سەربەخۆییە ئەو مافەرٍەوایە كە دەیان ساڵە قوربانیی بۆ دەبەخشین
February 8, 2017
وتار و بیروڕا
گشت ئەو كۆسپ و لەمپەرانەی لە ماوەی رابردوو بە ناوی جۆراوجۆر و سناریۆی جیاواز دەرحەق بە میللەتی كورد و ئەزموونی كوردستان پیادە كرا ،خۆی لە یەك ئامانجی دیاریكراو دەبینێتەوە ،ئەویش رێگریكردنە لەوەی كورد دەوڵەتی سەربەخۆیی نەبێت و بەم شێوەیە و لە نێو چوارچێوەیەكی داخراودا بمێنێەوە و نەگات بە بە ماف و ئامانجە گەورەكەی كە دەیان ساڵە خەبات و قوربانیی بۆ دەبەخشێت .هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە جیهاندا، ئەوەیش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكێك لە هۆكارەكان ئەو سیاسەتە حەكیمانەیە كە سەرۆك بارزانی لە هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات و بووەتە گەرەنتی بۆ لایەنی بەرانبەر، ئەوەیش وای كردووە ئەو وڵاتانەی پێشتر دژایەتیكردنی گەلی كوردیان دەكرد، دەست لەو سیاسەتەی دژایەتیكردن بەردەن، هۆكاری دووەمیش بۆ ئەو بەهایانە دەگەڕێتەوە كەلە نێو میللەتەكەماندایە و توانیومانە لەگەڵ جیهانی پێشكەوتوودا بیگونجێنین، ئەوەیش بە قەبووڵكردنی بەرانبەر و فرەڕەنگی و ئایینی و پێكهاتەكان دەگرێتەوە، رۆشنبیریەتی میللەتی كورد لەگەڵ رۆشنبیریەتی ئەو دەوڵەتانە دەگونجێ كە ئێستا جیهان بەڕێوە دەبەن، لای كورد سیاسەتی رەتكردنەوەی بەرانبەر كۆتایی هاتووە و میللەتی كورد بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان، گەلەكەمان بە شێوەیەك خۆی پێشانی جیهان داوە وەك ئەوە وایە ئێمە سەد ساڵە دەوڵەتین. سەربەخۆیی لە دەستەڵاتی حوكمی زاتییەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە كۆنفیدڕاڵی، سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە هۆكارە نێوخۆیی و دەرەكییەكان، پێم وابێت كاتی سەربەخۆیی هاتووە، لە ڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە كورد كێشەی نییە، ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا ژمارەیەك لایەنی سیاسیی لە هەرێمی كوردستان خوڵقاندوویانە ، هەموو بۆ ئەوە بووە كە ئاستەنگ بۆ پرسی سەربەخۆیی دروستبكات، ئەگەر لایەنەكان هاوڕا و هاوكار بن، نەك كاتی سەربەخۆیی هاتووە، بەڵكوو بە بۆچوونی من كاتەكە كەمێك درەنگە و دەبوو بەر لەسێ ساڵ كورد سەربەخۆیی رابگەیەنێت...
پێشهاتەكانی سێ ساڵی رابردوو ، هێرشی داعش بۆ سوریا و عێراق و دواتر هەرێمی كوردستان ، كەسایەتی و رێبەرایەتی پێشمەرگە، سەرۆك بارزانی سەڵماند كە چۆن لە ناخۆشترین بارودۆخەكان و قەیرانەكان بە باشترین پلان بەرێوە ببات و رێگە لە تێكدانی سەقامگیری بگرێت ، لە هەمانكاتیشدا چۆن ئیدارەی نزیكەی دوو میلیۆن ئاوارە و قەیرانی دارایی و ئەو چەكە نامرۆڤانەیەی بەغدا ببێتەوە كە لە دژی میللەتی كورد بەكارهێنرا .لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، بارزانی ئەو رێبەرەیە كە دەتوانێت گەلی كوردستانی باشوور كۆبكاتەوە و رێبەرایەتییان بكات بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵا كە سەربەخۆییە. سەرۆك بارزانی متمانەی لە نێو خەڵكی كوردستان بە جیاوازی بیروبۆچوونی ئایدیۆلۆژی و ئایین و ئایینزاكان هەیە، بۆتە هۆكارێكی دڵنیایی دەروونی لە لایەن هاووڵاتییانی كوردستان و ئەو پێشمەرگە و گیانفیدایانەی كە بەرگری لە خاكی كوردستان و سەرجەم پێكهاتەكانی دەكات.دۆخی خراپی عێراق و سووریا كە هۆكارەكەی چارەسەرنەكردنی كێشە نێوخۆییەكان بووە لە رابردوو، هیچ كەس ناتوانێت گەلی كورد تاوانبار بكات، بەتایبەت لە عێراقدا كە گەلی كورد هەموو سیستەمەكانی پاشایەتی و كۆماری، دیكتاتۆریەت و دیموكراسی، یەك دەوڵەت و ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی تاقی كردەوە، بەڵام كێشەكان هەر چارەسەر نەكران و دۆخەكان هەر ئاڵۆزتر دەبن و ئەمەش رەوایی دەداتە داواكاری كورد بۆ سەربەخۆیی.بارزانی جگە لەوەی مەرجەعێكی سیاسییە و مێژوو و شەرعییەتێكی شۆڕشگێڕانەی هەیە، لە هەمان كاتدا وەكو سەرۆكی هەرێم شەرعییەتی یاسایی و دەستووری هەیە كە ئەمە هێزێكی تری داوەتە رۆڵی بارزانی بۆ بەرەو پێشڤەبردنی دۆزی گەلی كوردستان.لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، بارزانی ئەو رێبەرەیە كە دەتوانێت گەلی كوردستانی باشوور كۆبكاتەوە و رێبەرایەتییان بكات بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵا كە سەربەخۆیی كوردستانە . هەموو ئەوانە وایانكرد كە دیدی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان و پشتیوانیكردنی میللەتی كورد زیاتر ببێت و پێگەی بەهێزتر بكات و ببێتە جێی متمانە ..