ئایا شه‌ڕه به‌وه‌كاله‌ته‌كه‌ی كوردان له‌دژی داعش، دژایه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانیان له‌مه‌ودای دووردا؟
January 10, 2017
وتار و بیروڕا
له‌ساڵی (2013)ـه‌وه سه‌رۆك ئۆباما ئه‌و بنه‌مایه‌ی دووپاتكرده‌وه كه‌هیچ هێزێكی ئه‌مریكی له‌سه‌ر زه‌مینی سوریا هه‌بوونی نابێت، كاتێ گوتی: "...ئێمه بۆ ئه‌وه هه‌نگاو ده‌نێین كه هاوبه‌شی كارا له‌سه‌ر زه‌مین بدۆزینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی بكه‌ین له‌دژی داعش". بێگومان كوردانیش سه‌لماندییان كه ئه‌وان جه‌نگاوه‌ری كاران له هه‌ریه‌كه له‌عیراق وسوریادا. به‌ڵام پرسه ئاڵۆزه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا ئه‌وان هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ن، یان ته‌نیا ئامرازی بچووكن له‌شه‌ڕێكی به‌وه‌كاله‌تداو زۆری پێناچێ ده‌ستبه‌رداریان ده‌بن، كاتێ جه‌نگ ته‌واو ده‌بێ؟
دیاره كوردان ناوبانگی باشیان هه‌یه له‌بینینی ڕۆڵی وه‌كاله‌ت بۆ لایه‌نه شه‌ڕكه‌ره جۆربه‌جۆره‌كان، جا ئیمپراتۆریا كۆنه‌كان بن یان ده‌وله‌ته هاوچه‌رخه‌كان. ئه‌مه‌ش چه‌ند پرسیارێكی گرنگ ده‌وروژێنێ، وه‌كو ئه‌وه‌ی: ئایا چ هه‌ڵومه‌رجێك وایكردووه كه ئه‌وان ڕۆڵی له‌مجۆره ببینن؟ بۆچی ئه‌وان خۆیان تووشی ئه‌مه ده‌كه‌ن؟ چۆن چاوه‌ڕوانی ده‌ستكه‌وتنی قازانج ده‌كه‌ن له‌م كاره‌دا؟ له‌كۆتاییشدا، ئایا ته‌رازووی ده‌ستكه‌وته‌كان وزیانه‌كانیان به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه چۆن بووه؟
با ئاوڕێك له‌مێژوو بده‌ینه‌وه؛ له‌و جه‌نگه به‌وه‌كاله‌تانه‌ی كه كوردان تیایاندا به‌شداربوون سێ شێواز یان حاله‌تی سه‌ره‌كی ده‌بینین: كاتێ كوردان به‌وه‌كاله‌ت شه‌ڕیانكردووه؛ یان بۆ حكومه‌ته‌كانیان بووه له‌دژی دوژمنی ناوه‌خۆیی یان ده‌ره‌كی. یانیش بۆ حكومه‌ته‌كانی هاوسێ بووه له‌دژی حكومه‌ته‌كانی خۆیان. هه‌ندێ جاریش بۆ هێزی هه‌رێمی ونێوده‌وله‌تی شه‌ڕیانكردووه له‌دژی حكومه‌ته‌كانیان یان ئه‌و هێزانه‌ی كه‌خاوه‌نی ده‌وله‌ت نین. هه‌رچه‌نده ئه‌م حاله‌تانه له‌وانه‌یه له‌یه‌كتر جیاواز بن، به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كانیان هه‌میشه وه‌كو یه‌ك وزانراون.
نمونه‌یه‌كی زووی حاله‌تی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌سواره‌ی حه‌میدی (كوردی)، كه له‌ساڵی 1890دا له‌لایه‌ن سوڵتان عه‌بدولحه‌مید دامه‌زراو تا شۆڕشی ساڵی 1908ی توركه لاوه‌كان، چاڵاك بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا كه ئیمپراتۆریای عوسمانی له‌سه‌رده‌می بێهێزی دابوو به‌جۆرێك دوژمنه‌كانی ده‌ستدرێژییان ده‌كرده سه‌ری، سوڵتان پێویستی به‌و سوارانه هه‌بوو كه له‌هۆزه كورده جیاوازه‌كان پێكهێنرابوون، بۆ شه‌ركردن دژی ڕوسیا‌و له‌گه‌ڵیشیدا ئه‌رمه‌نه‌كان.
بۆ ئه‌و كوردانه‌ی كه له‌نێو سواره‌ی حه‌میدی دابوون، ئه‌زموونه‌كه چه‌ند ده‌ره‌نجامێكی تێكه‌ڵی هه‌بوو: له‌لایه‌ك فێری خۆڕێكخستن وڕاهێنان وشه‌ڕكردنی كردن. له‌لایه‌كی تر بووه‌هۆی قووڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكی نێوان هۆزه‌كان وسه‌رۆكه‌كانیان. هه‌روه‌ها ده‌ره‌نجامێكی ناڕاسته‌وخۆشی هه‌بوو كه‌بریتی بوو له‌تێوه‌گلان له‌كێشه‌ی ئه‌رمه‌نه‌كان. دواتریش ئه‌تاتورك به‌ڵێنی ئۆتۆنۆمی به‌كوردان دا له‌به‌رامبه‌ر پشتیوانیكردنیان لێی له‌جه‌نگی سه‌ربه‌خۆیی. به‌ڵام دواتر نكوڵی له‌مه‌كرد.
نمونه‌ی هاوچه‌رخی سواره‌ی حه‌میدی بریتییه له (كۆروكوله‌ر/قه‌ره‌قوله‌ر) سیسته‌می پاسه‌وانی گوند كه دوای نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك (1985) له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیا بۆ دژایه‌تیكردنی هێزی گه‌شه‌سه‌ندووی په‌كه‌كه دامه‌زرا.( ) ئه‌مه واداندراوه كه هه‌روه‌كو تورك ده‌ڵێ: "بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كان كورده‌كان بكوژن" (Kurdu kurde kirdirmak) ئه‌مانه ژماره‌یان له‌نێوان (50- 90) هه‌زار بوو. ئه‌و پاسه‌وانانه كه تائێستا چاڵاكن، بایه‌خی ته‌كتیكی گرنگیان هه‌یه؛ چونكه ئه‌وان له‌لایه‌نی زمان ودانیشتووان وجوگرافیاوه ئاشنای هه‌رێمه‌كه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وان هاوشێوه‌ی له‌شكری ڕێكخراو چه‌كداركراون بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركێكی دیاریكراو. ئامانجی ڕانه‌گه‌یه‌نراوی پێكهێنانی قه‌ره‌قوله‌ر ئه‌وه‌بوو كه ڕێكخستنه هۆزایه‌تییه‌كان زیندووبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌پێناو كۆنترۆڵكردنی هۆزه‌كان وبه‌كارهێنانیان بۆ بنیادنانی پێكهاته‌یه‌كی هاوشێوه‌ی سواره‌ی حه‌میدی. ده‌ره‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه (قه‌ره‌قولار) سه‌ره‌ڕای مووچه‌ی به‌رز و ئه‌و سوودانه‌ی كه ئه‌ندامه‌كانی له‌حكومه‌تی توركیا وه‌ریده‌گرن، نه‌یتوانی به‌سه‌ر هێزی په‌كه‌كه‌دا زاڵبێ. ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیشی تووشی دابه‌شبوونكرد.
نمونه‌یه‌كی تری تێوه‌گلانی به‌وه‌كاله‌ت كه به‌ئامانجی "په‌رتكه‌و زاڵبه" بوو، ئه‌و هێزه پاشكۆیه كوردیه بوو كه‌ڕژێمی پاشایه‌تی عیراقی دایمه‌زراند. ئه‌وه‌ی كه‌ڕژێمی به‌عس له‌ژێر ناوی گاڵته‌ئامێزی "هێزه‌كانی سه‌لاحه‌ددین" ژیاندییه‌وه. به‌ئامانجی شه‌ڕكردن له‌دژی هێزه‌كانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، واته پێشمه‌رگه. ئه‌و هێزانه كه پێیانگوترا جاشه‌كان (كه‌ره‌كان)، سه‌لماندیان كه به‌ته‌واوی دڵسۆزی ڕژێمی به‌عس نین. چونكه چه‌ند جارێك لێیهه‌ڵگه‌ڕانه‌وه؛ به‌تایبه‌تی له‌سه‌روبه‌ندی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991ی كوردان، دوابه‌دوای ئۆپه‌راسیۆنی گه‌رده‌لولی بیابان.( )
نمونه‌ی حاله‌تی دووه‌م ئه‌و پشتیوانییه ده‌گرێته‌وه كه ئێران به‌شێوه‌یه‌كی پچڕپچڕ له‌نێوان ساڵانی (1960-1990) به‌خشییه دوو پارتی سه‌ره‌كی له‌كوردستانی عیراق – پارتی دیموكراتی كوردستان KDP ویه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان PUK – بۆ هه‌راسانكردنی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌به‌غدا. له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا پشتیوانی له (KDP) ئێرانی كرد بۆ دژایه‌تیكردنی كۆماری ئیسلامی ئێران.
نمونه‌یه‌كی تر پشتیوانی حافز ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا بوو له KDP و PUK له‌ساڵانی حه‌فتای سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌پێناو لاوازكردنی ڕژێمی به‌عسی ڕكابه‌ری له‌به‌غدا. كه‌مێك پاشتر ئه‌سه‌دی گه‌وره په‌ناگه‌و باره‌گای بۆ عه‌بدوللا ئۆجه‌لانی سه‌رۆكی په‌كه‌كه دابینكرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌دژی له‌شكری توركیا شه‌ڕ بكه‌ن. به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌و بارانه‌دا پشتیوانی ووڵاتانی دراوسێ گۆڕاو بووه شمشێرێكی دوو ده‌م بۆ كوردان، كاتێ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان نه‌گونجا؛ ئێران له‌ساڵی 1975 كوردانی فه‌رامۆشكرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێكبكه‌وێ. هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ش؛ ئه‌سه‌د له‌ژێر فشاری توركیا، له‌تشرینی یه‌كه‌می 1998 ئۆجه‌لانی له‌سوریا ده‌ركرد. دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م سوریا‌و توركیا (ڕێكه‌وتننامه‌ی ئه‌ده‌نه)یان واژۆكرد "له‌دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی په‌كه‌كه" كه ڕێگای خۆشكرد له‌به‌رده‌م "په‌ره‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌هه‌موو بواره‌كان".
گومان له‌وه‌دا نیه كه حكومه‌ته هه‌رێمییه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌و هێزه ده‌ره‌كییانه‌ش كه له‌هه‌رێمه‌كه‌دا هه‌بوونیان هه‌یه، كوردیان به‌شێوه‌یه‌كی فراوان به‌كارهێناوه، له‌خه‌باتیان دژی هه‌ندێ حكومه‌ت وهه‌ندێ هێزی بێ ده‌وله‌ت. دیارترین نمونه‌ش ئه‌و پشتیوانییه سێ قۆڵییه نهێنییه بوو كه له‌نێوان ساڵانی 1972- 1975 دا له‌كوردانی عیراق كرا له‌جه‌نگیان دژی به‌عس. ئێران، ئیسرائیل، له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كه به‌شداربوون له‌م پلانه‌دا، یه‌ك ئامانجی هاوبه‌شیان هه‌بوو، ئه‌ویش فشارخستنه‌سه‌ر ڕژێمی به‌عسی ڕادیكال بوو. به‌ڵام كاتێ له‌ئاداری 1975دا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان خواستیان كه له‌و كاته‌دا له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاشتبوونه‌وه بكرێ، هه‌ریه‌كه له‌ئێران و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كتوپڕ پشتیوانییه‌كانیان بۆ كورد وه‌ستاند. (سه‌باره‌ت به‌ئیسرائیلیش، حكومه‌ته‌كه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ركه‌وتنی كوردان هه‌بوو، نه‌ك ته‌نیا له لاوازكردنی به‌غدا. به‌ڵام نه‌یتوانی به‌رده‌وامی به‌یارمه‌تییه‌كانی بدا، چونكه ئیتر ڕێگه‌ی ئێرانی لێ‌گیرا، كه تاكه ڕێگه بوو بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تییه‌كانی).
نوێترین حاله‌تی ڕۆڵی به‌وه‌كاله‌تی كوردان، ئه‌و ڕۆڵه‌یه كه ئه‌وان ئه‌مڕۆ له‌شه‌ڕی داعش له‌هه‌ردوو به‌ره‌ی عیراق وسوریادا، ده‌یبینین. هه‌ر زوو دیاربوو كه نه‌ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و نه یه‌كێتی ئه‌وروپاش په‌رۆشن بۆ هه‌ناردنی هێزی زه‌مینی بۆ شه‌ڕی داعش. به‌ڵام نه‌شیان خۆیان له‌ده‌ره‌نجامگه‌له ناڕاسته‌وخۆكانی ئه‌م جه‌نگه به‌دووربگرن؛ چونكه هاووڵاتیانی ئه‌وان له‌لایه‌ن داعشه‌وه كرانه ئامانج. هه‌روه‌ها ئه‌وروپییه‌كان ڕووبه‌ڕووی لێشاوی په‌نابه‌ران بوونه‌وه كه هه‌وڵی ڕاكردنیان ده‌دا له‌ناوچه‌كانی جه‌نگ. ئیتر له‌ئاماده‌نه‌بوونی بژارده‌ی خه‌مڵیوی توركی بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی له‌سوریا، دووه‌م باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كه بریتی بوو له‌شێوازی جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تی كوردان، كه چاك تاقیكراوه‌ته‌وه.
له‌لایه‌نی عیراقه‌وه، هێزه كوردییه‌كان –پێشمه‌رگه- بوونه هێزێكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی. كاتێك له‌شكری عیراق له‌حوزه‌یرانی 2014 له‌هه‌مبه‌ر هێزی بچووكتر وناڕێكخراوی داعش، له‌موسڵ داڕما، پێشمه‌رگه به‌كارهێنرا بۆ وه‌ستاندنی هێرشی دڕندانه‌ی داعش و ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵكردنی ڕووبه‌رێكی گرنگی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك. ماوه‌یه‌كی كه‌م دواتر، داعش هێرشێكی تری توندوتیژی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردی ده‌ستپێكرد. به‌ڵام هێزه‌كوردییه‌كان به‌ریان پێ‌گرتن ونه‌یانهێشت بگه‌نه هه‌ولێر. له‌كاتێكدا ئه‌وان به‌م شێوه‌یه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌شنگال، ئه‌مه‌ش بووه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان له‌ئابی 2014دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، دواتر پێشمه‌رگه (به‌یارمه‌تی هێزه‌كانی كوردی سوریا) شنگالی گرته‌وه‌و هێڵێكی سنووری له‌هه‌مبه‌ر داعش پاراست كه بۆ هه‌زار كیلۆمه‌تر درێژده‌بۆوه.
نهێنی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه خۆی له‌و هاریكارییه‌دا ده‌بینێته‌وه كه له‌نێوان هێزه كوردییه‌كان له‌سه‌ر زه‌مین وهێزی سه‌ربازی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی به‌پشتیوانی ئاسمانی، له‌ئارادایه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه (هاوبه‌شه) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌نگی ساڵی 2003ی عیراق. له‌كاتێكدا كه حكومه‌تی ئاكه‌په‌ی توركیا ڕازی نه‌بوو هێزه‌كانی ئه‌مریكا بنكه‌ی ئاسمانی ئینجه‌رلیك به‌كاربهێنێ، ئه‌وه پێشمه‌رگه بوو كه‌ڕۆڵی به‌وه‌كاله‌تی بینی له‌ڕێی كۆنترۆڵكردنی هه‌موو باكووری عیراق. ئه‌مه‌ی كورد ئه‌نجامیدا بایه‌خێكی گرنگی بۆ له‌شكری ئه‌مریكا هه‌بوو، كه‌هێزی زه‌مینی له‌م به‌شه‌ی عیراقدا نه‌بوو. ئه‌وه‌تا ژماره‌كان خۆیان ده‌دوێن: له‌كاتێكدا كه له‌ساڵی (2003)وه زیاتر له‌چوار هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌عیراق ژیانیان له‌ده‌ستدا، هیچیان له‌هه‌رێمی كوردستاندا نه‌مردن.
جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تی كوردان له‌سوریا، به به‌راوورد له‌گه‌ڵ عیراق، زۆر ئاڵۆزتره. چونكه پێچه‌وانه‌ی كوردانی عیراق، كه ئه‌مریكییه‌كان ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌یانناسن (كه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ جه‌نگی كه‌نداو 1991)، كوردانی سوریا به‌پێی پێویست له‌واشنتۆن نه‌ناسراون. په‌یه‌ده‌و ڕێكخراوه سه‌ربازییه‌كانی (یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه)، ته‌نیا له (2012)وه هاتوونه‌ته‌پێش. كاتێك سێ كانتۆنی كوردی‌یان له‌باكووری سوریا كۆنترۆڵكرد وهه‌رێمێكی ئۆتۆنۆمییان دامه‌زراند كه به (ڕۆژاڤا) ناسرا. سه‌رباری ئه‌مه په‌یه‌ده لقێكه له په‌كه‌كه؛ مه‌یله ماركسی- لینینییه‌كه‌شی به‌باشی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوادا ناگونجێ.
له‌كاتێكدا كه‌سیاسه‌تی ئه‌مریكا هێشتا هیوای به ئۆپۆزسیۆنی سوریا بوو- ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی كه یارمه‌تی ڕێكخستنی درا به‌ڵام هه‌ر گرفتی ڕكابه‌رێتی له‌نێودا ماوه- بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی ڕژێمی ئه‌سه‌د، هه‌ر زوو زانرا كه ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه نه هاوتای ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌و نه هی جیهادییه‌كانیش. بێگومان هاوتای داعش‌یش نه‌بوو، ته‌نانه‌ت هی به‌ره‌ی نوسره‌ش كه وه‌كیلی قاعیده بوو له‌جه‌نگدا. ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕی له‌دژی داعش به‌رپاكرد، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه بوو. به‌ڵام به‌كارهێنانی ئه‌وانه له‌جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تدا له‌سوریا ئیداره‌ی سه‌رۆك ئۆباما‌و هاوپه‌یمانه‌كانی ڕووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك كرده‌وه: ده‌بوو پشتیوانی سه‌ربازییان بكات، به‌ڵام ئه‌مه له‌لایه‌ك دژی ئه‌جندای سیاسی‌یان بوو، له‌لایه‌كی تریش په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌شێواند.
توركیا به‌چاوی هاوپه‌یمانه‌كانی ناتۆی له‌مه‌سه‌له‌كه‌ی نه‌ده‌ڕوانی؛ سه‌ركرده توركه‌كان موجاده‌له‌یان ده‌كرد- به‌بێ به‌هانه‌ش نه‌بوو- كه ئه‌م پشتیوانییه بیانوو ده‌داته داعش بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ناوچه‌كه بسووتێنێ، هه‌روه‌ها داعش له‌دوای ڕژێمی ئه‌سه‌دی بكوژ دێت. بۆیه توركیا ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێ شوێنی دیاریكراوی شه‌ڕدا له سوریا‌و عیراق پشتیوانی نهێنی له‌داعش كرد.( ) توركیا به‌ته‌واوی په‌یه‌ده‌و باڵه‌سه‌ربازییه‌كه‌ی به‌دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆی دانا، ئه‌ویش به‌هۆی په‌یوه‌ندی به‌تینیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه. هه‌روه‌ها توركیا نه‌یده‌ویست قه‌واره‌یه‌كی كوردی تر له‌باشووری سنووره‌كه‌ی به‌رپاببێ، كه ده‌كرێ ببێته مۆدێلێك بۆ كوردانی توركیا‌و ده‌شێ له‌مه‌ودای دووریشدا ببێته هۆی یه‌كخستنی هێزه كوردییه‌كان له‌دژی توركیا.
له‌و باره‌دا ده‌بوو ڕۆژئاوا پێویستییه‌كه‌ی بۆ هێزی كارای كوردی له‌سه‌ر زه‌مین، بسازێنێ له‌گه‌ڵ ڕه‌زامه‌ندی توركیا له‌سه‌ر به‌كارهێنانی بنكه‌ی ئاسمانی ئینجه‌رلیك بۆ هێرشبردنه سه‌ر داعش. بۆیه وا پێویستی ده‌كرد كه خۆبه‌دوور بگرن له‌ناساندنی په‌یه‌ده وه‌كو ڕێكخراوێكی تیرۆریست وسه‌ره‌ڕای ناڕه‌زاییه‌كانی توركیا به‌رده‌وام بوون له‌پشتیوانیكردنی یه‌په‌گه. له‌هه‌مان كاتدا توانییان توركیا هێوربكه‌نه‌وه له‌ڕێی چاوپۆشین له‌هێرشه‌كانی دژی په‌كه‌كه له‌عیراق وتوركیادا.
ئه‌م سیاسه‌ته بۆ ماوه‌ی دوو مانگ – له‌ته‌مموزه‌وه تا ئه‌یلولی 2015- كاری كرد. ئیتر یاریكه‌رێكی ناسراو له‌و دیمه‌نه هه‌میشه ئاڵۆزه، سه‌رله‌نوێ به‌دیاركه‌وته‌وه. ئه‌ویش ڕژێمی ڕوسیا بوو كه‌بڕیاریدا له‌ڕێی هێرشی ئاسمانی فریای ڕژێمی ئه‌سه‌د بكه‌وێ له‌هه‌مبه‌ر نه‌یارانی. ئه‌مه سوریای كرده مه‌یدانێكی فراوانی شه‌ڕی سیاسی- سه‌ربازی كه تیایدا هێزه هه‌رێمی ونێوده‌وله‌تییه‌كان كێبڕكێیانه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی هه‌ژمون. هه‌روه‌ها شه‌ڕی به‌وه‌كاله‌تیش وه‌رچه‌رخانێكی نوێی به‌خۆوه‌بینی . مه‌به‌ستی ڕاگه‌یه‌ندراوی ڕوسیا شه‌ڕی داعش بوو، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئامانجی گروپه‌كانی تری ئۆپۆزسیۆن بوو له‌پاڵ هێزه جیهادییه‌كان. شه‌ڕی دژی داعشیشی بۆ كوردان جێهێشت.
ئه‌مه مه‌به‌ستی هه‌ریه‌كه له‌ڕوسیاو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بوو بۆ به‌كارهێنانی یه‌په‌گه له‌دژی داعش. په‌یه‌ده‌ش زیره‌كانه ئه‌م باره نوێیه‌ی به‌كارهێنا بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی باشی خۆی له‌بواری نێوده‌وله‌تیدا. به‌پێچه‌وانه‌ی په‌كه‌كه كه هه‌ر له‌لیستی تیرۆری ئه‌مریكا ویه‌كێتی ئه‌وروپادا مایه‌وه، ئه‌ندامانی په‌یه‌ده توانییان تا ئاستێك ڕه‌زامه‌ندی به‌ده‌ست بێنن. زیاتر له‌مه‌ش، كوردانی سوریا توانییان نوێنه‌رایه‌تی له‌مۆسكۆو هه‌ندێ ووڵاتی ئه‌وروپادا بكه‌نه‌وه. بێگومان ئه‌مه‌ش به‌دڵی توركه‌كان نه‌بوو، به‌ڵام تاكه ڕێگه بۆ لاوازكردنی په‌یه‌ده‌و تێكشكانی ڕۆژاڤا، ئه‌وه‌بوو كه توركیا ئه‌ركی شه‌ڕی دژی داعش بخاته ئه‌ستۆی خۆی.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ڕابردوو بده‌ینه‌وه، سه‌باره‌ت به ئه‌زمونیان له‌گه‌ڵ جه‌نگه به‌وه‌كاله‌ته‌كان، ده‌بینین كوردان له‌ماوه‌ی كورتدا قازانجیان كردووه. به‌ڵام له‌مه‌ودای دووردا به‌زۆری نه‌گبه‌تی بووه به به‌شیان. كوردان له‌توانایان دابووه زۆر له‌نه‌یارانیان شكست پێ‌بێنن و وه‌كو شه‌ڕكه‌رو سه‌ربازی لێهاتوو ناوبانگ ده‌ربكه‌ن. به‌ڵام به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ناكۆكی ناوه‌خۆیی و وابه‌سته‌یی بێزاركه‌رانه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان به ده‌وله‌ته‌كه‌ی خۆی، هه‌موو ئه‌مانه به‌فیڕۆچوون وبوونه خێر و "قوربانی" بۆ هاوسێكان. كه‌وایه بۆچی به‌رده‌وام ده‌بن له‌بینینی ئه‌م ڕۆڵه‌دا، ئێستا ده‌بێ چ په‌ندێك له‌مانه وه‌ربگرن، ئایا ئه‌مجاره ده‌ره‌نجامه‌كه بۆ كوردان باشتر ده‌بێ؟
له‌ڕواڵه‌تدا ئه‌م جه‌نگه به‌وه‌كاله‌ته‌ی ئێستا جیاوازه له‌وانه‌ی پێشوو، چونكه وه‌كو دیاره به‌رژه‌وه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی وه‌كیله‌كان وخاوه‌ن كاره‌كان له‌یه‌كتر نزیكترن. به‌لایه‌نی كه‌م له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌مجاره پشتیوانییه‌كه ئاشكرایه زیاتر له‌وه‌ی نهێنی بێ. ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌كورده‌كانه‌وه هه‌یه، دیاره ئێستا ئه‌وان له‌ئاستێكی به‌رزتری هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی ویه‌كڕیزی دان. كه ده‌بێته ڕێگه‌خۆشكه‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی حوكمڕانی خۆجێیی زیاتر و ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆییش. پێده‌چێ زلهێزه‌كانیش هه‌ڵوێستی خۆیان گۆڕیبێ. پشتیوانی ئاسمانی حكومه‌تی ئه‌مریكا كه بۆ هێزه كوردییه شه‌ڕكه‌ره‌كان دابینكرا له‌عیراق وسوریا، زۆر یه‌كلاییكه‌ره‌وه بوو. به‌جۆرێك كه به‌بێ ئه‌و پشتیوانییه هه‌ولێر وكۆبانی داگیرده‌كران. به‌هه‌مان شێوه ڕاهێنانی سه‌ربازی و هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌ره‌سته سه‌ربازییانه‌ی كه درانه هه‌ردوو هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كه، زۆر گرنگ بوون. كه‌وایه متمانه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی هاوبه‌ش هاتۆته‌ئاراوه، كه‌زیاتره له‌هه‌موو جاره‌كانی پێشووتر.
به‌ڵام گرفته‌كه لێره‌یه، كه ته‌نانه‌ت له‌ماوه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌ی ئێستای جه‌نگی به‌وه‌كاله‌تیشدا، سیاسه‌تی ئه‌مریكا ویه‌كێتی ئه‌وروپا به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك ڕێگه‌ی به‌نوێنه‌رانی كوردان نه‌داوه كه به‌شداری له‌و كۆنفرانسه نێوده‌وله‌تییانه بكه‌ن، كه بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ستراتیژی له‌ناوبردنی داعش یان دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ جه‌نگی ناوه‌خۆیی سوریا، ڕێكخراون. هه‌ر به‌و شێوه‌یه، ئه‌و چه‌كانه‌ی دراونه‌ته پێشمه‌رگه هه‌موو پێویستییه‌كانیان پڕناكه‌نه‌وه: چونكه چه‌كی قورسیان تێدانیه وه‌كو تانك وفڕۆكه - ئه‌و جۆره چه‌كانه‌ی كه سوپای عیراق بۆ داعشی به‌جێهێشت كاتێ موسڵی له‌ده‌ستدا- زیاتر له‌وه‌ش، بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌موو پشتیوانییه سه‌ربازییه‌كان بۆ پێشمه‌رگه له‌ڕێگه‌ی به‌غداوه ده‌نێردران، چونكه به‌غدا دژی ئه‌وه‌بوو كه‌ڕاسته‌وخۆ بۆ هه‌ولێر بنێردرێن. له‌سوریاش پشتیوانییه‌كان وه‌ها بوون كه دوور بوون له‌پڕكردنه‌وه‌ی پێویستی هێزه كوردییه‌كان.
له‌نوێترین گه‌ڕی ئه‌و ڕووداوانه‌ی جه‌نگی سوریا، چه‌ند شتێكی پێشبینیكراو ڕوویاندا؛ له‌وه‌ته‌ی جه‌نگ هه‌ڵگیرساوه، بۆ یه‌كه‌مجار توركیا (له‌كۆتایی ئابدا) هێزی سه‌ربازی خۆی ڕه‌وانه‌ی سوریا كرد، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێ هێزه‌كانی یه‌په‌گه شارۆچكه‌ی (جه‌رابلوس)ی سنووری له‌ده‌ستی داعش ڕزگار بكه‌ن. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی توركیا بریتی بوو له‌وه‌ستاندنی هه‌نگاوه‌كانی كوردانی سوریا به‌ره‌و دیفاكتۆی ئۆتۆنۆمی. به‌تایبه‌تی بۆ ڕێگه‌گرتن له به‌یه‌كه‌وه‌لكاندنی هه‌رسێ كانتۆنه كوردییه‌كه له‌سه‌ر سنووری توركیا. ئه‌نكه‌را ئه‌و ئۆتۆنۆمییه‌ی به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره دانا، بۆیه به‌خێرایی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕوسیا ئاساییكرده‌وه. ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه له‌ئه‌نجامی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه هێرشبه‌ره‌كه‌ی ڕوسیا له‌لایه‌ن توركیا (تشرینی دووه‌می 2015) تێكچووبوو. ئامانجێكی گرنگی ئه‌م ئاشتبوونه‌وه‌یه??