کێشەی کارەباو ڕێکارە ئابوریەکان بۆ بەفێڕۆنەدانی لە ھەرێمی کوردستاندا

کێشەی کارەباو ڕێکارە ئابوریەکان بۆ بەفێڕۆنەدانی لە ھەرێمی کوردستاندا
وزەی کارەبا ئەگەرچی ھەڵسوڕێنەری ڕەوڕەوەی ئابوری و گشت چالاکیەکانی ڕۆژانەی مرۆڤە لە دابینکردنی خزمەتگوزاریە بناغەییەکان لە بوارەکانی تەندروستی, ئاوی خواردنەوەو ..ھتد ھەر بۆیەش لە ناسەقامگیری و قەیران و شەڕەکاولکاریەکاندا سەرچاوەکانی وزە و وێستگەکان و تۆڕەکانی کارەبا دەبنە ئامانجی دوژمنان بۆ وەستانی گشت چالاکیەکانی ژیانی ھاوڵاتیان و ڕەوڕەوەی ئابوری وڵات, لێرەدا بە پێویستمان زانی تیشک بخەینە سەر پێکھاتەو بەفێڕۆنەدانی ئەو سامانە نیشتمانیە گرنگە کە ساڵانێکە بەدەست کێشەکەیەوە دەناڵێنین پاشانیش باس ڕێکارو کێشەکە دەکەین:
لە قۆناغەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوەو دابەشکردنی وزەی کارەبا کە کارێکی ئاڵۆزەو خەرجێکی زۆری دەوێت بەتایبەتی لە دابیکردنی سووتەمەنی و ژێرخانی تۆڕە جۆراجۆرەکانی لە ئامێرو ھێڵەکانی گواستنەوەی پاڵە پەستۆی بەرز High Voltage ٤٠٠-١٣٢ kV بۆ گواستنەوەی کارەبا بۆ شارو شوێنە دوورەکان لە وێستگەکانی بەرھەمھێنانەوە، وە ھەروەھا ئامێرو ھێڵەکانی پاڵە پەستۆی مام ناوەند Medium ٣٣-١١kV Voltage بۆ گواستنەوەو دابەشکردنی کارەبای شارو شارۆچکەو گوندەکان و شوێنەکانی تر, وە پاڵە پەستۆی نزم Low Voltage بۆ گواستنەوەی کارەبا لە تڕانسفۆڕمۆڕی کۆڵان و شەقام و ئەپارتمانەکانەوە بۆ دوا بەکاربەر End User , کە خەرجی ئەم قۆناغانە بەتەنھا بۆ یەک میگا وات کارەبا دەگاتە نزیکەی یەک و نیو بۆ دوو ملیون دۆلار بە خەرجی سووتەمەنی و تۆڕەکانەوە بۆ گەیاندن و دابینکردنی کارەبا, مەخابن کە لە دوای ئەم خەرجە زۆرە بەرھەمەکە وەک پێویست سوودبەخش نابیت و تەندروست بەکار نایێت و بەفێڕۆ دەرێت یان نزیکەی ٥٠% ی بۆ خۆگەرمکردنەوەو ئاوگەرمکردن بەکاردێت پێچەوانەی ھەموو وڵاتانی دونیا کە بۆ پێشخستنی ئابوری و تەکنیکە نوێکان بەکار دێت،
بچوکترین یەکەی پێوانەی وزەی کارەبا کە کیلۆوات سەعاتە (kWh) ئەوەی کە بەرھەمدێت و دابەش دەکرێت تێکڕای خەرجی یەکەکە لە نێوان (١٨ بۆ ٢٠) سەنت دەکەوێت لەسەر بوجەی گشتی و دەزگاکانی کارەبا بەگوێرەی چەشن و ڕێژەی بەکارھێنانی سوتەمەنی, واتە (٢٣٤ بۆ٢٦٠) دینار وە نرخی بازرگانی و جیھانیش لەوە زیاترە، بەڵام لەم وڵاتە دەدرێتەوە بە ھاوبەشانی ماڵان بە (١٥ بۆ ٧٠ دینار)! واتە ١٥ دینار ئەگەر لە سنوری ھەتا ٤٥٠ یەکە بەکارھاتبێت و بۆ ٤٥٠ (kWh) ی دوەم بە ٢٠ دینار حساب دەکرێت لە مانگێکدا و ئینجا بە ڕێژەیکی گونجاو بەرز دەبێتەوە بۆ سنوردانانی بەکارھێنان، بەھەر حاڵ ئەمە ھەرزانترین نرخی کارەبایە بە بەراورد لەگەڵ نرخی ستاندەری جیھانی کە ئێستا پەیڕەو دەکرێت, بۆیە دەبێت میدیاکان و ھاوڵاتیان ئاگاداربن و ئەوپەڕی ھەوڵ بدەن بۆ ھاوکاری دەزگاکانی کارەبا بۆ بەفێڕۆ نەدانی ئەم سامانە پڕبەھا گشتیە چونکە بە ئەنجام بۆ خۆیان پاشەکەوت دەکرێت وە بەفێڕۆدان لە بوجەی گشتی کەم دەکرێتەوە.
بۆیە لێرەدا بە پیًویستمان زانی گرنگی و خەرج و بەفێڕۆنەدانی وزەی کارەبا ڕونبکەینەوە چونکە ئەگەر ھەموومان ئەو ڕێنماییانەپەیڕەو بکەین لە شوێنی کارو ماڵەکانمان دا بە کوژاندنەوەی چەند گڵۆپێک یان ئامێرێک لەسنوری ٢٥٠ وات, بۆ ملیۆن و نیوێک بەشداری کارەبا, واتە توانیمان کارەباێکی باش لە سنوری ٤٥٠ میگاوات پاشەکەوت بکەین و خەرجیەکانی کەم بکەینەوە, چونکەتەنھا خەرجی دانانی وێستگەیەک کە بتوانێت ئەو وزەیە دابین بکات و بیگەیەنێتە ھاوڵاتیان دەگاتە پتر لە ٥٠٠ملیۆن دۆلار, جگە لە جێگیری و پاراستنی ئامێرو تۆڕەکانی کارەبا لە فشارو زەرەرو زیان.
دەکرێت بەفێرۆنەدانی وزەی کارەبا پێناسە بکرێت: کە بریتیە لە باشترین بەکارھێنانی سەرچاوەکانی وزەی کارەبا بە شێوەیەکی ژیرانە و تەندروست بۆ پێویستی ئیش و کاری ڕۆژانە و کارپێکردنی کارگە و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان لە پێویستی ماڵان و شوێنە پیشەسازی و بازرگانیەکان بەبێ ئەوەی ھیچ کاریگەری نێگەتیڤی ھەبێت لەسەر ژیان و بەرھەمی بەکارھێنەران و گشت جۆرە بەشدارانی کارەبا وە ھەروەھا بەبێ ئەوەی چوستی ئامێر و کەل و پەلە کارەباییەکان و بەرھەمەکانیان کەم بکرێتەوە یان زەرەرمەندبێت.
ئامانج لە ژیرانە بەکارھێنان و بەفێرۆنەدانی وزەی کارەبا چاکسازی ئابوریە کە بەمانەی لای خوارەوە کورت دەکرێتەوە:
- کەمکردنەوەی خەرجیە حکومیەکان و پاشەکەوت لە بوجەی گشتی.
- کەمکردنەوەی خەرجی فاتورەی بەکارھێنانی کارەبای بەکاربەر.
- دوورکەوتنەوە لە زیاد مەسرەفی بێ پاساو لە بەکارھێنانی وزەی کارەباو زیانکەیاندن بە ئامێرو تۆڕکانی کارەبا.
- ھاوکاری و بەشداریێکی نیشتمانی چاڵاکە بۆ پارێزگاری لە ئابووری ھەرێم و پاراستنی ئاستی بەردەوامی دابین کردنی کارەبا بە چوستیەکی باش بە کەمکردنەوەی باری کارەبایی لەسەر وێستگەکانی کارەبا و تۆڕو ترانسفۆرمەرەکان و پاراستنیان لە کارکەوتن و سوتان یان کورت بونەوەی تەمەنیان.
وزەی کارەبا ئەو سەرچاوە بزوێنەرەی ھەموو چاڵاکیەکانی ڕۆژانەی مرۆڤە، کە ژیانی ھاوچەرخ بەبێ کارەبا زەحمەتە و حکومەتیش بودجەیەکی زۆرو وەبەرھێنانێکی گەورە کراوە بۆ دامەزراندنی تۆڕ و وێستگەکان ھەتا کارەبا بگاتە ھەموو ھاوڵاتیان بەبێ جیاوازی و بۆ دوورترین گوندەکان. بەداخەوە لەبەر ھەندێ باری تایبەت بەم وڵاتە کە بووتە ھۆی سستی کارەبا، یەکێک لەوانە زۆری خواست و زیادبونی ژمارەی بەشداران و ئاوارە و دواکەوتنی سیستەمی ئیدارەی کارەبا کە ئەمەیان بە ڕای من گرنگترینیانە وە ئێستا چاکسازی تێدا دەکرێت سەرەڕای بوونی قەیرانی دارایی کە ئەویش ئاستەنگێکی ترە لە گەڵ کۆنی تۆڕەکان Aging، یەکێک لە ھۆکارە گرنگەکانی ئیدامەی کارەبا بەکارھێنانی ژیرانەیەو بەفێڕۆنەدانیەتی، کە ئامێرەکان بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ سوود کارنەکەن و بەبێ ئەوەی پێویست بن وە ھەوڵدان بۆ بەکارھێنانی ئەڵتەرناتیڤەکانی خۆگەرمکردنەوە لە سوتەمەنی و گازی LPG ی بۆ ماڵان کە فشارو پاڵەپەستۆ کەم دەکەنەوە لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.
لەڕێگەی توێژینەوەکانەوە و ئەزموونی گەلانی پێشکەوتوو لە بواری وزە نوێبوەکان Renewable Energy)کە دەبێتە ھاندەرێک بۆ کەم کردنەوەی بەفێرۆدانی وزەی کارەباو کەمتر پشت بەستن بە تۆڕو سەرچاوە کلاسیک و ھایدرۆکاربۆنیەکانەوەی کارەباوە, بەڵکو پشت ببەستین بە سیستەم و تەقەنیاتی وزە نوێبوەکان Renewable Energy)) بەتایبەتیش ووزوەی تیشکی ڕۆژ ( (Solar Energyکە کوردستان لە زۆربەی مانگەکانی ساڵ تیشکی ڕۆژ دەدرەوشێتەوە، ئەوەی پێویستمانە بەدامەزراوەکردنی دەزگاکانی کارەباو چەند تەشریعاتێکە لە یاساو ڕێساکان لەوانەش یاسای کارەباو وزەنوێبوەکان و ڕۆشەنبیریە ژینگەییەکان کە بنەمان بۆ بەفێڕۆنەدانی وزەو کەمکردنەوەی دەرکردنی گازە ژەھراویەکان لە ئەنجامی سوتانی سوتەمەنێکی زۆر لە وێستگەکانی کارەبادا، کارکردن بۆ گۆڕینی وزە تەقلیدیەکان و پەرەپێدانی وزەی نوێ و حکومەتیش دەبێت حەوافز بدات لەسەرەتاوە بۆ پارێزگاری کردن لە بەردەوامی دابینکردنی ئەو چەشنە کارەبایەو چەند ھەنگاوێکی تر بە گۆڕینی شێوەی کلاسیکی بینا دروستکردن (ماڵان، دەزگاکان ..ھتد) یاساو ڕێنمایی پێویست دەربکات بە داخڵکردنی ئەو سیستەمانەی کە دەبنە ھۆی بەفیڕۆنەدانی وزەی کارەبا لەوانەش عەزلی حەرای Insulation بۆ دیوارو پەنجەرەو دەرگای ماڵ و بڵەخانەکان و بەخشین و کەمکردنەوەی و باجی گومرگی لەو کەل وپەلانەی کە بەکاردێن بۆ ئەو مەبەستە، وە ھەروەھا بەخشینی باجی گمرگی لەو ئامێرانەی کە وزەی کارەبای کەم بەکار دەھێنرێن و زیادکردنی باج لەسەر ئامێرە زیانبەخشەکان بە وزەی کارەبا، بۆ دروستکردنی بازاڕ بۆ ئەو کەل و پەلانە کە بەڵێندەر و بەکارھێنەر بەنرخێکی گونجاو مامەڵەیان لەگەڵ دا بکەن بەوەی کە ڕێگری لە ئامێرە کلاسیکیەکان بگیرێت,ئەزموونی بەکارھێنانی ئامێرە کەم مەسرەفەکانی کارەبا ئەوە پیشان دەدات و دەیسەلمێنێت کە توانیویانە ٣٠% ی فاتورەی کارەبا کەم بکەنەوە.
جگە لە و ڕێکارانەی بەفیڕۆنەدانی وزەی کارەبا کە باسمان کردون چەند خاڵ و ڕاسپاردەیەک ھەن دەکرێت پشتیان پێ ببەستین بۆ بەفیڕۆنەدانی وزەی کارەبا ئەمەش بە گوێرەی سیستەمەکە و ئامێرە بەکارھێنەرەکانی وزەی کارەبا دەتوانین بەم شێوەیەی لای خوارەوە کورتیان بکەینەوە:
١- ڕووناکی (Lighting): گڵۆپەکانی ڕووناک کردنەوە لە بەکاھێنەرەکانی کارەبان دەتوانرێت بەئاسانی کۆنتڕۆڵ بکرێن لە جیاتی ئەوەی بەشەو و بە ڕۆژ کار بکەن، ھەژار و دەوڵەمەند بەکاریان دەھێنن لەگوند و لەشار، لەماڵ و لەسەر شەقامەکان، وە بۆ سوود وەرگرتن و پاشەکەوتکرنی ئەو وزەیەی کە سەرف دەکرێت بۆ ڕوناکی دەتوانین پەیڕەوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەین:
- ھەڵبژاردنی گڵۆپی کەم بەکارھێنەر کە ناسراون بە (Save Energy LED) چوستیان بەرزە، دوورکەوتنەوە لە بەکارھێنانی گڵۆپی تنگستن و فلۆڕسنتی تەقلیدی و بەکارھێنانی سیستەمی ڕوناکی تازە کە ئیش دەکەن بە دایۆدی Light Emission Diode کە سەرفی کارەبای زۆر کەمە بە بەراورد لەگەڵ چەشنەکانی تر.
- سوود وەرگرتن لە ڕۆشنایی سروشتی لەکاتی ڕۆژدا لە جیاتی ڕوناکی کارەبا ئەویش بە سوود وەرگرتن لە پەنجەرەو سەقفی بیناکان بەوەی کە زۆرترین ڕووناکی بێنێتە ژوورەوە.
- بۆیاخی دیواری ناوەوەی ژوورەکان دەبێ ڕەنگی سپی و کاڵ بێت کە یارمەتی بڵاوبوونەوەو عەکس بوونەوەیReflection تیشکەکان دەدات بە چوستیەکی باش.
- خاۆێنکردنەوەی گڵۆپەکان بەشێوەی بەردەوام بۆ پارێزگاری لە کەفائەی ڕوناکی و بەکارھێنانی عاکسی ڕووناکی باش لەگەڵ گڵۆپەکان بەشێوەیەک کە خزمەت بە باشتربوونی ڕوناکیەکە بکات.
- بەکارھێنانی فۆتۆسێڵ و تایمەرو ئامێرە ھەستیارەکان Sensor & Timer بۆ کوژاندنەوەی گڵۆپەکان بەشێوەی ئۆتۆماتیک بۆ باخچەو ڕێڕەو و پلیکانەکان بەشێوەیەک کە وزەی کارەبا بەفیڕۆ ناچێت و کاتێکی زۆر کەم کار دەکات و تەمەن و کاتەکانی کارکردنیشیان زۆر زیاتر دەبێت.
- بەکارھێنانی Solar Light بۆ جادەکانی دەرەوە و ناوخۆ و باخچەکان.
- ھاندانی بەکارھێنانی وزەی تیشکی ڕۆژ Solar بۆ ترومپاکانی بیرەئاوی خواردنەوەو کشتوکاڵی و ئاودێری لە دەشت و باخ و کێڵگەکاندا.
- بەکارھێنانی Photo cell فۆتۆسیل بۆ ڕوناکی دەرەوە، جادەکان، ماڵان بەوەی کە ڕۆژ ھەڵات بکوژێتەوە و ئێوارە کە ڕۆژئاوا بوو دادەگیرسێت.
٢- سیستەمەکانی گەرمکردنی ئاوو خۆگەرمکردنەوە :
خۆگەرمکردنەوە و گەرمکردنی ئاو بەشێکی گرنگی پێویستیەکانی ژیانی مرۆڤە لە زۆربەی ماڵ و دەزگاکان، بەمەش بەشێکی زۆری وزەی کارەبا بەفیڕۆ دەدرێت، ئەگەر بێت و ڕاستەوخۆ کارەبا بەکاربھێنرێت, بۆ کەمکردنەوەی بەکارھێنانی وزەی کارەبا پێویستە سوتەمەنی ڕاستەوخۆ بەکاربێت نەوەک کارەبا بۆ خۆگەرمکردنەوە ئاو گەرمکردن وەک (غاز، نەوتی سپی,گازوایل) کە لەڕوی ئابوریەوە دروستە بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرج و فشار لە بەکارھێنانی کارەبا.
وە ھەروەھا ھاندانی دەزگا و بەشدارانی کارەبا لە بەکارھێنانی ئاو گەرمکەری تیشکی ڕۆژ (Solar Boiler) یان وەک وەکو ھاوکارێک بۆ ئاوگەرمکردنی گیزەر بۆ بەشداری لە کەم بەکارھێنانی کارەبا بەتایبەتی لە ماڵان و دەزگا حکومیەکان، ئوتێلەکان، خەستەخانەکان، مەلەوانگەکان لەڕێگەی توێژینەوەکانەوە دەرکەوتووە کە بەسوود وەرگرتن لە وزەی تیشکی ڕۆژ بۆ ئاو گەرمکردن دەتوانرێت زیاتر لە ٦٠% ی وزەی کارەبای ئاوگەرمکەر پاشەکەوت بکرێت.
یاساو ڕێنماییە پێویستەکان:
بۆ ھاندانی ھاوڵاتیان لەسەر بەفێرۆنەدانی وزەی کارەبا دەبێت ھەندێک یاسا و ڕێنمایی دەربکرێت بۆ ئاسانکاری و دیاریکردنی میکانیزم و ڕێوشوێنەکان بۆ ھاندان بە بەرزکردنەوەی ھۆشیاری کۆمەڵگا بە چڕکردنەوەیان بەم خاڵانەی خوارەوە: -
١- گۆڕانکاری و پێداچونەوەی بە نرخی یەکەی کارەبا بە ھەموو جۆرەکانیەوە ( ماڵان، حکومی، بازرگانی، کشتوکاڵی ) وە بەتایبەتیش دەزگاکانی حکومەت و بارەگاو گشت ھاوبەشان بەجۆرێک کە ھاندەر دەبێت لەو شوێنانە بۆ ژیرانە بەکارھێنانی کارەبا بەشێوەیەک کە کارنەکاتە سەر باری بژێوی ھاوڵاتیان و کارەکانیان و بە بەکارھێنانی تەکنەلۆجیای نوێ کە ھانی کەم بەکارھێنانی کارەبا دەدات.
٢- سازدانی سیمینارو وەرشەی کار (Workshop) بۆ ھۆشیاری و پیشاندانی نوێترین تەکنەلۆجیا کە بەشداری دەکات لە بەفیڕۆنەدانی کارەبا کە ھاوڵاتیان ھانبدات بۆ تێگەیشتن و بەکارھێنانی کە لە ڕوی ئابوریەوە سوود بەخشە بۆیان.
٣- کۆمپانیا وبەرھێنەرو بەڵێندەرەکان ھانبدرێن بۆ بەکارھێنانی نەگەیەنەر (Insulation) لە بینا نوێکاندا بۆ ڕێگەگرتن لە گەرمای ھاوین و بە پێچەوانەشەوە لە زستان, لە ڕووی زانستیەوە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بەکارھێنانی عەزلی حەراری سوودێکی زۆری دەبێت لە پاشەکەوتی وزەی کارەبا.
٤- ھاندان بۆ بەکارھێنانی (النوافژ الزکیە) کە دەگۆڕێت بە گوێرەی تەوژمی تیشکی ڕۆژ بەوەی کە ڕێگە بە بڕێکی دیاریکراو دەدات لە تیشک ئەمەش بەشداری لە کەم بەکارھێنانی وزەی کارەبا دەکات لە ھاویناندا.
٥- دەزگا پیشەسازی و وەبەرھێنەرەکان ھانبدرێن کە وێستگەی بەرھەم ھێنانی تایبەت بە پڕۆژەکانیان دابمەزرێنن وەک سەرچاوەی یەدەک (Standby power supply) بۆ کەمکردننەوەی فشار و پاڵەپەستۆ لەسەر تۆڕەکانی کارەبا بە گشتی و لە کاتی بارگرانی تۆڕەکانی کارەبا (Peak Load) دا بەتایبەتی لە زستانان و ھاویناندا.



Top