نان و ئازادی
January 24, 2017
وتار و بیروڕا
دوای نەوەدویەك و نەمانی داگیركار چیتر هەتیو نەبووم و وڵاتم هەبوو. ئەو هەستە خۆشە زۆری نەخایاند و شەڕی براكوژی دەستی پێ كرد. ئێستایش بۆم ڕوون نەبووەتەوە كە گەلێك ئەنفال و كیمیاباران كرا بێت چۆنی دڵی هاتووە دەست بۆ گیانی خۆی ببات و یەكتر بكوژێت.
ئێستا ئەو جیوگرافیایەی ناوی هەرێمی كوردستانە بەهەشتێكە بۆ خەونی گەلێك كە بە درێژایی مێژوو هەتیو ماوەتەوە. نەمانی هەتیوی ڕزگاركەر نابێت ئەگەر بێ ناوی هەر مابێت. بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی هەتیوی و پاشكۆییش ئەبێ ناو و پەرژین هەبێت بۆ ئەم جیۆگرافیایە. هەروەكچۆن بۆم ڕوون نەبوو كە بۆ گەلی ئەنفالكراو دڵی هات دەست بۆ شەڕی ناوخۆ ببات، ئێستایش بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا وێڵم كە چۆن لەنێو ئەم گەلە ستەمدیدەیەدا هەن كوێرانە لەدژی سەربەخۆیی و پەرژین و ناو دەوەستنەوە.
سەربەخۆیی و دەوڵەت بە تەنیا نان یان ئازادی نییە. بە تەنیا لق و مەلبەند و بازنە و شار نییە. شێوەزار و ناوچە نییە. بە تەنیا قوتابخانە و نەوت و دار بەڕوویش نییە. دەوڵەت هەر هەموویەتی و زیاتریشە چونكە پەرژینێكە بۆ هەمووی، بۆ نان و ئازادی.