و دیكتاتۆری كە ماوەی چەندین ساڵبوو رژێمە یەك لە دوای یەكەكان بەرەو رێرٍەویی دیموكراتی ئاراستە بكات و لە نێوەشدا مافەكانی گەلی كورد تێیدا دەستبەر بێت .بەڵام دەركەوت كە هەندێك لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە هەمان فیكری شۆڤێنی و تاكرٍەویی لە هەوڵی ئەوە دان بوون نەك كورد لە مافەكانی بێ‌ بەش بكەن لە هەمانكاتدا كاریان كرد بۆ دووبارە ئەنفاڵكردن و داگیركردنەوەی كوردستان ، ئەوا بوو ساڵ بەساڵ بە بیانوویی سەیروسەمەرە و دوو لە راستی لە سەرەتا بودجەی پێشمەرگە یان برٍی بۆ ئەوەی كوردستان لە رووی سەربازییەوە لاواز بكەن و دواتر بە هەوڵ و هیمەتی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسیی ئەو پیلانە سەری نەگرت ـ ئەوا بوو مووچە و بودجەی كوردستانیان برٍی بۆ ئەوی خەڵكی كوردستان لە دژی ئەو دەستكەوت و كیانەی كە بە خوێنی خۆیان دروستیان كردووە وهێناویانە تە بەرهەم هان بدەن ، لەمەشدا نەیانتوانی سەركەوتن بە دەست بێنن .
رٍاستە لە ماوەی بەرگریكردنی قارەمانی پێشمەرگەی كوردستان ، لە پێناو پاراستی نیشتیمانی دایك وەك هەمیشە دەیان پێشمەرگە گیانی خۆیان فیدای كورد و كوردستانكردن بەڵام ئەوان بە خوێنی ئاڵیان ، توانییان سەرفرازی و سەربەستی بۆ نەتەوەكەیان بەرهەم بێنن و بە دوژمنانی كورد بڵێن كە هەتا كوردێك مابێت رێگە نادەدەن كە پێی چەپەڵیان بنێنە سەر خاكی پیرۆزی كوردستان .بۆیە دەڵێم گەیشتمان بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردیی نزیكبۆتەوە و بابەتەكم بە شیعرێكی مامۆستا هێمنی موكریانی بە كۆتا دێنم كە ووتوێتی " ڕۆڵەی كوردم فێری هەوراز و لێژم، تا زۆر بڕۆم زیاتر ئارەق بڕێژم ،كورتتر دەبێ ڕێگای دوور و درێژم، دەڕۆم بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون، دەڕۆم دەڕۆم ! تا ترۆپكی ڕزگاربوون.
هەرێمی کوردستان لەناو هاوکێشەی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەگشتی و لەناو هاوکێشەی سیاسەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بارودۆخێکی تایبەتی هەیە. لەلایەک هەرێمی کوردستان بە فەرمی لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەشێکە لە عێراق و دەبێت وەک بەشێک لە عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک بەشێک لە عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکات، ئەوا ناتوانن ئەو ستراتیژیەتە جێبەجێ بکەن کە بۆ شەڕی دژی داعش دایانڕشتووە، لەلایەکی دیکە کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا، بەڵام سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکەکەی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە لەناو جەرگەی گەورەترین شەڕی جیهانی دژی تیرۆریستانی داعش، وایکردووە توانیویەتی خاکەکەی خۆی بپارێزێت و وێڕای فرەیی ئایینی و نەتەوەیی لەم وڵاتەدا توانراوە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت، لەم لایەنەشەوە چیدیکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان ناتوانن کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت پێناسە بکەن، ئەو دەوڵەتەشی کورد بە ئەمری واقیع دروستی کردووە، نەک نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەک، بەڵکو دەروازەیەکی گەورەش دەکاتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی لە مەترسی تیرۆر رزگار بکات و مودێلێکی تازەیە بۆ دەوڵەتی هاوچەرخ بۆ ئەوەی هەم بتوانێت خاکەکەی لە هێرشی تیرۆریستان بپارێزێت، هەمیش بتوانێت پێکەوە ژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بپارێزێت و پەرەی پێبدات. بۆیە لەم روانگەیەوە لە دیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نە چیتر هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و نە چیدیکەش کورد نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە، هەر بۆیە مانەوەی ئەم دەوڵەتە (دیارە لە ئێستادا وەک ئەمری واقیع) بەمجۆرە، بۆ ئەوەیە هەموو لایەک بگەنە قەناعەت، بەتایبەتی دەوڵەتانی ئیقلیمی کە ئەم دەوڵەتە پێویستە بە ئاشتی ددانی پێدابنرێت، لەمەش زیاتر هەوڵ بدرێت لەسەر هەمان شێوازی کوردستان دەوڵەتەکان رێکبخرێنەوە. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هەر هەوڵێک ئەوجا ناوخۆیی بێت، یان دەرەکی کە سەرەنجام ببێتە هۆکاری ئەوەی سەقامگیری ئەمنی و سیاسیی ئەم دەوڵەتە ئەمری واقیعە تێک بدات، ئەوا بە هێڵی سوور دادەنرێت و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەڵوێستی لەسەر وەردەگرێت.
Top