خۆشەویستی بەندكراو

خۆشەویستی بەندكراو
شاندێكی باڵای عەرەبی شیعه لە كوردستانە، پەیام و وتەیان برایەتی و یەكبوون و وانەوەرگرتن لە ڕابردووە. دەیانەوێ بڵێن با پێكەوە دیسانەوە عێراق بنیاتبنێین، وەرن با شەریك بین، كوردستانمان خۆش دەوێ، بە بێ كوردستان عێراق لاواز و پەككەوتوو و پەراوێزخراو دەبێ، بە كوردستانەوە جوانین. وەرن با ڕابردوو لە یاد بكەین و دیموكراسی و یەكسانی و دەستوور جێگیر بكەین.
ئەم پەیامە ڕەنگە هەڵگری نیازپاكی هەندێ كەسایەتیی شیعه بێت بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە تەنیا قسەن و دەردی گەلی ستەمدیدەی كورد دەرمان ناكات. سەتساڵە ئەوە كوردە بە چنگ و ددان پەیامی لەم چەشنە بە گوێی دەوڵەتە كەڕ و نابیساكەی عێراقدا دەچرپێنێت. ئەم وتە و پەیامگەلە بۆ كورد كۆنن و دڵی هیچ هاووڵاتییەكی كوردستان خۆش ناكات.
لە 1921 هەتا 2003 عەرەبی سووننەی دەستەڵاتدار گەلی كوردستانی جینۆساید و تەعریب كرد. پێی نایە سەر چەمكی شەراكەت و كوردی بە پاشكۆ و پلە دوو دەدیت. لە 2003 هەتا ئێستا عەرەبی شیعه كە لەسەر شانی كورد دەستی لە سوڵتەدا گیر بوو بە هەمان ئاراستەی پێشوو هەنگاوی نا. ئابڵۆقەی خستەسەر پێشمەرگە و نانی گەلی كوردستانی بڕی. كوردستانی لە داعش نەپاراست بەڵكو كۆسپی بۆ هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە دروست دەكرد. ئێستا چاوی لەو خاكەیە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ڕزگاری كردووە لە ئەهریمەنی تیرۆر.
پەیامەكەی حەكیم و هاوڕێكانی كێشەی عێراقی بریندار و كورد چارەسەر ناكات. هیچ ناوەندێك بەناوی سووننە نەماوە نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتەیە بكات. ئەوەی هەیە نائومێد و گۆشەگیرە و بەشێكیشان بۆ پارە بوونەتە پاشكۆی مالیكی.
دوای ئەو هەموو قوربانیدانە گەلی كوردستان ڕازی نییە لە سەربەخۆیی كەمتر دانوساندن لەگەڵ بەغدا بكات. كوردستان نایەوێ بەشداری دەوڵەتێك بێت كە ئەنجامی هەموو شتەكان دیارە و زۆرینەی عەرەب بۆچوونەكانی دەسەپێنێت. نایەوێ لە وڵاتێكدا بێت قووتی بە نووكە ئیمزای حاكمێك بەند بێت. كوردستان نایەوێ بچێتە ناو گۆڕەپانێك كە ئامرازی بەرگریكردن لە خۆی نەبێت. چیتر كوردستان ملكەچی فەرهەنگێك نابێ كە تاییفەگەری و جیاكاری و خۆبەزلزانین تاوی دەدات.
كوردستان نایەوێ خۆشەویستێكی بەندكراو و بێئیرادە بێت، ماندوو بووە لەوەی جوانی و سامانەكانی بۆ عرووبەخوازی و دەوڵەتی قەڵپی عێراق بڕوات.
حەكیم و شاندە باڵاكەی عەرەبی شیعه هەموو ئەو ڕاستیانە دەزانن، ئاگاداری ورد و درشتی ئەو زوڵمەن لەگەلی كورد كراوە و دەكرێت. تەنیا شتێك كە دەنگی ئەوانی دلێر كردووە كەمپینە هەرزەكارەكەی بەشێك لە نوێنەر و سیاسییەكانی كوردە لە بەغدا كە تەپڵی پاشكۆیی دەكوتێت و ئاو دەكاتە ئاشی نەیارە فێڵبازەكانی كورد.
Top