بارزانی تاوانبارە و پێویستە دادگایی بکرێت

بارزانی تاوانبارە و پێویستە دادگایی بکرێت
بارزانی نەمر فەرموویوتی: ئەگەر کوردایەتی تاوان بێ، من گەورەترین تاوانبارم، هەر لەسەر کوردبوون و کوردایەتی بارزانی نەمر فەرموویەتی: ئەگەر کوردایەتی گرانە، بەڵام خیانەت نەکردن ئاسانە، داگیرکارانی کوردستانیش لەلای خۆیانەوە کوردبوون و کوردایەتیان بە تاوان زانیوە و بۆ ئەوەی کوردیش لە تاوانی کوردایەتی دوور بخەنەوە، دادگای تایەبەتیان بۆ دادگایی کردنی هەموو ئەو تاوابارانە داناوە کە بە قەولی بارزانی نەمر تاوانبارن، بۆ ئەو مەبەستەش بە یاسای داگیرکاری و لە دادگای عرووبەدا دادگاییان کردوون و سزای لە سیدارەدانشیان بەسەردا سەپاندووەن، شۆڕشگێڕ و کوردپەروەرانی کوردیش بۆ سەلماندنی تاوانبار بوونی خۆیان بە شانازییەوە چوونەتە بەر دەمی دادگای داگیرکاران و مەرگی خۆیان کردۆتە پارێزەری کوردبوون و بە هەڵوێستی کوردایەتیش دادگایان دادگایی کردووە.
ئەوەی لێرەدا بۆتە جێگای پرسیار هەندێ کەس و دەستە و گرووپی کوردی، لە بەغدا لەبەر کورد بوون بە تاوانی کوردایەتی هەڵدەکوترێتە سەریان، کەچی لە کوردستان وەک پاکانە کردن بۆ تاوانبار نەبوونیان بە کوردایەتی هەڵدەکوتنە سەر تاوانبارانی راستەقینەی کوردایەتی، ئەو کەس و دەستە و گرووپانە بۆ بەرگری کردن لە خۆیان کوردایەتی و خواستی سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو و شەڕانی ناو دەبەن، بەوەش رەوایی بە یاسای داگیرکاری دوژمنان دەدەن و بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقیش پەنا بۆ دادگایی کردنی شوێنکەوتووانی رێبازی کوردایەتی دەبەن.
لێرەوە بە سەرۆک بارزانی دەڵێم: وەک بارزانی نەمر فەرموویەتی: ئەگەر کوردایەتی تاوان بێ، ئەوا لە ئێستادا تۆ گەورەترین تاوانباری و پێویستە بە تاوانی کوردایەتی دادگایی بکرێی، ئەوە یاسای باوکتە و وەک ئامانەتێکی نەتەوەیی بۆی جێهێشتووین و، بەڵگەشە بەدەست داگیرکارانی کوردستانەوە تا بە یاسای داگیرکاری و لە دادگای عرووبەدا خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستانی پێ دادگایی بکەن.
بەو کەس و دەستە و گرووپانەش کە کوردایەتی بە تاوان دەزانن و بە پشت کردنە کوردایەتی خۆیان بێتاوان دەکەن دەڵێم: وەک بارزانی نەمر فەرموویەتی: ئەگەر کوردایەتیتان پێگرانە و پێتان ناکرێ، خۆ دەتوانن لانیکەم بێلایەن بن و بە هاوپەیمانی و دەنگ خستنە پاڵ دەنگی عەرەب دژی کوردایەتی نەوەستنەوە و خۆیان لە خیانەت بە دوور بگرن.
Top