هەموو شتێك لەسەر ژینگەی دەڤەری بارزان

هەموو شتێك لەسەر ژینگەی دەڤەری بارزان
یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی فەرهەنگی دەڤەری بارزان پاراستنی ژینگەیە كە زیاد لە سەد ساڵە لەلایەن پێشەوای خانەدانی بارزان بە میرات ماوەتەوە و لە ئاست جیهانی پێشكەوتووی ئەمرۆشدا یەكێك لە بە نرخترین بەهاکانی شارستانی دەژمێردرێت كە زیاتر گرنگی خۆی لە تێگەیاندن و پێگەیاندنی خەڵك بە شێوەیەكی خودكار دەبینێتەوە، ژینگەی دەڤەری بارزان سەدەیەك لە ژینگە پارێزی تێدەپەڕێنێت و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئاژەڵە كێوییەكانیش روو لە زیادبوون دەکات.

ناوچەی بارزان سەدەیەك لە ژینگەپارێزی
سەرچاوە مێژووییەكانی دەڤەری بارزان ئاماژە بەوە دەكەن كە ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان بەر لە زۆربەی ولاتانی ئەورووپا دەستی پێكردووە، بەڵام بەهۆی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق، سەدان دەستدرێژی کراوەتە سەر و بەوهۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر ئاژەڵ كوژراون و هەندێك لەو ئاژەڵانە كۆچیان كردووە بۆ چەند ناوچەیەكی تری ئەودیوی سنوور-تورکیا، بەڵام سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ژینگە پارێزی لە دەڤەری بارزان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "شێخ ئەحمەدی بارزان‌ و شێخ عەبدولسەلامی بارزان " لە ساڵی (1958)، بەڵام پاش چەند ساڵێك ژینگەی بارزان بەهۆی سەرهەڵدانی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی کورد، بووەتە مەیدانی جەنگی رژێمەكانی عیراق و پاش كۆچی دوایی ئەو سەركردانە، ژینگەی دەڤەری بارزان لە لایەن "مەلا موستەفا بارزانی"جارێكی تر پارێزڕاوە، بەڵام لە سەردەمی بارزانیشدا لەلایەن رژێمی بەعسی رۆخاو، جارێكی تر دەستدرێژی كرایەوە سەر ژینگەی دەڤەری بارزان و بەوهۆیەشەوە هەزاران جۆر ئاژەڵی كێویی لەناو چوون، بێجگە لە سووتانی بەشێكی زوری دارستانی ئەو دەڤەرە. دوای كۆچكردنی بارزانی نەمر، ژینگەی دەڤەری بارزان راستەوخۆ لەلایەن "مەسعود بارزانی" پارێزراوە و بە هەوڵی ئەو ئێستە هەزاران جۆری ئاژەڵە كێوییەكان لە ناوچەی بارزان دەژین و پارێزڕاون.

* ژینگەپارێزی لەدەڤەری بارزان بە دوو شێوەیە
ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان تەنیا ئاژەڵە كێوییەكان لەخۆ ناگرێت، بەڵكو ژینگە و دارستانیش دەگرێتەوە و هەر ئەمەش وای کردووە بە سەدان ئاژەڵ و هەزاران دار و درەخت لەو ناوچەیە زیاد بکەن.
بەهۆی نەبوونی هیچ داتا و ئامارێك، تا ئێستە لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە نازانرێت ژمارە و جۆری ئاژەڵە كێوییەكانی دەڤەری بارزان چەندە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی بارزان بۆ چاكسازی ژینگەی دەڤەری بارزان، ژمارەی ئاژەلە كێوییەكانی ئەو دەڤەر لە هەزاران سەری تێپەڕاندوە و نێزیكەی 20 جۆری ئاژەلی دەگمەن هەن وەكو پلنگ و ورچ و ئاسک، لەگەل هەزاران جوری باڵندەی جوان و سەرنجراكێش.
شارەزایانی ژینگە لە دەڤەری بارزان هۆكاری نەبوونی ئاماری تایبەت لەسەر ژمارەی ئاژەڵە كێوییەكانی دەڤەری بارزان دەگەرێننەوە بۆ ئەوەی ئاژەڵە كێوییەكان لە ناوچەیەكی زۆر فراوانیاندا بڵاو بوونەتەوە، لە لایەكی ترەوە ئاژەڵە كێوییەكان بە شێوەی دەستە دەستە و كۆمەڵ كۆمەڵ پێكەوە دەژین و رۆژانە شوێنەكانیان دەگۆڕن و هەموشیان لە ناوچە شاخاوییەكان بڵاو بوونەتەوە. ئەمە جگەلەوەی تا ئێستە پێویستییەكانی ئەژماردنی ئەو ئاژەڵانەیان نییە.

* ئاژەڵە كێوییەكانی كوردستان بەرەو ناوچەی بارزان کۆچیان کردووە
هاتنی چەكدارانی داعش بۆ چەند ناوچەیەكی سنووری هەرێمی كوردستان بووەتە هۆكاری ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی ژینگە بچن بۆ بەرەكانی جەنگ، ئەمەش بووەتە هوكار كە هەندێ‌ هاوڵاتی بە شێوەیەكی نا یاسایی سەرپێچیی ژینگەیی ئەنجام بدەن و ئاژەڵە كێویەكان راو بکەن، بەڵام ژینگەی دەڤەری بارزان پارێزڕاوە و تا ئێستە لەو دەڤەرە هیچ سەرپێچیەك تومار نەكراوە، بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی بارزان بۆ چاكسازی ژینگە، ژینگەی بارزان بووەتە ئارامگەی ئاژەڵە كێویەكانی ناوچەكانی تری كوردستانیش و ئاژەڵەكان لە دەست ڕاوكەران رایان کردووە و هاتوونەتە دەڤەری بارزان، بەمەش ژمارەی ئاژەڵە كێوییەكانی دەڤەری بارزان بۆ ئەم ساڵ زیادی كردوە.

* كێ‌ ژینگەی دەڤەری بارزان دەپارێزێت
ژینگە پارێزی لە دەڤەری بارزان بە چەك نییە، بەڵكوو ژینگەپارێزی لەو دەڤەرە بووتەوە كولتوور و هاوڵاتیان خۆیان بە بەرپرسیار دەبینن لە پاراستنی. بەپێی توێژینەوەیەكی سەنتەری رۆشنبیری نزاری بارزان90% هاوڵاتیانی سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر كە دەڤەری بارزان بەخۆیەوە دەگرێت، راستەوخۆ خۆیان بە بەرپرسیار دەبینن لە بەرامبەر پاراستنی ژینگە، بە تایبەتی توێژی گەنجەكان. هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو توێژینەوەیە، دەیان جار هاوڵاتیانی دەڤەری بارزان ئاژەڵە كێوییەكانیان لە مردن رزگار كردووە و لەسەر ئەركی خویان دەرمان و چارەسەریان بۆ کردوون.

* توێژینەوەی زانكۆ و فیلمی دیكۆمێنتاری لەسەر ژینگەی دەڤەری بارزان درووست كراوە
دەزگای هەرمان یەكێكە لە دەزگا رۆشنبیری و راگەیاندن و توێژینەوەكانی ژینگەیی لە دەڤەری بارزان، بە یاوەری شاندێكی زانكۆی میونخ-ی ئەڵمانی فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیانی ئاژەڵە كێوییەكان و سرۆشت و دارستانی دەڤەری بارزان بەرهەم هێناوە و دواتر لە وەلاتی ئەڵمانیا و زانكۆی ناوبراو پێشانی جیهان دراوە. دەزگای هەرمان ساڵانە یاوەری قوتابیانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دەستكەوتنی زانیاری بۆ توێژینەوەی دەرچووانی زانكۆ لەبارەی ئاژەڵە كێوییەكانی دەڤەری بارزان و تەنانەت هندێک‌ لە زانیارییەكانی ئەو توێژینەوانە لە پرۆسەی خوێندنی زانكۆ بەكارهێنڕاون.

* ئاژەلە كێوییەكان لە کام ناوچەی بارزانن؟
بە شێوەیەكی گشتی ئاژەڵە كێوییەكان لە هەموو ناوچەیەكی دەڤەری بارزان هەن، بەڵام ناوچەكانی "كەونەگوند ، چیای هەڵبت، ناوچەی گورەتو و ئەشكەوتی شانەدەر، چیای پیرەفات و گوندەكانی چواردەوری، ناوچەی لێرەبیر، گوندی گولانوك، گوندی بێدارون، گوندی كانیەدێر، زنجیرە چیای شیرین و چەندان ناوچەی تر" ئاژەلە كێوییەكان لە دەڤەری بارزان ئەوەندە تێكەڵی مرۆڤەكان بوون بێ ئەوەی سڵ بکەنەوە، لەسەر شەقام و نێو کۆڵانی هندێک‌ شوێنی دەڤەری بارزان دەسووڕێنەوە.

* ئەو ئاستەنگەكانەی دەكەونە رێگای ژینگەی دەڤەری بارزان
بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی بارزان بۆ چاكسازی ژینگە لە دەڤەری بارزان كەمی خواردن و خواردنەوە و بڵاوبونەوەی ئاژەڵە كێوییەكان لە زۆر شوێن و بوونی هەندێ‌ نەخۆشی بە تایبەتی لە وەرزی زستان دا بووەتە هۆكار بۆ ئەوەی ژمارەی ئاژەڵە كێوییەكانی دەڤەری بارزان بەرە بەرە روو لە زیادبوون بکەن، بەڵام هەندێک جاریش ئەو ئاژەڵامە دەبن بە نێچیری هەندێ‌ ڕاوكەری دەرەوەی بارزان. بەدەر لەمانە بۆ پاراستن ئاژەڵە كێوییەكان لە نەخۆشی، سالانە لە وەرزی زستان دا لە لایەن تاقیگەی ناوەندیی هەولێر پشكنینیان بۆ دەکرێت و بۆ نەهێلانی سەرپێچی ژینگەییش چەند كامێرایەکی چاودێری دانراوە.
لەسالی 2011 دەزگای هەرمان هەواڵی نەخوشییەكی كوشندەی بەناوی نەخوشی PPR لە رادیۆی هەرمان بڵاو كردەوە، دواتر راستەوخۆ لیژنەیەك كە پێكهاتبوون لە قایمەقامی مێرگەسۆر و نوێنەری ڤێتەرنەری هەولێر و سەرۆكی دەزگای هەرمان و جوڵەی یەكەی 5113ی پاراستنی ژینگە و چەند پسپۆڕێكی كشتوكاڵ بۆ دەستنیشانكردن و چۆنیەتی چارەسەری ئەو نەخۆشییە رەوانەی دەڤەری بارزان كرا، و دواتر ئەنجامەكانی ئەو ئەو نەخوشییە نێردرایە زانكۆی میونخ-ی ئەڵمانیا و دوای لێكولینەوە لەسەر ئەو سێمپڵانە، وا دەركەوت كە نەخوشییەكە لە جۆری PPR ە و نەخوشیەكی كوشندەی ڤایرۆسییە و توشی سمت و دەمی بزنە كێوییەكان دەبێت و ناتوانێت بەرگەی بگرێت و دەمرێت، تیمێکی زانكۆی میونخ سەردانی دەڤەری بارزانیان كرد و دوای ئەنجامدانی لێكۆلینەوە وا دەركەوت كە نەخوشیەكە تەنیا بزنە كێوییەكان گرتۆتەوە و لە توركیاوە گواستراوەتەوە دەڤەری بازان و بەوهۆیەشەوە نێزیكەی 2 هەزار سەر بزنی كێوی لە دەڤەری بارزان مردن.

* ژینگەی دەڤەری بارزان هەموو مەرجە نێودەوڵەتییەكانی ژینگەیی تیادایە
بەهۆی پێشینەی كولتووری ژینگەپارێزی لە دەڤەری بارزان كە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتایی سەدەی بیستەم و پێكهاتەی ژینگەی ئەم دەڤەرە، بوونی پێوەرەكانی پێویست بۆ سیستەمی بایوسفێری یونسكۆ بە مەبەستی چارەسەری بنەڕەتی، پسپۆڕانی ئەڵمانی بەڵێنی هاوكاریكردن بۆ دەڤەری بارزان دەدەن، سالی 2011 بیرۆكەی سیستەمی ژینگەپارێزی M.A.B یونسكو بو دەڤەری بارزان داندرا چونكە هەموو مەرجی پێویستی لەو دەڤەرە هەیە و لە سالی 2012 ئەم سیستەمە لەسەر ژینگەی دەڤەری بارزان چەسپێنرا و بەم هۆیەشەوە ئەگەر نەخۆشییەك بزنە كێویەكانی دەڤەری بارزان بگرێتەوە، ئەوا بە پەلە هاوكاریە نێودەوڵەتییەكان دەگەنە ئەو ناوچەیە.

دەڤەری بارزان لە شارۆكەیەك و پێنج شارەدێ و 252 گوندی ئاوەدان و چۆڵ پێكدێت و دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای شاری هەولێر بە دووری 130كم و هاوسنوورە لەگەل هەریەكە لە شارۆكەكانی ئاكرێ‌ لە باشوور و شەمزینان لە باكوور و سوران لە رۆژهەڵات و ئامێدی لە رۆژئاوا. ڕۆبەری گشتی دەڤەری بارزان لە 549 هەزار و 960 دۆنەم زەوی لە دەشتایی و دارستان و چیا پێكدێت و سالی 1890 کراوە بە شارۆكە.
Top