یوسف محەمەد لە نێوان مەتح و سەرکۆنە کردندا

یوسف محەمەد لە نێوان مەتح و سەرکۆنە کردندا
کەسانێک کە خاوەنی مێژوویەکی شۆڕشگێڕین و پێشینەیەکی پاکیشیان لە کوردایەتی و کوردبووندا هەیە، لە هەر شوێنێک کار بکەن پۆستەکەیان بە خەڵک دەناسێنن، بە پێچەوانەشەوە کەسانێک کە لە مێژووی شۆڕشگێڕیدا بێناون و لە کوردایەتی و کورد بوونیشدا هیچ پێشینەیەکیان نییە، ئەوە پۆستەکەیانە بە خەڵکیان دەناسێنێ، یوسف محەمەد لەو کەسانەیە کە پۆستەکەی بە خەڵکی ناساند، چونەکە تا نەوشیروان مستەفا دەستی نەگرت و نەیبردە سەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەک هەر ناوێکی ون بوو، بەڵکو لە گەڕەکەکەی خۆشیان کەسێکی نەناسراو بوو.
گومانی تێدا نییە یوسف محەمەد کاتێک ناسرا کە نەوشیروان مستەفا دەستی گرت و وەک بووکەڵەیەک هەڵیدایە سەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆیە ئەوە کورسیەکەیە یوسف محەمەدی کرد بە ناو و بە خەڵکی ناساند، ئیتر لەو کاتەوە ئەو داماوە کراوەتە پاشگری کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بەو هۆیەوە لە نێوان مەتح و سەرکۆنە کردندا دەیهێنن و دەیبەن.
دیارە بەشێک لە سیاسی و رۆشنبیران و خەڵکی کوردستان سەرکۆنەی دەکەن و پێیانوایە لە کارەکەی سەرکەوتوو نەبووە، بەشێکیش لە سیاسی و رۆشنبیران و خەڵکی کوردستان، بە تایبەتیش گەوجێنراوان و ئەوانەی وەک ئەو دەستیان گیراوە، یان چاوەڕوانی ئەوەن لە داهاتوودا دەستیان بگیرێ، مەتحی دەکەن و بە سەرکەوتوو ناوی دەبەن، جا ئەوانەی سەرکۆتەی دەکەن، غەدری لیدەکەن و بێویژدانانە تفەنگ بە تاریکیەوە دەنێن، ئەوانەش کە مەتحی دەکەن و پێی هەڵدەڵێن، تووشی هەڵەی گەورەتری دەکەن، چونکە ئەوەی یوسف محەمەد لە ماوەی سەرۆکایەتی کردنی پەرلەماندا گوتوویەتی و کردوویەتی، گوتن و کردنی خۆی نین، هەموویان گوتن و کردنی نەوشیروان مستەفان و یوسف محەمەد بە ئامانەتەوە گواستوونیەوە، نەزانی ئەو داماو و فەقیرحاڵەش لەوەدایە بە سەرکۆنە کردنەکان قەڵس و تەنگاو دەبێ و بە مەتح و پیاهەڵدانەکانیش باڵان دەگرێ، ئێ کاکی خاوەن بڕوانامە ! تۆ بۆچی لەباتی کاک نەوشیروان نە قەڵس و تەناگاو دەبی و لەباتی ئەویش باڵان دەگری؟! کاکە تۆزێ بە ئاگا وەرەوە، ئەو دۆخەی ئێستا تۆی تێکەوتووی دۆخی نەوشیروان میستەفایە و تۆ بە وەکالەت بەڕێوەی دەبەی.
Top