حەبی پانادۆڵ و كۆڵبەر

حەبی پانادۆڵ و كۆڵبەر
ئەو كوردەی پێیوایە هەڕەشە لەسەر كورد نەماوە و دەكرێ لە باوەشی داگیركاردا مەدینەی ئەفڵاتۆنی بنیاتبنێن، یان گەمژەیە یانیش ڕۆحی جاشایەتی دەستی بەسەر هزروهۆش و گۆشت و خوێنیدا گرتووە.
دوا وتەی ڕژێمە ستەمكارەكەی ئەسەد بۆ كورد لە دوای پەنجاساڵ ئینكار و خوێنڕشتن ئەوەیە كە " بڕۆن حەبی پانادۆڵ بخۆن".
ئێران بە شاهەنشا و كۆمارە ئیسلامییەكەیەوە پاش جیاكاریی ئاشكرا لە دەستوور و بە پلە دوو و سێ زانینی كورد و لە سێدارەدان و زیندان و كوشتنی كۆڵبەری بێتاوان ئێستا ملی ناوەتە برسیكردنی كوردەكان،... لەوێ بۆ كورد نان بوونی نییە، ئازادییش مەحاڵە... نان تەنیا بۆ كۆیلە و جاشەكانە.
لە عێراقدا وا حەشدی شیعه شمشێر تیژ دەكات و چاوی لە خاكی كوردە، ئەو هەناسە بۆگەنەی تاییفەگەری فیتنەیەكی گەورەی لە هەگبەدایە لە دژی كوردستان.
دوای سەتساڵ دوژمنایەتیی كورد لە توركیا ئێستا ئیسلامی سیاسی و كەمالیزم بەیەكەوە سەنگەریان لە كورد گرتووە.
دوژمن و داگیركار بۆ دژایەتیی كورد ستراتیژیی هەیە، كار لەسەر هەموو ڕەهەندەكان دەكات. لەبەرانبەردا سیاسییەكانی كورد هێشتان نەیانتوانیوە لە قەپێلكی خۆبەبچووكزانین بێنە دەر. وا ئەزانن دنیا و سیاسەت تەنیا حزبەكەیانە. ئەوەندەی ڕێزی داگیركار دەگرن ڕێزی یەكتری ناگرن.
بۆ ڕزگاربوون و ئازادی پێویستیمان بە سەروەری و دەوڵەتە. كات لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، لەسەر گەمژەیی سیاسی بەردەوام بن هەموو دەرفەتەكان دەدۆڕێنن. حزبەكان ئەگەر پشتیوانی ستراتیژ و پڕۆگرامی بارزانی بان لە سەربەخۆیی ئەوە بەر لە شەڕی موسڵ دەكرا سەربەخۆیی ڕابگەیێندرێت. بەڵام لەبری پشتیوانی لوغمی سیاسیان بۆ نایەوە. بارزانی هەر هەنگاوێكی دەگرتەبەر ئەوان هەوڵیاندا لێی تێكبدەن. بیشكێنن و سەربەخۆیی بە خەونێكی گڵاو بزانن و میللەت بكەن بە نەیاری سەروەری.
هەتا سیاسییەكانی كورد بەخۆیاندا نەچنەوە و گۆڕان نەخەنە ڕۆانگەی سیاسیی خۆیان، هەتا بەو قەناعەتە نەگەن كە گەلەكەیان ئەبێ پەرژینی هەبێ، هەتا نەزانن كە هەر كامیان بەشێكن لە جەستەیەكی گەورەتر كە دەبێ بپارێزرێ، هەتا بچووك بن هەر بە بچووكی دەمێننەوە و گەلەكەیان دەچەوسێندرێتەوە و فێڵی لێ دەكرێت و لە سێدارە دەدرێت.
Top